سەدیق سەعید ڕواندزی
ھەفت ساڵ زیاترە، سەیری ھیچ کام لە تیڤی و کەناڵە ئاسمانییەکان ناکەم و گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی، مەعریفە تەنێ لە نێو کتێب و دنیای خوێنەوەدایە، بۆیە سێ لە سەر چواری ژیانی ڕۆژانەم، بە کتێب و خوێندنەوە بە سەر دەبەم و ھیچ کات ئامادەنیم گوێ لە گفتوگۆی بە ناو ڕووناکبیرێک لە کەناڵێکی ئاسمانی بگرم، کە ڕۆژێک گۆڕانە، ڕۆژی دواتر نەوەی نوێ، ڕۆژی سێیەم پەسنی ئیبسلامییەکان دەدا یاخود بە دەنگی بەرز ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت و بڕوای وایە گەندەڵە، کەچی خۆی بە پلەی عەقید مووچەی حانەنشینی سەربازیی لە حکومەتە گەندەڵە وەردەگرێت ! ئامادە نیم کاتەکەم بۆ ھونەرمەندێکی نەناسراوی کورد، کە لە دە کەس نۆ کەس نایناسن تەرخان بکەم، کە لە ترسی ژنەکەی وازی لە گۆرانی گوتن ھێناوە، یان گوێ بدەمە گفتوگۆی بە ناو بیرمەندێک، کە بڕوای وایە ژنەکەی دەست و پێیەتی و ھەموو شتێکیەتی لە ژیان، ئەی ئەوانەی بە نموونە وەک من ژنیان نییە؟ دەبێ ناتەواو بن و مرۆڤ نەبن؟ ئەم جۆرە بەرنامە و گفتوگۆ بێ مانایانەی کەناڵەکان، شایەنی ئەوە نین ڕۆشنبیر کاتی خۆیانی پێ بە ھەدەر بدات. من بە سرووشت شەوان زۆر زوو دەنووم، ھەندێکجار کاتژمێر ھەشت بە تایبەتیش زستانان، ئەمە دەستووری خەوی ژیانی منە لە ھەر چوار وەرزەکەدا، کە ھیچ کام لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و چات و فەیسبووک و ئەم جۆرە پەیوەندییانەشم نییە تاکو تا بەرەبەیان لە سەر ھێڵ بم، بۆیە زوو دەنووم بە یانیانیش کاتژمێر پێنچ لە خەو ھەڵدەستم. دوای ھەستانم، دەچمە ژوورەکەم و یەک بە یەک تۆزی سەر کتێبەکانی نێو کتێبخانەکەم دەتەکێنم و پاشان دەست بە خوێندنەوە دەکەم، تا ئەو کاتەی برسی دەبم و ئینجا چایەک ئامادە دەکەم و نان دەخۆم، بێ ئەوەی دایکم و خوشکەکەم لە خەو بکەم . تەنانەت گەر دەوامی قوتابخانەشم ھەبێت و دەڵێم بۆچی ئەوان لە خەو بکەم لە کاتێکدا خۆم بە ئاگام؟ مەگەر ژن خزمەتکاری پیاوە؟ ئیدی ئەمە بەرنامەی ڕۆژانەی ژیانی منە و ھەر کتێبێک نۆرەی ھاتبێت دەیخوێنمەوە و ھەندێ جاریش لە سەر داخوازی نووسەران و ھاوڕێیان، ڕێزبەندییەکە دەگۆڕم چونکە لوتف دەنوێنن کە کتێبەکەیان زوو بخوێنمەوە و گەر سەرنجێکم ھەبێت، بۆیانی بنووسم. لە ماوەی ھەفتەی ڕابردوودا، دووکتێبی دکتۆر (کەمال میراودەلی)م خوێندنەوە بە ناوەکانی:( فەلسەفەی ئەز و ئەریکۆلۆژی فۆکۆ) ئەم دوو کتێبە، بە زمانێکی کوردییانەی یەکجار جوان و ڕەوان نووسراون و ھەوڵێکی سەرکەوتووانەی بە کوردیکردن و کورداندنی فەلسەفەن و ئاماژەیەکی گرنگن بەوەی کە زمانی کوردی لەو زمانانەیە، دەتوانێت لە فەلسەفە بدوێت . لە نێوەندی ئەدەبی کوردیا، گەلێک نووسەر و ھەوڵی ناساندنی کاری فەلسەفیانە ھەن و دەبینرێن، بەڵام بەدەگمەن ئەو کارانە، لە ڕووی بابەتی و زمانییەوە دەتوانن فەلسەفە لە خوێنەری کورد کە تەنھا زمانی کوردی دەزانێت بگەیەنن، بۆیە ئەم دوو کتێبە، بە زمانێکی جوان و ڕەوان، بابەتەکانی خود و ڕەھەندە فەلسەفییەکانی فۆکۆ باس دەکات و دوای تەواوبوونیان، ھەست دەکەی زانیارییەکی زۆرت لە بارەی بە نموونە فۆکۆ، دەست کەوتووە، پێچەوانەی ئەوانەی سەدان لاپەڕەی لە سەر دەنووسن، بێ ئەوەی دواجار تێمان بگەیەنن فۆکۆ کێیە و کارەکانی چین؟ بۆیە ئەوەی لە کتێبەوە دەست دەکەوێت، مەحاڵە لە بەرنامەی پێشکەشکارێکی نەخوێندەوار و دەستت بکەوێت، کە لە خولەکێکدا دەیان جار لە بێ مەعریفەی زمانی وشەی (باشە باشە) بەکار دێنێت! کەواتا تا کتێب ھەبێت، من چۆن ئامادە گوێ لە بەرنامەی نێرێک بگرم، کە سنگی ژنان بە شووتی و لیمۆ دەچوێنێت ! چۆن گوێ لە پێشکەشکارێکی سەر ڕووتی ھەواَلەکانی کەناڵێک دەگرم، کە مووچەکەی دە بارتەقای مووچەی منە، کە سی ساڵە مامۆستام. ئەو کەناڵ و تیڤییانەی بە پارەی نەوت و داھاتی ئەو میللەتە پەخش دەکرێن، نەک ھەر نابێ سەیر بکرێن، بەڵکو دەبێ بایکۆتیش بکرێن. کۆمەڵگەی ئێمە، خراپ ئاڵوودەی شاشە بە ھەموو جۆرەکانییەوە بووە، شاشەش جۆرە خوێنەرێکی ڕاگوزە ر و تێپەڕو بیرنەکەرەوە دروست دەکات، بۆیە ھوشیار نابێتەوە. بە کولتوریکردنی خوێندنەوە، ھەنگاوەکانی ھوشیاربوونەوەی کۆمەڵگە، مەعریفەی ڕاستەقینە لە نێو کتێب دایە، نەک بەرنامە بێ ماناکانی تیڤییەکان، کە فۆکسیان ھەر لە سەر کەباب و زەڵاتە و کوڵیچە و شیرینی و پرسیاری کەسی بێ مانایە !
ڕواندز































































سەدیق سەعید ڕواندزی





Discussion about this post