ھونەرمەند (بەدەرەدین بابەکر نەجم)، لە ساڵی ١٩٨٠ ھاتۆتە نێو دونیاری ھونەری موزیک زیاتر لە (٤٦) ساڵە خزمەت بە ھونەری کوردی دەکات ، ئەندامی بەشی موزیکی لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانە، ئەندامی کارای چەندین تیپی موزیکی بووە وەکو(تیپی موزیکی گوڵان،تیپی ھەولێر، گروپی ڕەسەن، تیپی کەلەپووری ،تیپی قەڵاومنارە،تیپی رۆشنبیری تورکمانی..) لەکوردستان بەشداری چەندین کۆنسێرت کردوە لە دەرەوەی کوردستان لە وڵاتانی (ئەڵمانیا،ھۆڵەندا،فیلندا،بولگاریا،یۆنان ،نەمسا،ئیسپانیا، سلۆفاکیا،تورکیا،ئێران ، لوبنان ،ئوردن..) بەشداری چەندین کۆنسێرتی کردووە، ھەروەھا چەندین ئاوازی بۆ سروود و گۆرانی داناوە لە تیپی ھونەرە مللیەکانیش چەندین ئاوازی داناوەو دابەش کردنی بۆ کردوون ئێمە لە نزیکەوە بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
* پێمان باشە سەرەتا باس لە چیرۆکی ئاشنا بوونت بە ھونەری موزیک بۆ خوێنەرامان بکەیت؟
– سەرەتای ئاشنا بوونم بەھونەری موزیک دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی رابردوو جگە لەوەش، لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایم لە قوتابخانە گرنکی زۆر دەدرا بە وانەی ھونەری لەوێ فێری سروودە نیشتمانیەکانیان دەکراین، وە ھەروھا لە بنەماڵە کەشمان خولیای ھونەر ھەبوو، وە کو خوالێی خۆشبێت (مام حاجی مجید نجم ) کە بە (مامکۆ) ناسرابوو وەک شانۆکارێک لە سەرە تای حەفتاکان رۆڵی بە ر چاوی ھە بووە لە شاری ھەولێر ھەوەروھا مامۆستا نەجمەدینی براگەوەم کە پێش من دەستی بە کاری ھونەری کردبوو زیاتر ئەمیش ھاوکارم بوو بۆ ئەوەی بێمە ناو دونیای موزیک .. نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێت کە لەسەردەمی ئێمەدا فێرگەی زۆر باشی ھونەری ھەبوو خوولی ھونەری بۆ ھەموو بەشە ھونەرییەکان بەخۆڕایی لە چالاکی قوتابخانەکان و کۆشکی ھونەر دەکراییەوە گرنگی زۆر بەئارەزوو مەندانی ھونەر دەدرا..ئێمەش بەشداری کارامان دەکرد.. بەم شێوەیە تێکەڵاوی ھونەری موزیک بووین.
* کێ بوون ئەوانەی کە بەھرەی تۆیان دۆزییەوە؟
– بۆ یەکەم جار خوولێکی موزیک لە کۆشکی ھونەر لەسەردەستی مامۆستای نەمر (شێرزاد حوزێری) کرایەو من وەک قوتابییەک بەشداری ئەو خوولەم کرد . لە دوای تاقیکردەوە توانیم سەرکەوتن بەدەست بھێنم بۆیە زۆر سوپاسی دەکەم ھەر لەوێ لەسەر دەستی مامۆستایان (نەجمەدین بابەکر ، زوھێر تەحسین ) فێری ئەلف و بێی موزیک بووم زۆر ھاوکاروم بوون ھەر لەو خوولە توانیم ئامێری عودم بژەنم لێردا زۆر سوپاسیان دەکەم.
*کامە ئامێری موزکیت زیاتری لەلای خۆشەویستە؟ وەکو دیارە ئێوە چەندین ئامێری موزیکی دەژنن؟
– ئەوەی راستی بێت ھەموو ئامێرەکانی موزیک سۆزی تایبەتی خۆی ھەیە چێژ دەبخشن بەگوێچکەی مرۆڤدا، بەڵام لای من ئامێری عود زیاتر خۆشەویستە ئەو ئامێرە یەکێکە لە کۆنترین و ناسراوترین ئامێرەکانی موزیک لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و کوردستان زۆرکەسیش بە پاشای ئامێرەکانی رۆژ ھەڵاتی ناوزەند دەکەن ..عود لە نێو مۆسیقای کوردی شوێنێکی زۆر گرنگی ھەیە بەتایبەتی بۆ مۆسیقای کلاسیکی کوردی و مقامە کوردییەکان و گۆرانییە خەمگینەکان و ھەستیارەکان بەجۆرێک ھەست و سۆزی زۆری تێدایە.. من جگە لە عود ئامێری جەمبوش و درماس و ریتم شارەزایەکی باشم ھەیە لە گەڵ زۆرێک لە تیپەکان توانیتم بە سەرکەوتووی ئەم ئامێرانەش بژەنم.
*خوێندنەوەی نۆتە بۆ ژەنیار تا چەند گرنگە؟ مەرجە ژەنیار بزانێت نۆتە بخوێنێتەوە؟
– بەڵێ نۆتەی مۆسیقا گرنگە بۆ فێربوونی ژەنیار، یارمەتیت دەدات ئاوازەکان بە شێَََوەیەکی دروست بژە نیت، ڕیتم و خێرایی بناسیت لەگەڵ ژەنیارەکانیتر کار بکەیت،بەجۆرێک پارچە مۆسیقاکان ئاسانتر لەبیرت بمێنن نۆتەی مۆسیقا وەک پیت و وشەی زمانە ھەر وەک چۆن بە پیت دەتوانیت کتێب بخوێنیت، بە نۆتەش دەتوانیت مۆسیقا بخوێنیت، بەڵام زۆر ژەنیاریش ھەیە سەرەتا بە گوێگرتن و ڤیدیۆ فێردەبن توانای زۆرباشیان ھەیە لەگەڵ گروپە ھونەرییەکان کاری ھونەری ئەنجام دەدەن ژەنیاری بەتوانان و کاری لایڤ میوزکیش دەکەن.
*چەندین فۆرمی موزیکی کوردی ھەن چۆن دەتوانیین پەرە بەو فۆرەمە موزیکیان بدەین بۆ ئەوەی بگات بە ئاستی موزیکی جیھانی؟
– فۆرمەکانی مۆسیقای کوردی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین مۆسیقا ناوخۆییەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست چونکە ھەڵگری مێژوویەکی درێژ زمانێکی دەوڵەمەند و فۆلکلۆری جیاوازە، بەڵام ھێشتا لە ئاستی جیھانی وەک پێویست ناسراو نەبووە ..بۆ گەیشتن بەئاستی موزیکی جیھانی ،پێویستە فۆرمە جیاوازەکانی مۆسیقای کوردی نوێ بکرێنەوە و بە شێوازێکی مۆدێرن پێشکەش بکرێن لە ھەمان کاتدا دروستکردنی ئۆرکێسترای کوردی پرۆفیشناڵ و ھاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ مۆسیقارە جیھانییەکان لەگەڵ بەکارھێنانی نۆتەی مۆسیقای نێودەوڵەتی و مۆسیقای مۆدێرن و پاپی کوردی بەجۆرێک بێت کەپاراستنی ناسنامەی کوردی لەخۆبگرێت، واتە ڕۆحی موزیکی کوردی پارێزراوێت و تەنھا کۆپی مۆسیقای بیانی نەبێت.
مۆدێرنکردنی ئامێر و ریتم وە تێکەڵ کردنی ئامێرە کوردییەکان و ئامێرە رۆژئاواییەکان وەک پیانۆ گیتار و ئامێرە فودارەکان لەگەڵ ئەمەشدا مۆسیقای کوردی ھەموو ئەو تایبەتمەندییانەی ھەیە کە ببێتە مۆسیقایەکی جیھانی چونکە ھەڵگری مێژوو، ھەست و ناسنامەیەکی دەوڵەمەندە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاستی جیھانی، پێویستە تەکنەلۆجیا بەکاربھێندرێت فێرکاری نوێ پەرە پێ بدرێت وپشتگیری دارایی و میدیایی ھەبێت وە مۆسیقا بە شێوازێکی مۆدێرن پێشکەش بکرێت ئەگەر ئەم ھەنگاوانە جێبەجێ بکرێن دەتوانرێت مۆسیقای کوردی لە داھاتوودا شوێنێکی گرنگی لە نێو مۆسیقای جیھاندا ھەبێت .
*ئەو کەمووکوڕیانە چین کە لە نێو موزیکی کوردیدا ھەن ؟
– ھونەری کوردی بە گشتی بەشێکی گرنگە لە کەلتوور و ناسنامەی گەلی کورد چونکە ھونەر وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ھەست مێژوو و ژیانی کۆمەڵایەتی بەکاردێت بەڵام، وەک ھەر ھونەرێکی دیکە ھونەری کوردیش ھەندێک کەمووکوری و گرفت ھەیە کە کاریگەری لەسەر پێشکەوتن و گەشەکردنی داناوە.
یەکێک لە گرنگترین کەمووکورییەکان کەمی پشتگیریی دارایی و ھونەرییە زۆرێک لە ھونەرمەندانی کورد بەبێ ھاوکاری و پشتگیریی پێویست بەرھەمەکانیان پێشکەش دەکەن ئەمەش وای کردووە ھەندێک بەرھەمی ھونەری بە ئاستێکی باش پێشکەش نەکرێن ،کێشەیەکی دیکە بریتییە لە کەمی دامەزراوە و پەیمانگاکانی فێرکردنی ھونەر لە ھەندێک ناوچەدا خوێندنی ھونەر بە شێوەی ئەکادیمی بەھێز نییە، بۆیە ھەندێک ھونەرمەند بە شێوەی سادە و بە ئەزموونی تایبەتی فێر دەبن. ھەروەھا، ھەندێک جار تەنھا جۆرێکی دیاریکراوی ھونەر پشتگیری دەکرێت و جۆرەکانی دیکە وەک شانۆ، وێنەکێشان یان مۆسیقای نەریتی گرنگیی پێویست نادرێت. ئەمەش بووەتە ھۆی لاوازبوونی ھەندێک بوار لە ھونەری کوردی.
لە لایەکی دیکەوە کۆپیکردن و دووبارەکردنەوەی شێوازەکان بەبێ داھێنانیش یەکێکە لە کێشەکان، ھەندێک ھونەرمەند زیاتر ھەوڵ دەدەن شێوازی کەسانی دیکە دووبارە بکەنەوە لەجیاتی ئەوەی شتێکی نوێ و داھێنەرانە پێشکەش بکەن.ھونەری کوردی ھەرچەندە دەوڵەمەند وپڕ ئەزموونە، بەڵام بۆ پێشڤەچوونی زیاتر پێویستی بە پشتگیریی وگرنگیدان بە خوێندنی ھونەر و ھاندانی داھێنەران بکرێت، تاکو بتوانێت لە ئاستێکی باشتردا گەشە بکات.
*باشە وەکو ھونەرمەندێک ئاستی گورانی و موزیکی کوردی چۆن دەبینیت؟
– لەو سەردەمەی ئێستا ھونەری مۆسیقای کوردی ھەندێک پێشڤەچوونی باشی کردووە بەڵام ھەندێک کێشەش ھەیە واتە نە زۆر باشە نە زۆریش خەراپە لە ئێستادا چەندین گەنج لە نێو موزیکی کوردی شوێن پەنجەیان دیارە لە رووی مۆسیقا ستۆدیۆ و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە بەھۆی سۆسیال میدیا بەھەرمی باش بڵاودەکەنەوە چەندین ھونەرمەندی موزیکی و گۆرانیبێژی ئەکادیمی بوونیان ھەیە کاری زۆر باشیان کردوە چ لە کوردستان یاخود لە دەرەوەی کوردستان، بەڵام کێشەی تریش ھەن بۆ نموونە ھەندێک گۆرانیبێژ تەنھا بۆ ترێند گۆرانی دەڵێن بەجۆرێک ھەندێ گۆرانی لە رووی تێکست و ئاواز و دەنگەوە زۆر لاوازن..لەلایەکی تریشەوە ھەندێ گۆرانیبێژ لەرێگەی کۆمپیوتەر و کۆپیکردنی ئاوازی تورکی یان عەرەبی یان فارسی کاردەکەن ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر گۆرانی کوردی دروست کردوە .








































































Discussion about this post