سەدیق سەعید ڕواندزی
یەکێک لە بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤ ئازادی کەسییە، کە لەو سنوورە کۆتایی دێت، کە ئازادی بەرانبەرەکەی دەست پێ دەکات . بۆیە ئازادی کەسی، بەشێکە لەو ماف و بەخششەی تاک و پەیوەندی بە شوناس و بوونی کەسییانەی خۆیەوە ھەیە و بۆ ھیچ کەسێک نییە سنوورەکەی ببەزێنێت، یان تێڕوانینێکی تایبەتی و کەسییانەی خۆی بگشتێنی بەرانبەر بە ھەمووان، چونکە مرۆڤەکان لە سەر بنەمای ئازادی و ناسنامەی تایبەتی جیان لە یەکتری، لە ڕووی بیروڕاو ھەڵوێست و ھەموو پرسێک. کەچی لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا و لە میانەی نووسین و دەربڕینی ھەڵوێست و یان قسەکردن لە سەر دیاردە و ڕووداوێکی نێو کۆمەڵگە، بە داخەوە بە ئاسانی ئەو سنوورە ئازادییە کەسییە پێشێل دەکرێت و جۆرێک لە گشتاندنی کۆمەڵی بۆ ھەموو کۆمەڵگە و نەتەوە دەکرێت، کە پێشێلکارییەکی زەقە و سەپاندنی بۆچوونی تایبەتییەو ھەوڵدانە بۆ لە قاوغدانی کۆی کۆمەڵگە بەو دیدگا کەسییە. گەلێک جار، لە میانەی نووسین و قسەکردن لە سەر پرس و بابەتێکدا، ڕووبەڕووی ئەو دیدگا کەسییە دەبینەوە، وەک ئەوەی دەگوترێت:_( کورد ڕەفتاری کەوی ھەیە ) یان ( کورد حەزی لە پاشکۆیەتی و جاشایەتییە) یان (کورد میللەتێکە بیر ناکاتەوە و سگی تێر بێت بەسە) یاخود باوەڕیان بە مافەکانی (ژن نییەو ژن کوژن) بەڵام ئایا ھەموو کورد وان تۆ بڵێ ھەموو تاکێکی کورد، وەک کەو ڕەفتار بکات و ناپاکی لە ھاوڕێکانی بکات و بیانخاتە تەڵەوە؟ تۆ بڵێی ھەموو پیاوی کورد، وەک یەک ژن ببینن و باوەڕیان بە مافەکانی نەبێت؟ بێگومان بەڕەھایی نەخێر ! مەگەر تۆ بە قووڵی و بەرمەبنای ھەڵسانگاندنێکی وردی کۆمەڵناسییانەی کۆمەڵگە، گەیشتوویەتە ئەم بڕیارە؟ کەواتا کێ ئەو ماف و دەسەڵاتەی پێ داوی بە ناوی ھەر ھەموومان قسە بکەیت و کردەوەیەکی نەگونجاو ڕەفتارێکی لادارەنەی تاکێک بکەیتە ھی ھەموو کۆمەڵگە و بیگشتێنی بە سەر ھەمووماندا ؟ لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ھەڵەیە و نابێ ئازادی کەسی تاکەکان پێشێل بکەین، ئەوەی دەکرێت ھەموو کورد نایکات، تا ھەمووان بخەینە یەک تای تەرازووە و بەڵکو ھەر ھەندێکیانن! کەواتا باشتر وایە بە زمانی ھەموو نەتەوە نەدوێین و بوارێک بۆ جیاوازکەوتنەوە بھیڵێنەوە و ھەر تاکێک سەربەست بێت لەوەی کە بیرو ڕای کەسییانەی خۆی ھەبێت و کەسمان لە بری کەس قسە نەکەین و ئازادی ئەو بە ئازادی خۆمان نەزانین تا سەربەست بین لەوەی چیمان مەبەست بێت بیڵێین !
*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە٩٦٦٧) لە ٢/٦/٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە.








































































Discussion about this post