سەدیق سەعید ڕواندزی
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، مرۆڤەکان بۆ خۆیان ناژین ، بەڵکو بۆ ئەوانیتر دەژین، بۆیە تاکەکان ئەوەندەی لە ھەوڵی ئەوەدان، سازش بۆ بەرانبەرەکەیان بکەن و ڕازیان بکەن و لە چاوی ئەوان نۆرماڵ و جیاوازا دەربکەون، ئەوەندە بەلایانەوە گرنگ نییە چۆن دەژین، وەک ئەوەی لە خۆرئاوا ھەیە. کەسێک لە بنەڕەتدا لووتی ھیچ کێشەیەکی بۆ خۆی نییە، بەڵام ئەوانیتر پێیان جوان نییە، ئیدی جوانکاری لووتی دەکات، تا لە چاوی ئەوان جوانتر دەربکەوێت، نەک خۆی ! لەو ڕۆژانەدا، بە ھۆی دەرچوونیان بە پلەی یەکەم لە ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی دوانزە، دوو کچ بوونە ( ترێند _ باو) لە سۆنگەی قسەکردن و پۆشاک و چۆنیەتی دەرکەوتیان لە شاشەکانی تیڤییەکانەوە، کە یەکێکیان بە عەشایر، ئەویتریشیان بە موسەقەف، بە زمانی کۆمەڵگە وێناکران و لەو پەراوێزەشەوە، سەدان کۆمێنت و پۆست و دەڕبرینی شیاو و نەشیاو، ئاراستەی ئەو دوو کچە خنجیلانەیە کرا و پەسن و ڕەخنە باران کران. بێگومان ئەمە وایکرد، فۆکسی ئێمە لە سەر تواناو لێھاتووی ئەوان و پێشەنگبووینیان لە خوێندن و دەرچوونیان بەو ئاستە بەرزە لا بچێت و بیر لە پۆشاک و چۆنیەتی دەرکەوتیان بکەینەوە کە یەکجار ھەڵەیە. مرۆڤ ئازادە لەوەی چی دەپۆشیت، چۆن خۆی دەنوێنێت و قسە دەکات، تا ئەو ئاستەی ماف و ئازادی بەرانبەرەکەی پێشێل ناکات و غرورێکی کەسی نایگرێت، ئیدی چی لە بەر کردووە، لەگەڵ دایکی خۆشی دەردەبڕێت، چەپڵە لێ دەدات، دایکی چۆنە، دەبێ ئێمە تێبگەین ئەمانە لە تایبەتمەندی کەسەکانە بۆ ئێمە نییە بچینە ناوی .
ڕەگەزی مێ بەگشتی و لە نێویشیاندا کچان بە تایبەتی، ھەمیشە ڕۆمانسیتر، ناسکتر و نەرم و نیانتر دەردەکەون و خۆیان دەنوێنن لە میانەی قسەکردن و زمانی دەربڕین و ئاماژەدا. ئەمە پەیوەندی بەو جیاوازییە بایۆلۆژیی و سایکۆلۆژییەوە ھەیە، کە ھەردوو ڕەگەزەکە لە یەکتری جیا دەکاتەوە، کاتێ کچێک بەناسکی و نازەوە قسە دەکات، ڕەنگە خۆپەسندان و خۆگەورەیی نمایش نەکات و خۆی وەک موسەقەف پیشان نەدات، وەک ئەوەی ئەوانیتر تێی گەیشتوون، بە ھەمان شێوە کاتێ کچێکیش بە ھێمنی و جۆرێک لە میللی و کۆمەڵایەتییەوە قسە دەکات، عەشابیر نییە، ئەوەی گرنگە عەشایر و موسەقەفبوون نییە، بەڵکو ئەتەکێتی قسەکردن و خۆنواندنە وەک ئەوەی کە ھەیە، نەک وەک ئەوەی ئەوانیتر دەیانەوێت، چونکە ئێمە دەبێ تێبگەین بۆ خۆمان دەژین، ئازادی کەسەکان ھی خۆیانە، نابێ لەو پەراوێزە بریندار بکرێن و پۆلێن بکرێن ! کێ ئەو مافەی بۆ تۆ داوە، ناسنامەی ڕۆشنبیریی و عەشاییربوون ببەخشییەوە؟ ئەوە گرنگە مرۆڤ ماف و ئازادی ئەوانیتر پێشێل نەکات، ئیدی چۆن دەردەکەوێت، شانێکی ڕووتە، یان لاری کردۆتەوە کەی گرفتی تۆیە؟ گەر ئارەزوو دەکەی تۆ دەتوانی شانت لار نەکەیتەوە، یان چۆنت بوێت وەھا دەربکەویت.









































































Discussion about this post