کامەران حاجی ئەلیاس
بە شێوەیەکی گشتی سازدانی ھەر فیستیڤاڵێکی ھونەری بێت یاخود ئەدەبی، ھۆکاری سەرەکی لە ئەنجام دانی فیستڤاڵ دەگەڕێتەوە بۆ دەست نیانیشانکردن و پێناسەکردنی کۆمەڵگای شوێنەکە جگە لەوەی دیاردەیەکی رۆشنبیری و ھونەرییە لە ھەمان کاتدا چەندین بیرۆکە و روانگە و داھێنانی نوێ لە خۆدەگرێت سازدانی ھەر جۆرە فیستڤاڵێکیش لە گەیاندنی پەیامەکەی دا کاریگەری خۆی دەبێت جوڵەیەکی ئەدەبی و ھونەری لەو وڵاتەدا دورست دەبێت .
سازدانی فیستیڤاڵ لە ھەر بوارێکی ھونەری ، ئەدەبی ، کلتوری.. روداوێکی سادەو ئاسان نیە تەنیا بۆنەیەکی ئاھەنگی بێبەھا نیە یان بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی نیە بەڵکو کاریگەری رۆشنبیری و مێژووی خۆی ھەیە، پرۆسەیەکی ھونەری و نیشتمانیە بۆ ئەو وڵاتەی کە فیستیڤاڵی لێ سازدەکرێت لە ھەمان کاتدا یەکێکە لەو چەکە جیھانیانەی کە دەتواندرێت رۆشنبیری لە جیھاندا بڵاوبکاتەوە کۆکردنەوەی رۆشنبیران و ھونەرمەندان لەھەموو لایەک دەبێتە ھۆی ئاڵگۆرکردنی ئەزموونی یەکتری لە ھەموو بوارەکان دەبێتە ھۆی راکێشانی گەشتیاران بۆ وڵاتەکە.
بۆ سەرکەوتنی ھەر فیستڤاڵێک لە ھەر بوارێکدا بێت ئامانج لە سازکردنی خاڵێکی سەرەکییە ، بۆیەپێویستی بە کەسانی شاراز و پسپۆر و لێھاتوو ھەیە بە جۆرێک ئەو کەسانە لەسەر بنەمای زانستی ، پرۆتۆکۆڵی ، بە چەند ھەنگاوێک ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن یەکەم ھەنگاویش وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بریتیە لە (ئامانج) واتە دەبێ چەند ئامانجێک ھەبێت لەسازدانی فیستیڤاڵ ئەنجا دیارکردنی بودجەیەکی شایستە پێویستە بۆ بەرێوەبەردنی فیستیڤاڵەکەیە پاشان دیارکردنی شوێن و کاتی فیستیڤاڵ بەجۆرێک بێت کە بە وردی خوێندوەی بۆ بکرێت ھەر لە دەستنیشان کردنی کاتی چالاکی وەکو شەو رۆژ وەرز و پشووەکان کە کاریگەری پۆزەتیفی لەسەر فیستیڤاڵەکە ھەبێت دوایی و ئەو گروپ و تیپانەی کە بانگێشت دەکرێن لەسەر چ بنەمایەک دەستنیشان دەکرێن لە ھەمان کاتدا ئەو کەسانەی کە وەکو میوان بانگێشتی فیستیڤاڵ دەکرێن ، بۆ ئەمەش دەبێت لە سەربنەمای چەند پێوەرێک بێت کە لە خزمەتی فیستڤاڵەکەدا بن نەوەک لەسەر بنەمای پەیوەندی کەسی و بەرژەوەندی بێت،کە بەداخەوە زۆر لەو فیستیڤاڵانەی لای خۆمان سازدەکرێن لەسەر ئەو بنەماییەن.
ناونیشانی فیستیڤاڵ زۆرێک لە فیستیڤاڵەکان ناونیشانی جیھانی یاخود نێودەوڵەتی لە خۆدەگرن بێ ئەوەی مەرجی نێودەوڵەتی لە نێو فیستیڤاڵەکە بوونی ھەبێت بۆ ئەمە چەندین مەرج ھەن بۆ ئەوەی ناونیشانی نێودەوڵەتی لە فیستڤاڵەکان بنرێت وەکو بەشدار بوونی چەندین کارکتەری جیھانی و تیپی ھونەری جیھانی وەنمایشەکانی بۆ یەکەمینجار لە فیستیڤاڵەکە نمایش کرابن لەھەمان کات دا بەشێکی زۆر لە ئاژانسەکانی جیھانی ھەواڵ و راپۆرت لەسەر فیستیڤاڵەکان بڵاوبکەنەوە ئەنجا فیستیڤاڵی ئەدەبی بێت یاخود ھونەری (سینەما،موزیک وگۆرانی ،شانۆ ، شێوەکاری) بێت.
لێرەدا ئەوەی من دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر سازدانی فیستیڤاڵەکانی شانۆییەکەلەھەرێمی کوردستان دا ساز دراون یان ئەوانەی سازدە دەکرێن وەکو سەرەتا سازدانی فیستیڤاڵەکانی شانۆ بەگرنگی دەزانم بۆ پێشڤەچوونی جوڵەی شانۆ لە کوردستان چونکە لە رێگەی فیستیڤاڵ و نمایشەکان شانۆکاری کوردی سوود لە ئەزموونی شانۆکارانی دەرەوەی وەردەگرن ،وە بەپێچەوانەش دەتواندرێت ئاستی شانۆی کوردیش پیشانی شانۆکارانی دەرەوەی کوردستان بدەین چ لە توانستی ئەکتەری کورد یان لە رووی دەرھێنان یاخود سینۆگرۆفیا بێت یاخود تێکستی کوردی چونکە من لە وباوەڕەدام کە ئێمە چەندین نووسەری شانۆیی بە توانامان ھەن.. لە ھەمان کات دا فیستیڤاڵ بۆ بینەرانیش زۆر گرنگە بەوپێییەی بینەر ھاوکێشەیەک و لایەنێکی گرنگی سەرکەوتنی فیستیڤاڵەکانە.
لە فیستیڤاڵەکان دا جگە لە نمایشە شانۆییەکان چەندین ۆرک شۆپ و کۆرو سیمناری رەخنەیی ئەنجام دەدەرێت وە چەندین کتێب و گۆڤار و بڵاوکراوە تایبەت بە شانۆ چاپ و بڵاودەکرێنەوە. جیاوازی نمایشی شانۆ لەگەڵ ھونەرەکاتی جگە لەوەی زۆرێک لە ھونەرەکان و رەگەزی ئەدەبی لە خۆ دەگرێت لە ھەمان کاتدا لەرێگەی ئەکتەرەوە راستەوخۆ تێکەڵ بە بینەران دەبێت ھەر لەبەر ئەو گرنگییەی ئەم ھونەرەوە نووسەری دیاری جیھانی ولیلیام جۆن شکسپیردەڵێت “ژیان بریتییە لە شانۆییەکی گەورە ھەموو ژن و پیاوەکانیش ئەکتەرن لەسەر ئەم شانۆییە” .
بوونی لیژنەی دادوەری لە ھەموو فیستیڤاڵێک خاڵێکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی فیستیڤاڵ لەبەرئەوە دەبێت، ئەندامانی لیژنەکە کەسانی پسپۆری شانۆیی بن خاوەن ئەزموون بن بەباشی دەزانم ھەموو نەوەکانیش لە نێو لیژنەکەدا بوونیان ھەبێت لە ھەمووی گرنگتریش دەبێت لیژنەکەش زۆر راستگۆیانە کارەکانیان ئەنجام بدەن ویژدانی خۆیان ئاسوودە بکەن نەکەونە ژێرکاریگەری ھیچ ھونەرمەندێک یاخود لایەنەیەک دەبێ لە ناولیژنەکە چەندین پسپۆری ھەمەچەشن بن بوونیان ھەبێت وەکو پسپۆرەکانی دەرھێنان ، نواندن ،ڕەخنەگر،سینۆگرافیا ،ئیستاتیکا..وە لەسەر چەند پێوەرێکی ئەکادیمی براوەکان دەست نیشان بکەن دوور بن لەھەموو سۆز و ھاورێیەتی لە ھەمووی گرنگتر دەفەرت نەدان بەوەی ھیچ لایەنێک و کەسێک دەست بخانە ناو کارەکانیان بۆئەوەی راستگۆی خۆیان بپارێزن خەڵاتەکان بە دادوەری دابەشی سەر براوەکان بکرێت.. راسپاردەو پێشنیازاکان خاڵێکی تری فیستیڤاڵە کە دەبێت لیژنەی دادوەری لەکۆتایی فیستیڤاڵ پێشکەش بە سەرۆکی فیستیڤاڵ و لیژنەی سەرەکی فیستیڤاڵ بکەن بەمەبەستی پێشڤەچوونی خوولەکانی داھاتووی فیستیڤاڵ .گومانی تێدانییە لەکۆتایی ھەر فیستیڤاڵێکدا گلەیی گازندە دورست دەبێت بەتایبەتی ئەوانەی خەڵات بەدەست ناھێنن ئەمەش کارێکی نۆرماڵە لە زۆربەی فیستیڤاڵەکان روودەدات.









































































Discussion about this post