کامەران حاجی ئەلیاس
شانۆ لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا نزکترین ھونەری مرۆڤایەتی بووە ،بەھۆی ئەوەی لە ژیانی مرۆڤەوە زۆر نزیکە بووە.ھەرلەم ساتەی شانۆ لەلایەن گریکەکانەوەو لەسەر دەستی ئەسخیلۆس و سۆفۆکلیس و یۆربیدس لە دایک بوو گرنگی زۆر بە ھونەری شانۆ درا،چونکە ئەم ھونەرە بەشێوەیەکی راستەوخۆ و زیندوو لەگەڵ بینەر مامەڵە دەکات و کەرستەی بەکار ھاتوو بۆ گەیاندنی ھونەرەکە بریتییە لە جەستەو دەنگ و ھەستی مرۆڤ، جگە لەوەش ئەدەب و ھەموو ھونەرەکانی تر لەخۆدەگرێت وەکو موزیک، شێوەکاری ،سینەما ھەر بۆیە بە شانۆیان وتووە باوکی باوکی ھونەر .
وەکو زانراوە نمایشی شانۆ کارێکی کۆمەڵ و ھەمەلایانە و گشتگیرییە جگە لەو ئەکتەران بەرامبەر بینەران نواندن دەکەن چەندین کەسانی تری پسپۆر بۆ ئامادەکردنی نمایشەکە کار دەکەن وەکو کرێکاری ھونەری بۆ سەرکەوتنی نمایشەکە بەتایبەتی لەرووی دیکۆر و جلوبەرگ و رووناکی و ماکیاژ و بەرێوەبەری شانۆ..
ئەوەی مەبەستمانە لەو نووسینەدا ئاماژەی پێبدەین و ھەڵوێستەی لەسەربکەین لەرووی ئەرک و مێژووەکەیەدا کاری (بەرێوەبەری شانۆ) یە لە پرۆسەی نمایشی شانۆدا چونکە بەرێوەبەری شانۆ خاڵێکی بەھێزە بۆ سەرکەوتنی ھەرنمایشێکی شانۆی..پێش ئەوەی باس لەرئەرکی بەرێوەبەری شانۆ بکەین بەپێویستی دەزانم ئاوڕێک لە مێژووی بەرێوەبەری شانۆ بدەینەوە..وەکو زانراوە کاری بەرێوەبەری شانۆ، بە چەندین ئەزموون و گۆرانکاری تێپەریوە ھەر لە دەرھێنان و نواندن و ڕووناکی ..پاش چەندین ئەزموون توانرا یاسا و رێسایەکی تایبەتی بە خۆی ھەبێت ، بەواتایەکیتر بەرێوەبەری شانۆ بووە خاوەن سیتەمێکی ئاکادیمی تایبەت بە خۆی .لێرەدا باس لە قۆناغەکانی (بەرێوەبەری شانۆ) دەکەین بە پێی سەردەمەکان:
یەکەم بەرێوەبەری شانۆ لە سەردەمی گریکەکان: لەو سەردەمەدا لە کاتی ھەرنمایشێکی شانۆیی نووسەری شانۆییەکە،ھەموو کارەکانی ھەر لە بەرھەم ھێنان و بەرێوەبەری شانۆ لە ئەستۆی خۆی دا بوو واتا کۆکردنەوەی ئەکتەرەکان و سەرپەرشتیکردنی پرۆڤە و دابینکردنی شوێنی پرۆڤە خوڵقادنی کەشی پرۆڤەکردن و دانانی کۆرس..ئەمانە ھەمووی لەسەر خودی نووسەرەکە بوون وەکو ئەسخیلۆس و سۆفۆکلیس و یۆربیدس لە دوایی ھەر لەوسەردەمەدا ھەرلەرێگەی نمایشەکاندا توانرا ھەندێ پسپۆری دەستنیشان بکرێت وەکو دانەری دیکۆر و ڕووناکی و بەرێوەبەری تیپ..بەڵام بەشێوەیەکی زۆر سەرەتایی بوو.
دووەم بەرێوەبەری شانۆ لەسەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست دا: ھونەر بەگشتی و شانۆ بە تایبەتی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەھۆی کۆنترۆلڕ کردنی لەلایەن پیاوانی ئاینی لە ئاستێکی نزم دابوو چونکە ھەوڵیان دەدان شانۆ لەپێناو بڵاوکردنەوەی بیرو باوەڕەی مەسیحییەت بێت .
وەکو زانراوە کاری شانۆیی کارێکی کۆمەڵییە کەلە کۆمەڵی ئەکتەر و کارە ھونەرییەکان پێک دێت، لەبەرئەوە پێویستی بە کەسێک دەبێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتیان بکات و کارەکان رێک بخات..لەو سۆنگەیەوە بەرێوەبەری شانۆ دورست بوو. لە مۆزخانەی پاریس تابلۆییەک ھەڵواسراوە کە پێک ھاتووە لە مرۆرڤێکی وەستاو دارێکی لە دەست دایە لە دەستەکەی تریشی دەقێکی شانۆیی لە دەستە ،پسپۆران دەڵێن ئەو مرۆڤە یاریدەری دەرھێنەر بووە یان بەرێوەبەری شانۆیە بە ھۆی ئەو دارەی لە دەستیدایە کە نیشانەی ئاگادارکردنەوە ئەگەر چی تائێستا بەباشی ڕوو نە بۆتەوە کە بەرێوەبەری شانۆ لەم سەردەمەدا لە دایک بووبێت، ھەرچەندە زۆر لەپسپۆران ئاماژە بە وە دەدەن کە بەرێوەبەری شانۆ لەو سەردەمەدا لە نمایشەکان دا بوونی ھەبووە.
سێیەم بەرێوەبەری شانۆ لە سەردەمی رێنیسانس دا: لەم سەردەمەدا شانۆ ئاڵگۆر و جۆرە پێشکەوتنێکی بەخۆییەوە بینی بەھۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە ژیانی ئاسایی ھاوڵاتی رویدا چەندین بیری نوێ ھاتنە کاییەوە کە جەختی لەسەر کێشەو ئاریشەکان ناو گۆمەڵگا دەکردەوە..بۆیە گۆڕانکاری زۆریش لە بواری شانۆش ڕوویدا،وەکو دیکۆر و جل وبەرگ و دیکۆر و موزیک.. ئامانج لێی نزیکردنەوەی شانۆ بۆ لەجەماوەر بە تایبەتی ھونەرمەندی ئیتاڵی (سباسنیانۆ) ، لەم رووە جۆرە تەکانێکی زۆری بە ھونەری شانۆ دا.
چوارەم بەرێوەبەری شانۆ لە سەردەمی شکسپیردا: لەم سەردەمەدا بەرێوەبەری شانۆ گرنگی زۆر پێدرا ، ئەرکەکانی دیار کرابوون کە بریتی بوون لە ئامادەکردنی ئەکتەرەکان ،دەستنیشان کردنی دیمەنەکان واتە کەسێک ھەبوو بە ناوی (بەرێوەبەری شانۆ) ،زۆر کاری ئەنجام دەدا وەکو نووسینەوەی جوڵەی ئەکتەرەکان لە لاپەرەیەکی تایبەت ھەروەھا دیارکردنی ھێماکان و کارتێکەرە دەنگییەکان تارادەیەک توانی ئەرکی دەرھێنەر سووک بکات زۆر جاریش بەرێوەبەری شانۆ ئەرکی پرۆڤەکردنی ئەکتەرانی پێ ڕادەسپێردرا پاشان بووە لێپێسراوی گۆراینی دیمەنەکانی پرۆڤە و ئامادەکردنی پێداویستەکانی پرۆڤە ئەمەش کارێکی ئاسان نییە جگە لە ماندیبوون زیرکی و لێھاتووی دەوێت ھەربۆیە دوو یاردەری بۆ دانرا واتە دوو یاریدەدەری بەرێوەبەری شانۆ لەبەر ئەوەی شکسپیر بە نووسینی شانۆگەری مێژووی دەستی پێکرد لەوانە(ھێنری شەشەم)،کە لەسی بەش پێک دێت ئەم جۆرە شانۆیانەش پێویستی بە توانایەکی زۆر ھەیە لە ھەموو روێکەوە بە تایەبتی لە رووی رێکخستنی بۆیە ھەندێ لەم کارانە درایە دەست کەسێک کە پێی دەگووترێت بەرێوەبەری شانۆ.
پێنجەم بەرێوەبەری شانۆ لە سەدەی (١٧-١٩) دا: لەم سەردەمەدا کەسەردەمی تەکنەلۆژیاو پێشڤەچوون و پیشەسازی بوو دیارە ھونەریش لەم ڕووە بێ بەش نەبووە بەتایبەتی شانۆ رۆڵێکی سەرەکی ھەبوو چونکە راستەوخۆ بایەخی بەژیانی جەماوەر دەدا لەم سەردەمەدا بەرێوەبەری شانۆش گرنگی زۆری پێداراوە ھەربۆیە دەرھێنەرەکان لە سەدەی (٢٠) بوودجەو خەرجی تایبەتیان بۆ دادەنا وە ھەروەھا زۆرێک لە دەرھێنەرەکان کەسێکی دیارکراویان بۆ بەرێوەبەری شانۆ دەستنیشان دەکرد دەیان وت دەبێ (فلانە کەس) ببێتە بەرێوەبەری شانۆ چونکە سەرکەوتنی تارادەیەکی زۆر بەند بووە بە بەرێوەبەری شانۆیەکی باش و لێھاتوو.
ئەرکەکانی بەرێوە بەری شانۆ لە نمایشی شانۆدا:
ئەرکی بەرێوەبەری شانۆ ئەرکێکی قوڕس و گرانە دەبێ خاوەن کەسایەتیەکی بە ئەزموون و لێھاتوو و راستگۆ لە ھەمان کاتدا کەسێکی بوێر بێت ئەرکەکانی ھەر لەسەرەتای پرۆڤە دەست پێدەکات تاوەکو رۆژی نمایش واتە دوای ئەوەی دەھێنەر دەق دەستنیشان دەکات ئینجا یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ بەرێوەبەری شانۆ دەکات بۆ دیارکردنی سەرجەم کاستەکە ھەر لە ئەکتەران و ھونەرییەکان و شوێنی پرۆڤە و شوێنی نمایش یەکەم کار کە بەرێوەبەری شانۆ دەیکات دوو یاریدەر بۆ خۆی دیار دەکات ئینجا خوێندنەوەی دەقەکە بۆ جاری دووەم و سێیەم دەست پێدەکات پاشان کۆکرنەوەی دەقەکە لە ناو تۆمارێک (سکرێپت) بۆ ئەوەی ھەموو تێبینەکانی لە ناو تۆمار بکات ،بە تایبەتی تێبینەکانی دەرھێنەر کاری بەرێوەبەری شانۆ دەبێ پێش ھەموو کەس لە شوێنی پرۆڤە ئامادە بێت و پێش دەرھێنەریش بۆ ئەوەی پێداویستەکانی پرۆڤە ئامادە بکات وە لە کاتی پرۆڤە ھەموو تێبینە سەرەتاییەکانی پرۆڤە لەلای خۆی تۆمار دەکات وەکو جوڵەو گواستنەوەی ئەکتەران ، کارتێکەرەدەنگییەکان ، دیکۆر ، پێداویستەکانی پلانی پانتایی شانۆ و دیارکردنی شوێنی دیکۆر و ئیکسسوارات و شوێنی رووناکی ..پاشان چەند لیستێک ئامادەکات کە ناوی ئەکتەرەکان و ناونیشانیان و ژ. تەلەفۆنیان لە نێو تۆمار دەکات لیستێکی تر تایبەت بە ناوی ھونەرییەکان تۆمار دەکات ھەروەھا راپۆرتی رۆژانە لەسەر کارەکە دەربارەی ئامادە نەبووان و ئاگادار کردنەوەیان دانی ریزبەندی بۆ پرۆڤەی ئەکتەران .. لەبەرئەوەی کاری شانۆ کارێکی کۆمەڵیە بۆیە گرنگی شانۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١- رێکخستی کاری شانۆیی چونکە ھەر کارێکی شانۆیی بەبێ رێکخستن کارێکی سەرکەوتوو نا بێت.
٢- دەبێ یەکێک ھەبێت لە نێوان کۆمەڵێک وەکو ئەڵقەیەک بۆ راپەراندنی کارەکە.
٣-دورست کردنی خشتەی کارکردن بەپێی بەشەکان.
٤- چارەسەرکردنی ھەر گرفتێک لە کاتی روودانی ھەر لە سەرەتایی پرۆڤە تاوەکو رۆژی نمایش.
٥-دابینکردنی ھەموو پێداویستەکانی پرۆڤەو سەلامەتی ئەکتەرکان و ھونەرییەکان لە ئەستۆی ئەو دا دەبێت.
دیارە زیاتر ٩٠%ی بینەران نازانن کەلە پشت کالۆسەکان چ کارێک دەکرێت کارکردن لەوێ وەکو مێش ھەنگوین کارەکان دەکەن ، ھەریەکەو کاری خۆی دەکات بۆ ئەوەی نمایشەکە بە شێوەیەکی راست و شیاو بگاتە بینەران لە کۆتاییدا پوختەی ئەرکەکانی بەرێوەبەری شانۆ بریتین لە:
– ئامادەکردنی دەقی شانۆیی کە ئامادەکراوە لەرووی رێزمانییەوە و دابەشکردنی بەسەر ئەکتەرەکان و ھەر یەک لە دانەری رووناکی و دیکۆر و موزیک و جلوبەرگ دەقێک وەردەگرن .
– خوێندنەوەی دەق بۆ جاری یەکەم .
– خوێندنەوەی دەق بۆ جاری دووەم، لەگەڵ دەرھێنەر و ئەکتەرەکان و شیکردنەوەی دەقەکە.
– خوێندنەوەی دەق بۆ جاری سێیەم،بۆ دابەشکردنی شانۆگەرییەکە بۆ چەند وەرزێک و چەند دیمەنێک.
– ئامادەکردنی یاریدەرێک یان دووان بۆ خۆی و دانانی پلان بۆ ھەر وەرزێک .
– بەرێوەبەردنی پرۆڤە لە کاتی ئامادە نەبوونی دەرھێنەر.
– ئامادەکردنی (سکرێپت) کە دەبێت لە سکرێپتەکەدا ھەریەک لە مانەی خوارەوەی لە ناو تۆمارکرابێت:
*دەقە شانۆیەکە و ژیانی نووسەرەکەو شێوازی دەرھێنان.
*دیارکردنی جلوبەرگ، دیکۆر، رووناکی ، میکیاج، موزیک.
*ھەموو تێبینیەکانی دەرھێنەر و پلانی رۆژانەی پرۆڤە.
لە کۆتاییدا دەڵێم بەرێوەبەری شانۆ خاوەنی دەسەڵاتی دووەم دەبێت، لە دوای دەرھێنەر .ھەرچەندە لە نێو شانۆکارانی کوردستان تائێستا ئەرکەکانی بەرێوەبەری شانۆ لە نێو تیپە شانۆییەکان ،وەک پێویست پەیرەو ناکرێت بەجۆرێک زۆربەی کارەکان دەکەوێتە ئەستۆی دەرھێنەر.

































































کامەران حاجی ئەلیاس








Discussion about this post