چاوپێکەوتنى: زانا دڵشاد دزەیى: “زۆرجار رۆژنامەنووسەکان داوام لێى دەکەن شتى زۆر تایبەت بدرکێنم” “من گۆرانى بۆ عاشقان دەڵێم، بۆیە شیعرى سادە بەکاردێنم”. هونەرمەند ئەیوب عەلى بە مەبەستى بڵاوکردنەوەى پێنجەم ئەلبوومى خۆى “باران”. دوو مانگە بە سەردانێکى لە کوردستان ماوتەوە، کە ماوەیەى چەندین ساڵە لە وڵاتى بەریتانیا دەژى، رۆژێک دواى ئاهەنگى سەرى ساڵ، کە لە هۆتێل “چوارچرا” لە شارى هەولێر سازیکرد، (سڤیل) هەر لەوێدا ئەو چاوپێکەوتنەى لەگەڵ ئەنجامدا، کە جگە قسەکردن لە بارەى ناوەڕۆک و چۆنییەتى دورستبوونى گۆرانییەکانى دوا ئەلبوومى، کە سێ هەفتەیە بڵاویکردۆتەوە، وەڵامى چەندین پرسیارى تایبەت بە ژیانى خۆى دایەوە.
زانا دڵشاد دزەیى: خۆت تاچەند لە دوا ئەلبوومت “باران” رازى؟
ئەیوب عەلى: من تارادەیەکى زۆر باش لێى رازیم، بەڵام ئەوەش هەموو تواناى من نییە، لەوانەیە پاش سێ مانگى تر پرۆژەى گەورەتر بێتە مێشکم، بەڵام ئەو سێدیە لەئێستادا ئیشێکە توانایەکى باشى خۆم تێدا دەرخستووە، توانا و ماندووبوونى تێکستنووسەکان و هونەرمەندە موزیکژەنەکانیشى تێدایە، بە بۆچوونى خۆم کارێکە ماندووبوونى پێوە دیارە، بەڵام حەزدەکەم زیاتر گوێگر و هونەرمەندان حوکم لەسەر ئەوە بدەن.
زانا دڵشاد دزەیى: بەڵام لەو ماوەیەدا بۆچوونەکان چۆنە لە بارەى ئەلبوومەکەتەوە؟
ئەیوب عەلى: بەگوێرەى ئەوکاتەى کە کەمیشە، بۆچوونى خەڵک کە بۆم دێت لەخوا بەزیاد بێت، یەکجار باشە.
زانا دڵشاد دزەیى: لەم ئەلبوومەت کۆپلە حەیرانێکت وتووە، بەڵام کەسێک خۆى هەولێرى نەبێت، زەحمەتە بتوانێ حەیران بڵێت؟
ئەیوب عەلى: لەوانەیە زەحمەت بێت، بەڵام مەرجیش نییە، چونکە ماندووبوونى خۆت و حەزى خۆشت دەور دەبینێت، تاچەند حەزت لە حەیرانە، من لەبەرئەوە نەموتووە بڵێن ئەوە خەڵکى هەولێریش نییە و حەیران دەڵێت، من حەزم لە حەیرانە، دواى ئەوەش حەیرانیشم نەوتووە بەتەواوى، بەڵکو تامێکى حەیرانم وتووە، من نەموتووە حەیرانبێژم، بەڵام بە بۆچوونى چەند مۆسیقییەک تارادەیەک مافى خۆم داوەتێ، هەروەها کاک زیرەک ژێدار هاوکارى کردووم، کە بەڕێوەبەرى کارى رۆژنامەوانى خۆمە، تێکستێکى نووسى چەند وشەیەک بۆ حەیرانەکە، خۆیشى خەڵکى هەولێرە، لە ستۆدیۆ کە حەیرانەکەم وت ئامادەبوو، چاودێرى کردووم چۆن وشەکان دەڵێم، بۆئەوەى تارادەیەک بە هەولێرى بیڵێم، بەڵام ئەوەى تۆش دەیڵێى راستە، خەڵکى گەرمیان ئەلاوەیسى باشتر دەڵێ وەکو لە کەسێک کە خەڵکى هەولێر بێت، خەڵکى هەولێر حەیران باشتر دەڵێن وەکو لەوەى کەسێک لە کەرکووکەوە حەیران بڵێ، بەڵام ئەوەش ماناى ئەوە نییە دوورە پەرێز بین.
زانا دڵشاد دزەیى: بەڵام حەیرانەکەت بە کاملى نەوتووە، تەنیا کۆپلەیەکت وتووە، ئەوەش وادەکات خەڵکى شارەزا نەتوانێ بە دروستى هەڵسەنگاندنى بۆ بکەن؟
ئەیوب عەلى: ئاخر من حەیرانبێژ نیم، گۆرانییەکەم بۆ شارى هەولێر وتووە، پێم جوان بوو وەک جوانکارییەک وەک تامێک، کۆتاییەکەى بە حەیرانێکى کورت بێت، حەزناکەم گوێگر بە هەڵە تێبگەن و بڵێن حەیرانى وتووە، بەڵام بە ناتەواوى، من تەنیا تامێکى حەیرانم داوە بە گۆرانییەکە، لەوانەیە گوێگرەکانم بڵێن ئاخۆ حەیران چۆنە بە دەنگى ئەیوب، گۆرانییە ئەساسییەکە بۆ هەولێرە، شارى هەولێریش حەیرانى دەشتى هەولێر هەیە، یەکێکە لەو لایەنە هونەریانەى لێرە پەرەى پێدراوە، هونەرێکى رەسەنى کوردە، ویستیشم دەریخەم راستە بەستایلێکى نوێ کاردەکەم، کە لەوانەیە ئەو ستایلە نوێیانە رەخنەى لەسەر بێت، کە هەندێ کەس بە مۆسیقاى رەسەن ناوى نابەن، کە من لەگەڵ ئەو رایە نیم، بۆیە ویستم بۆیان دەربخەم کەسێکم رێزم هەیە بۆ پایە رەسەنەکانى هونەر، وەک حەیران و لاوک.
زانا دڵشاد دزەیى: هۆکارەکە چى بوو وایکرد گۆرانییەک بۆ شارى هەولێر بڵێى؟
ئەیوب عەلى: یەکەم شت هەولێر پایتەختى کوردستانە، وەک شارێک جوانکارى یەکجار بەرچاوى پێوە دیارە، کە رۆژ بەرۆژ بەرەو باشتر دەڕوات، پێشتریش پێنج ساڵ لەو شارە لە زانکۆ خوێندم، یادگارى تاڵ و شیرینى زۆرم لەو شارە هەیە، کە ئێستا هەموو یادگارییەکان شیرینن، لە دەرەوەى وڵات زۆرجار کە بیرى کوردستان دەکەم، یەکێک لەو شوێنانەى کە زۆر بیرى دەکەم شارى هەولێرە، ئەو هۆکارانە وایانکرد ئەو گۆرانییە دروست بێت.
زانا دڵشاد دزەیى: تێبینییەک لەسەر تێکستەکانى ئەو ئەلبوومەت هەیە، کە تێکستەکان زۆر سادە بوون؟
ئەیوب عەلى: من لە گۆرانى حەزم لە شیعرى سادەیە، ئەوە سیاسەتى ئیشى خۆمە، حەزم لە هۆنراوەى قورس نییە بۆ گۆرانى، بەتایبەت بۆ ئەو ستایلەى کارى لەسەر دەکەم، ئەگەر هاتوو بچمە ئێران گۆرانییەکى سوونەتى بکەم، بێگومان دەبێ پشت بە شیعرى کلاسیک ببەستم، هەروەها ئەو ستایلەى من گۆرانى پێدەڵێم بۆ عاشقانە، زمانى عاشقان حەزدەکەم سادە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لێم دەپرسن تێکستەکان بۆ سادەن، بە بۆچوونى من تێکستى گۆرانى ئاوا دەخوازێت.
زانا دڵشاد دزەیى: لەهەمان ئەلبوومدا، خەڵک دەیانوت ئەیوب عەلى مەقامى وتووە، بەڵام بە بۆچوونى من لاوکە نەک مەقام، وایە؟
ئەیوب عەلى: تێبینییەک زۆر جوانە، من ویستم بۆ یەکەمجار تامێک لە ولاکیش بڵێم، من نازانم تۆ وەک رۆژنامەنووسێک تاچەند لە مۆسیقا شارەزاى، کە هەستت پێکرووە ئەوە لاوکە، راستە ئەوە مەقام نییە لاوکە، من لەسەر ئسلوبى لاوک وتوومە، تاوەکو ئێستا کەس بە سۆرانى لاوکى نەوتووە، ئەوە خاڵێکى ترە لەو نوێخوازانەى کە من کردوومە، هیوادارم دواى منیش هونەرمەندانیش بیکەن بەرێچکە.
زانا دڵشاد دزەیى: بەڵام بەتایبەت بۆچى ویستت بە سۆرانى لاوک بڵێى؟
ئەیوب عەلى: ئەوە لە دڵمەوە لەدایکبوو، هەندێجار پلان دەدانێى بۆئەوەى شتێک دروست بکەى، هەندێجار شتەکە خۆى دروست دەبێت، ئینجا ئەو لاوکە لە غوربەت و خەمى وڵاتەکەم و لە بیندارى خەڵکەکە دروست بوو، هەستێک بۆ وڵاتەکەم بە لاوانەوەیەک هات بەمێشکم، ئێستا دەپرسى بۆچى دروستتکرد؟ لەبەرخاترى 182 هەزار ئەنفالکراو، لەبەرخاترى هەڵەبجە، لەبەرخاترى خاکە بەشبەشکراوەکەمان، لەبەرخاترى فرمێسکى ئەو دایکانەى منداڵەکانى ئەنفالکراوە و ئێستاش چاوەڕوانە.
زانا دڵشاد دزەیى: بەڵام هەستناکەى پانزە ساڵە بەسەر ئەو قۆناغە تێپەڕیووە، شتێکى نوێ نییە کە تۆ باسى دەکەى؟
ئەیوب عەلى: هەرگیز نابێ وابڵێى و هەرگیز بەسەرناچێت، ئەو برینە سەختەى ئەنفال و هەڵەبجە هەرگیز سارێژنابێت، بەشبەحاڵى خۆم بۆمن شێکى تازەیە، چونکە من پێشتر کارم لەسەر ئەوە نەکردبوو، من ئێستا لە خەیاڵمدایە گۆرانییەکى زۆر جوان بۆ هەڵەبجە بکەم، بەڵام تائێستا جورئەتم نەکردووە بیکەم، دەمەوێت شتێک بێت شایانى ئازارەکانى هەڵەبجە بێت، هەر یەک لەلاى خۆیەوە، من کۆمەڵێک گوێگر هەیە، من کە کارێک بۆ ئەنفال دەکەم، دووبارە ئەنفال دەخەمەوە بیرى گوێگرانم، کۆمەڵێک گەنج کە لەوانەیە ئەنفال و هەڵەبجە لەسەردەمى ئەوان روویان نەدابێت و شارەزایشیان نەبێت، بچن لە ماڵەوە پرسیار بکەن لە دایک و باوکیان ئەو کارەساتانە چین و کەى و چەند کەسى تێدا شەهید بوون، بەشبەحاڵى خۆم بەواجبى دەزانم لە هەموو ئەلبوومێک گۆرانییەکى نیشتیمانى بکەى، دواى ئەوە من لە غوربەت دەژیم، بەردەوام غەریبى ئەو وڵاتە دەکەم، ئەوانە هەستی خۆمن ناتوانم رێیان لێبگرم.
زانا دڵشاد دزەیى: ئێستاش گوێگرانت زیاتر چێژ لە گۆرانییە کۆنەکانت وەردەگرن، تۆش هەستت بەوە کردووە؟
ئەیوب عەلى: راستە، زۆرجار پێم دەڵێن و هەستم پێکردووە.
زانا دڵشاد دزەیى: هۆکارى ئەوە چییە؟
ئەیوب عەلى: وەڵڵا ئەوە دەگەڕێتەوە سەر زەوق و وەرگرتنى گوێگرەکانم، لەوانەیە من پڕ بە دڵ گۆرانییەک دروست دەکەم، کە بەلاى خۆمەوە زۆر جوانە، بەڵام گۆرانى دواى ئەو کە لەوانەیە باوەڕ نەکەى بچێتە ناو خەڵکەوە، کەچى ئەو گۆرانییە دەچێتە ناو خەڵکەوە و پێشبینییەکەى من دەرناچێت. لەوانەیە رێژەى ئەو کەسانەى کە خۆیان لە تێکستى گۆرانییە کۆنەکانم دەدۆزنەوە زیاتر بێت لە رێژەى ئەو کەسانەى لە تێکستى ئەو گۆرانیانەى کە بەلاى منەوە شاکارى ئەلبوومەکەیە، بەڵام من پێشتریش وتوومە تاکە شوێنێک کە یادگارییەکانى تێدا هەڵگرى و لەیاد نەچێت، گۆرانییە، پێموایە گوێگرەکانم یادگاریان لەگەڵ گۆرانییە کۆنەکانم هەیە، ئیتر هەرچەند گۆرانى دیکەش بکەم ئەوانە هەر دەگەڕێنەوە بۆ گۆرانییە کۆنەکانم، ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان.
زانا دڵشاد دزەیى: قسەیەک هەیە دەڵێن مرۆڤ یەکجار عاشق دەبێت، وایە؟
ئەیوب عەلى: بەڵێ ئەو قسەیە هەیە، بەڵام ناتوانم ئێستا بڵێم وایە یاخود نا، بەڵام بە بۆچوونى من لەوانەیە یەکەم عەشق کاریگەرترین عەشق بێت، ماناى ئەوە نییە جارێکى دیکە عەشق نەبیتەوە.
زانا دڵشاد دزەیى: تۆ هەموو کاتێک وتووتە، من و ئەو کچەى عاشق بە یەکتربووین، یەکترمان خۆشدەویست، هەروەها وتووتە من و ئەو کچە گوناحمان نەبوو، کە بۆ یەکتر نەبووینە، کەواتە هۆکار چ بوو لێکدابران یاخود بۆچى بۆ یەکتر نەبوون؟
ئەیوب عەلى: بەراستى ئەو شتەى کە باسى دەکەن، هەندێجار لە هونەر لادەدات، ئەو ناوبانگیە سەربەستى و مافى ئەوەت لێدەسەنێتەوە کە شتە تایبەتییەکان لاى خۆت بمێنێتەوە، زۆرجار داوام لێدەکەن شتى زۆر تایبەت باس بکەم، بۆ کۆمەڵگەى ئێمە لەوانەیە تۆزێک زوو بێت هەموو شتێک بڵێى، من لە ئەوروپا دەژیم و تێدەگەم تۆ چى دەڵێى، زۆریش ئاساییە وەڵامى هەموو پرسیارەکانت بدەمەوە، بەڵام بۆ کۆمەڵگەى خۆم بەزووى دەزانم هەموو شتێک بڵێم، مەرج نییە هەر عەشق بێت. سەبارەت بە عەشقى خۆم، دەتوانم هەر ئەوەندە بڵێم رۆژگارێک وایکرد ئێمە بەیەکنەگەین، ئیتر هۆکارەکە چى بوو یان نا ئەوە تاوانى کەسمانى تێدا نەبوو، بەڵام ئێستا ئەو عەشقە نەماوە و لاى من بووە یادگارییەک.
زانا دڵشاد دزەیى: ماوەیەک لەمەوبەر دەنگۆیەک بڵاوبۆوە و گوتیان ئەیوب عەلى ژنى هێناوە، دواتر راست دەرنەچوو، بەڵام بۆچى تائێستا خۆت لەپرۆسەى هاوسەرگیرى نەداوە؟
ئەیوب عەلى: گەورەترین بڕیارى ژیان لاى من پرۆسەى هاوسەرگیرییە، دەمەوێت کاتێک بیرى لێکردەوە کەسێک هەڵبژێرم ئەو تەمەنەى کە ماومە لەگەڵ ئەو بژیم، بەڵام لەوانەیە هونەرەکەم بە قەدەر دروستبوونى ژیانى هاوسەرى لام گرنگ بێت، دەبێ دڵنیابم رێگەى هونەرم لێ ناگێرێ، کە کەسێک پەیدابوو زانیم وەک خۆم بیردەکاتەوە، ئەوکات هیچ کێشەیەک نییە و دەتوانم لەگەڵى بچمە ژیانى هاوسەرییەوە، خۆم بیرکردنەوەم زۆرە لەسەر ئەو شتە، چەندەها ساڵە بیرم لێکردۆتەوە، ئێستا بڕیارەکەم دەکەوێتە سەر ئەو کەسەى قەدەر دەیهێنێت، بەڵام خۆشە هاوڕێیەک هەبێت لە غوربەت لەگەڵت بێت، بەراستى لە غوربەت بەتەنیا خۆش نییە، بەڵام هونەرەکەم ئەوەندە خۆشدەوێت، دەترسم بە پرۆسەى هاوسەرگیرى ئەو سەربەستیەم لەدەست بدەم.
زانا دڵشاد دزەیى: تاراوگە چى فێرکردیت و چى لێسەندى؟
ئەیوب عەلى: ژیانى تاراوگە فێرى گۆشەگیرى کردووم، کەسێکى گۆشەگیرم لێ دەرچووە، چونکە هەڵبژاردنى هاوڕێ کارێکى ئاسان نییە، هاوڕێم کەمە لەوێ، بەڵام ئەو غوربەتە رەنگى داوەتەوە لە کارەکانم، کە هەندێ لە گوێگرەکانم هەستى پێدەکەن، بەڵام ئازادى پێبەخشیووم، لە وڵاتێک دەژیم لەوانەیە کەس من نەناسێت من کێم و ئیشم چییە، ژیانى رۆژانەى خۆم بە سەربەستى بەڕێوە دەبم.
زانا دڵشاد دزەیى: وەک پێشتر لە میدیاکان دەرناکەوى، ئایا لەبەر خەریکى ئەلبوومەکەت بوو، یاخود عاجزبوونێک هەیە لە نێوان تۆ و میدیاکان؟
ئەیوب عەلى: عاجزبوون نییە، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ زۆربەیان ئەزموونى باشم نییە لەگەڵیان، بە ناوى منەوە چاوپێکەوتن کراوە، چونکە من لێَرە ناژیم و موتابعەى گۆڤار و رۆژنامەکان ناکەم، زۆرجار شت کراوە ئاگادار نەبوویمە، زۆرجار چاوپێگەوتنێکم لەگەڵ دەکرێ پاشان لە 10 شوێن بڵاوی دەکەنەوە، لەوانەیە من حەز نەکەم بۆ هەموو شوێنێک قسە بکەم، من بەڕێوەبەڕى کارى رۆژنامەوانى خۆمم هەیە، کاک زیرەک ژێدار، ئەو بەرپرسى ئیمێلەکانە، کە لەوەوە داواى چاوپێکەوتنم لێ دەکەن، زۆربەى زۆریان نایکەم، چونکە لەگەڵ رێزم، زۆربەى رۆژنامەنووسان، ئاستى پرسیارەکانیان زۆر لاوازە و زۆرجار دەبێتە هۆى زیان لە هونەرەکەى من.
زانا دڵشاد دزەیى: لە جەماوەرەکەى خۆتەوە نزیکى؟
ئەیوب عەلى: گەنجێک یاخود بە تەمەنێک مامۆستایەک گوێ لەمن دەگرێن، من بە پاڵپشتى و هاندانى ئەوان ناوى من دروستبوو، من موڵکى ئەوانم، لەبەرئەوە من زۆر پێم سەیرە کە هەندێ هونەرمەند بەشێوەیەک رەفتار دەکەن و هەوڵدەدەن خۆیان لە گوێگر و موعجیبەکانیان دووربخەنەوە، بە بۆچوونى من هونەرمەند بەو سادەیە گەورەتر دەبێت، من دەمەوێت لە دڵى گوێگرەکانم بە خۆشەویستى و هونەرەکەم گەورەبم، نەک بە تەمسیل، حەزناکەم دوو سەیارە پاسەوان بخەمە دواى خۆم، دوو مودیر دابنێم بەس وەڵامى تەلەفۆنم بدەنەوە، کە ئەو شتانە هەمووشى هەن، من نامەوێت بەکاریان بێنم، ئێستا وەک بینیت ئێمە لە گەرمەى چاوپێکەوتن بووین، هاتن داواى وێنەگرتنیان کرد و چاوپێکەوتنەکەمان راگرت، ئەوە گەورەیى من دەردەخات لەلاى ئەو کەسانە.
زانا دڵشاد دزەیى: لە شتێک پەشیمانى؟
ئەیوب عەلى: لە هەندێ کارى هونەرى خۆم پەشیمانم کە حەزمدەکرد هى من نەبن، مەبەستم سەرەتاى دەستپێکردنى خۆم دەڵێم، کە حەزمدەکرد بەشێوازێکى دیکە بمکردایە، بەتایبەت لەرووى هەڵبژاردنى ئاواز و تێکستەکان.