سەدیق سەعید ڕواندزی
خوێندنەوەیەکی نوێ، خوێندنەوەیەکی تازە، خوێندنەوەیەکی جیاواز، خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە، دیارترین ئەو ناونیشانانەن، کە بەردەوام لای بەشێک لە نووسەران دەگوترێن و دەنووسرێن، گوایا لە پەراوێزی خوێنەوەی کتێبێک، یان تێکستێکی ئەدەبی، لێکۆڵینەوەو خوێندنەوەیەکی جیاوازیان لە خوێنەوەکانی پێشووتر کردووە، کەچی سەیر لەوەدایە، کاتێ ناونیشانی وتارەکان جێدێڵێن و وردە وردە بەرەو قووڵایی نووسینەکە دەکشێین، دەبینین ئەوەی نووسیویانە نەک خوێنەوەیەکی جیاواز و تازە نییە، بەڵکو زۆر کلاسیکی و کاوێژکەرانەیە و پێشتر دەیان جاری تر، ھەمان خوێنەوە بۆ ھەمان دەق، یان کتێب لای نووسەرانی تر کراوە! ئیدی نازانم جیاواز کەوتنەوەکە لە چی دایە؟َ! بێگومان کاتێ باسی خوێنەوەیەکی نوێ و تازە دەکەین، ئەوا بە ھەموو پێوەرێک، لەڕووی ماناو ناوەڕۆکەوە، دەبێ ئەو خوێنەوەیە، جیاواز و دابڕاو بێت و مانای نوێ و پەی پێ نەبراوی تێدا بێت، کە پێشتر خوێنەر نەیخوێنبێتەوە! بەردەوام وەک خوێنەرێک ئەو ناونیشانانە سەرنجم ڕادەکێشن، و ھەوڵدەدەم بە وردییەوە بیخوێنمەوە، بەڵام ھەر لە دەسپێکەوە نائومێد دەبم، چونکە دەزانم نوێ و تازەو دابڕاو نییە.
نووسەرێک پێویستی بەوە نییە بانگەشەی ئەوە بکات خوێنەوەکەی جیاوازە، بەڵکو نووسینەکەی ئەوە دەردەخات، پەیوەندی خوێنەران بەدەقەوە، دەبنە دەرخەری ئەو ڕاستییەی کە ئایا خوێنەوەکەی ئەو نوێیە، یان زۆر کۆن؟ نووسەرێک، لە میانەی خوێنەوەی بۆ ڕۆمانێک، باس لەوە دەکات کە ئەو خاوەنی جیھانبینی ڕەخنەیی تایبەت و جیاواز بەخۆیەتی و لاسایی ھیچ ڕەخنەگرێک ناکاتەوەوە خوێنەوەی تازە بۆ ڕۆمانەکە دەکات، کەچی سەیر لەوە دایە، دێت لە سەر بابەتی یەک ( و) و دوو (وو) دەوەستێت و باسی ئەوە دەکات کە (دوکان) نابێ بە (دووکان) بنووسرێت، لەکاتێکدا ئێمە چەندین ساڵ پێشتر لە نووسینەکانماندا ڕەخنەمان گرتووە، کە (دوکان) ی نێو بازاڕ، نابێ بە واویی بزوێنی درێژ بنووسرێت! بەڕاست ئەمە خوێنەوەیەکی تازەیە یان زۆر دووبارە؟ ئەم سەرنجە زمانەوانییە، لە ڕۆمانێکدا، دەشێ بە خوێنەوەی جیاواز دایبنێین؟ یان ڕیکلامێکەو نووسەر بۆ وتارۆکەکەی خۆی دەیکات؟ یەکێکی دیکە باسی ڕەھەندی فەلسەفی لە شیعر دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە خوێنەوەیەکی زانستی و ئەکادیمی بۆ شیعرێک کردووە، کەچی کۆمیدیایەکە لەوە دایە شیعرەکە بەناوی (گوو _ پیسایە !) کە شیعرەکە نەک فەلسەفی نییە، بەڵکو زۆر بێ مانا و بازاڕیشە ، بەڵام چونکە شاعیرەکە ھاوڕێی وتار نووسەکەیە و ھەردووکیان خەڵکی یەک شارن، ئیدی بەو شێوەیە دێت شیعرێکی پیس دەکاتە بە ناو شیعرێکی فەلسەفی و دەیان شیعری جیاواز و داھێنەرانەش دەخاتە پەراوێزەوە، کە ئەمەش نابێ لە دنیای ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا ھەبێت، بەو مانایەی پەیوەندی ڕەخنەگر تەنھا بە دەقی ئەدەبییەوەیە، نابێ ھاوڕێیەتی و شارچییەتی پێوانە بن، کە بە داخەوە ئەمڕۆ نێوەندی ئەدەبی کوردی تەژییە لەو جۆرە نووسین و خوێنەوە ناڕەخنەیی و نا ئەدەبییانە کە ھەموویان بە پەراوێزخستنی دەقی جوان و داھێنەرانە و پەسن و ستاییشی شیعری بازاڕیی و میللی کۆتایان دێت.
خوێنەوەی جیاواز بە قسە نییە، بەڵکو بە جیھانبینی جیاواز و تێگەیشتنی نوێ و تازەیە. نووسەرێک کە کارێکی جیاواز دەکات، پێویستی بەوە نییە خۆی بانگەشەی بێ بنەما بۆ خۆی بکات، بەڵکو ئەوە خوێنەرانن پۆلێنی ڕەخنەی جیاواز و خوێنەوەی نوێ دەکەن و لە میانەی خوێنەوە یان بۆ نووسینەکە، دەزانن کە جیاوازە یان نا؟ ھەندێک شت ھەیە پێویستی بە بانگەشە نییە، وەک مانگی سەر لە ئێوارە دیارە، بۆیە نابێ نووسەرێک لەو وەھمە بژیت کە خوێنەوەکەی جیاوازە، یان تازە و دابڕاوە لەوانیتر، کەچی بێت باسی یەک واو و دوو واو بکات، کە پێشتر سەدان جارە قسەی لە سەر کراوە و دەکرێت و بەردەوامیش دەکرێت، بێ ئەوەی خوێنەوەیەکی جیاواز بێت، بەڵکو زۆر لاساییکەرەوەشە ! ئەوە خوێنەرە دەریدەخات کە خوێنەوەی ڕەخنەگرێک بۆ دەقێک جیاوازو نوێیە، یان نا، نەک ڕەخنەگرو نووسەر خۆی، کە لە بنەڕەتدا ئەوەی لە نووسینەکەی نەبێت، نوێ و تازەیە لە ھەموو ڕەھەندێکەوە.
*ئەم بابەتە لە ھزرو ھونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە( ٢٧٤) لە ١٢/١١/٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە.





![بەرد لە بەردی بێتەوە،دەنگی هەیە[1]](https://chra.tv/wp-content/uploads/2026/10/homer-noryawi10-360x180.jpg)




































































![بەرد لە بەردی بێتەوە،دەنگی هەیە[1]](https://chra.tv/wp-content/uploads/2026/10/homer-noryawi10-120x86.jpg)


Discussion about this post