کۆڕش وەحيد
پێیان دەگۆت میکرۆبی ئەدەب، ناحەقیشیان نەبوو، لە هەموو گۆزەیەکدا ئەسکوێ بوو، خۆی هیچ نەبوو بەڵام دەیویست هەموو شت بێت، لەو باوەڕەدام ئەمەش حاڵەتێکی شاز نییە لەم سەردەمەدا، کە ناسراوە بەسەردەمی بەرژەوەندی و چەند ڕوویی، نموونەی وا لە زۆر بەرگ و لە زۆر شوێنی تردا ڕەنگە دووبارە ببنەوە، بەڵام ئەمەی لەمەڕ ئێمە دیاربوو داخێکی گەورە بەدەستیدا نرابوو لە دێرزەمانەوە وا پێوەی دەتلایەوە، وەکو ئەو داخانەی زڕ دایکەکان بە کەوچکی گەرم بە دەستی منداڵەکانیاندا دەنا، بەڵام خۆ ئێستاش درەنگ نییە، بەردەوام وا لە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی ئەو خەسارەتانەدایە.
بۆ من تا ئەو کاتەش وامدەزانی تەنیا ئەو میکرۆبە پەنهانە زیانبەخشانە هەن کە دەبنە هۆی دەردو نەخۆشی لەناو جەستەی مرۆڤدا کاتێك بە پەنهانی سەرهەڵدەدەن، تا ئەو کاتەی بە نیشانە بەدەکانەوە لەسەر جەستەی نەخۆش دەردەکەون، کاتێك زەفەریان بە بابای نەخۆش بردووە، یەڵلا کەسی نەخۆش فریای خۆی دەکەوێت و بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت. تەنانەت دەڵێن جۆرێک لە میکرۆبی سیل لە جەستەی مرۆڤدا دەنوێت و لەکاتێکدا چالاک دەبێت کەبەرگری لەشی نەخۆشەکە کەمێك لاواز بێت و ئیتر نیشانەکان دەردەکەون.
میکرۆب هەمیشە لە ژینگەی پیس و نەخۆشدا سەرهەڵدەدات و گەشە دەکات، ئەویش ڕێك وابوو، چ پروپاگەندەیەکی دەزگا هەواڵگرییەکان دژی هزرمەندان و نەیاران بڵاودەکرانەوە، سەرەتا لەو دەرگایانەوە دەهاتنە ژوورەوە کە ئەو میکرۆبانە لێوەی چووبوونەوە ژوورەوە، بڵاویان دەکردەوەو ڕەواجیان پێ دەدا، وەك دەڵێن سەرێکیان هەیەو هەزار سەودا. خۆ بە هیچیش تێر ناخۆن، چەند مووچەی ژێر بە ژێریان هەبێت هێشتا هەر دەلاڵێنەوە، چونکە لە دەروونەوە هەژارن و ناتەباییەکە وا لە دیوی ناوەوەی ناخیاندا و لەگەڵیدا گەورەبووە و دڵیانی پەڕپووت و سیس کردووە.
کە هەستاو ڕۆشت کوڕەکەم لە تووڕەییدا ڕەنگی شین بووبووەوە، پێی گوتم: ئاوها دەتەوێت شوێن پێی تۆ هەڵبگرم؟ چیدی وشەو سەرگوزشتەی نێو کتێبانم لۆ مەخوێنەوە، ئێستا زانیم ئەوانەی کە تۆ ئاگادارم دەکەیتەوە سەبارەتیان و پێیان دەڵێیت لۆتین و هاوڕێیەتیان مەکە، سەد قاتی ئەو هاوڕێ سەرنووسەرو خاوەن دەزگاو قەڵەم بەدەستانەت باشترن کە وەکو هەورە تریشقە خۆ دەکەن بە ژووردا و وەکو ماری بێ ئیجازە وان، ئەمە ئەوەیان بوو کە هەر دەکڕوزێتەوەو خۆی بە مەغدوور دەزانێت! کەچی تا ڕۆیی ئاگات لێ بوو هەر زەم و بوختان و سوکایەتیپێکردن و قسەو قسەڵۆك لە سەر زمانی لێشاوی دەکردو دەمی لە کەس نەپاراست، بەرامبەر کێ؟ ئەو هاوڕییانەی دوێنێ دەستی لە ناو دەستیاندا بوو و لە شەقامی باتە پیاسەیان دەکردو لافی ڕۆشنبێرێتییان لێ دەدا، مەپرسە…. ئەمە بۆگەنترین ژینگەیە تۆی تیادا دەژیت باوکە، من وامزانی هەر دنیای سیاسییەکان پڕە لە فێڵ و تەڵەو دووفاقیی، بەڵام وا دیارە ئەوە ئاوێکی بۆگەنەو هەموویان لێیان خواردووەتەوەو خۆیان پێ شوشتەو پێشیان تێ ناوە، خۆزگە هەر نەتناسینایە، کەی تنۆکی ئیلهام و ئافراندن و نوێبوونەوەو تەرزی تازەو دونیابینی جیاوازو دەگمەن لەوانەوە دەتکێت، لە بوغزو ڕق و کینەو دووزمانیی و پاڵ پێکەوەنان و بە ڕوودا پێکەنین زیاتر! کەی داهێنان لە ناو گروپ و نزیك بوون لەو بۆگەناوەدا دێتە دی، ئەوانە خۆیان کردووە بە دەمڕاست و خاوەنی ئەدەب و هونەرو لە ڕاستیدا دوورترین کەسن لەو دنیایانە، هەمووان چاویان لەسەرەوەیە کتێبێکیان لۆ چاپ بکات یان پاداشت و بەخشینێکیان بداتێ، لەم لاشەوە لەگەڵ بزندا شین دەگێڕن! خەمی ئەوەشمە تڵپەی تەڕی بەهرەو بەخشینیان تێدا نەماوەوهەمیشە لە جوینەوەکانیاندا کە خۆیان ناوی دەنێن بەرهەمی ئەدەب، خۆیان بە فریشتەو پەری ناگۆڕنەوەو سەروزمانی خامەیان ژیانە لە ناو منداڵیدا، نازانم کەسێك شتێکی نەبێت چۆن دەیبەخشێت؟! هێلکەی تیمساح بخەیتە ژێر وشترمریش هەر تیمساح لە دایك دەبێت.





























































کۆڕش وەحيد










Discussion about this post