کامەران حاجی ئەلیاس
لە شاری ھەولێر لە رۆژانی ٧و٨ ئەیلولی ٢٠٢٦ لە ھۆڵی سەفوەت جەراح بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەر- ھەولێر بەرێوەبەرایەتی سینەماو شانۆی ھەولێر بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی کوردستان سیمینارێکی شانۆیی بۆ شانۆکارانی شاری ھەولێر رێکخست سیمینارەکە لە ژێر ناوی (ھەوڵدان بۆ بوژاندنەوەی بزووتنەوەی شانۆ لە ھەولێر) بوو ،لەماوەی ھەردوو رۆژەکەدا ھونەرمەندان (م.سەباح عەبدولڕەحمان ،د. ژیلوان تاھیر ، م.کرمانج مستەفا ،م. محەمەد جەمیل) لە گەڵ شانۆکارانی ئامادە بوو گەنگەشەیان لەسەر رەوتی شانۆ لە ھەولێر کرد چەندین راو بۆچوون خرانە ڕوو ..ھەرلەمیانی سیمنارەکەدا سیراوان عوسمان بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەر- ھەولێر وەرزە پایزەی شانۆی ھەولێری راگەیاند کە نمایشیکردنی چەند نمایش لە خۆ دەگرێت :
لە ٢٣ی ٩ی ٢٠٢٦ شانۆگەری (رووناکییەک خۆری ئاوا کرد) لە نووسینی و دەرھێنانی جوتیار ڕەفعەت وە لە ٢٦ی٩ی ٢٠٢٦ شانۆیی (دڵسۆزی لە پەراوێزدا)لە نووسینی نووح شاخەوان لە دەرھێنانی شێرکۆ نەژاد ، وە لە ١٧ی ١٠ی ٢٠٢٦شانۆیی (لەچک) لە دراما تۆرگ و دەرھێنانی مەولان حەمەدەمین نمایش کران. نیاز وایە ھەرلەم وەرزەدا چەندین شانۆگەری تر نمایش بکرێن ھیوادارین ئەم ھەنگاوە فاکتەرێک بێت بۆ بوژاندنەوەی شانۆ لە ھەولێر .
چەمکی شانۆگەری لەچک
شەڕ ھەمیشە وێرانکاری بەدوای خۆیدا بەجێ دەھێڵێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دەبێت بەتایبەتی ئافرەت وەکو دایک وەکو خوشک زیاتر رووبەری ناسۆرییەکان دەبنەوە ئەمەش زیاتر لە شەڕی برای کوژیدا رەنگ دەداتەوە بەداخەوە چەندین کاری قێزون، دوور لە لە بەھا مرۆڤایەتییەکان لە کاتی شەڕ روودەدەن وەکو جەرگ سووتان و ھەتکردن و دەست دێژکرنە سەر ناموسی یەکتری.. ئەمە چەمک وناوەڕۆکی شانۆگەری (لەچک) بوو.
تێکستی شانۆگەریەکە لە دەقی چەند نووسەرێک ئامادەکرابوو کە دەرھێنەر دراما تۆرگی بۆ کردبوو لەوانە نووسەر ئەمین مەعلووف لە شانۆیی (ئاریانە دایک) و عەبدوڵا پەشێو لە دەقی شیعری (برا کوژی)دا لەگەڵ چەند پەیڤێکی خودی دەرھێنەر مەولان حەمەدئەمین .
لە چک بۆچی لەچک؟
ناونیشان بۆ ھەموو کارێکی ھونەری و ئەدەبی گرنگە چونکە دەبێتە ھۆی سەرنج راکێشانی بینەر و وەرگر زۆر جاریش وابووە ناویشان گوزراشت لە ناوەڕۆکی بابەتەکە بووە ھەندێک جاریش بەپێچەوانە ناونیشانەکە تەنھا بۆ سەرنج راکێشانی بینەر بووە ھیچ پەیوەندی بە ناوەڕۆکی بابەتەکە نەبووە.
لەچک چەندین ماناو مەدللوی خۆی ھەیە بمانەوێت یان نەمانەوێت لە نێو کۆمەڵگای ئێمەو کۆمەڵگای ئیسلامیدا لەچک بەھای تایبەتی خۆی ھەمیشە وەکو ھێمایەک بۆ ئافرەت بۆ ئەوەی وابەست بێت بە کللتوو و دابوونەریتی موسڵمانبوون خۆی. بۆیە لەچک ئەوخوێندنەوەی بۆکراوەو وەکو ئەرکێکی ئایینی سەیر کراوە .. ھەندێک جاریش وەکو ساتیلی ھاوچەرخ و وەکو مۆدیل و شیک پۆشین بەکار ھاتووە .. لەچک لەم شانۆگەرییەدا مانای تایبەتی خۆی ھەیە وەکو بەھای شەرەف ،نامووس سەیر کراوە.. دەرھێنەر لە سۆنگەی ئەم ڕاوانگەوە بونیادی بۆ شانۆگەرییەکەی کردبوو.
من ھەمیشە وتوومە ئاوێتە کردنی چەند تێکستێک بۆ بونیادنانی دەقی شانۆیی کارێکی ئاسایی نییە ھەرچەند ئەگەر رووداوەکانی تێکستەکانیش لەیەک نزیک بن لەلایەکی تریش لەوانەیە خودی نووسەرەکان ئەم حەڵتەیان لەلاباش نەبێت ،لەوانەشەپێیان ناخۆشیش بێت.. دراماتۆرگی لەچەک لەلایەن خودی دەرھێنەر(مەولان حەمەدەمین) بۆ نمایشەکە کرابوو..تا رادەیەکی باش سەرکەوتوو بوو ھەرچەندە تێکستی سەرەکی شانۆگەرییەکە لە دەقی (ئارایانە دایک)ی ئەمین مەعلووف وەرگیرابوو .
نواندن :
نواندن ھەمیشە رۆڵی سەرەکی دەبینێت لەسەر کەوتنی ھەر نمایشێک ھاوکێشەیەکی ھاوتەریبە لە پرۆسەی دەرھێنان دا ھونەرمەند (زیاد کەریم) لەرۆڵی شێرکۆ ئەو نواندنی لە سێ حاڵەتی جیا جیای لە یەک کاتدا بەرجەستە دەکرد(شێرکۆی ھەتککەرو تەحەروشکەر، شێرکۆی سەرخۆش ، شێرکۆی نابینا) بێگومان نواندن لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی یاخود لە یەک کاتدا بۆ سێ نواندنی جیاواز پێویستی بە توانست و وەزەی زۆری ئەکتەری دەوێت چ لەرووی دەنگە چ لەرووی جوڵە و ئاماژەکان.. زیاد کەریم بەھۆی ئەوەی خاوەن ئەزموونێکی باشی نواندنە توانی سەرکەوتووانە رۆڵەکەی بەرجەستە بکات . خاتوو شادی عوسمان لە رۆڵی (ئاریانە) دایک وەکو خاک، نیشتیمان وەک زانراوە خاڵی سەرەکی نواندن لە ھەرئەکتەرێکدا دەنگ پشکی شێری بەردەکەوێت شادی خان لەرووی دەنگ و ھەست و سۆز و گوزراشتەکانی سەرکەوتوو لە گەیاندنی رۆڵەکەی زۆر بە وردی کاری لەسەر کردبوو کاردانەوەی لەگەڵ حاڵەتەکان و دیالۆگەکانی بەرامبەری زۆر بە روونی ھەستی پێدەکرا لە ھەمان کاتدا شوێن پەنجەی دەرھێنەر لەسەر نواندنەکەی دیار بوو بۆیە دەست خۆشی لێ دەکەم . ئەحمەد دلێر لە رۆڵی (ھەندرون)،ئەگەر چی لەچاو ھەردوو ئەکتەرەکە بەرکەوتەی لەگەڵ ھەردووکیان ھەبوو وەکو کوڕی دایک و باوک لەرێگەی نواندنەکەیەوە بە دوای راستی و رەسەنی خۆی دەگەڕا بۆیە دەبوایە چەندین حاڵەتی جۆراجۆری نواندنی بەرجەستە کردبا ئەرکێکی قورس بوو دەبوایە زیاتر ئامادە باشی بۆ کاردانەوەی حاڵەتەکان و روداوەکان ھەبوایە بە بۆچوونی خۆم لەزۆربەیان سەرکەوتووبوو لە ھەندێکاش وەک پێویست نەبوو راستە نواندنی سەرجەم ئەکتەرەکان نواندنێکی رایالیستی بوو بەڵام ھەستم کرد کاک ئەحمەد لەرووی دەنگ و دەموودووەوە ھەندێک زیادە ڕۆیی لە دیالۆگەکانی دەکرد .
دەرھێنان:
ھونەرمەند مەولان حەمەدەمین وەکو دەرھێنەری شانۆگەرییەکە بۆ نمایشەکەی زیاتر لەسەر کاری قوتابخانەی ریالیستی کاری کردبوو لەدابەش کردنی تەختەی شانۆ تەوزیف کردنی شوێن بەجۆرێک جوڵەی ئەکتەرەکان لەگەڵ دیمەنەکان ئیساتیکای بەنمایشەکە بەخشی بوو ماوەی نمایشەکە ٦٠ خوولەک بوو ریتمی شانۆگەرییەکە وای لە بینەران کردبوو کە تووشی وەرز بوون نەبن تا ئەو رادەیەی لەگەڵ رووداوەکان ئاوێتە ببوون ھۆڵەکەی کپ و بێدەنگ کردبوو..دەرھێنەر کۆتایی شانۆگەرییەگەی بە ھەمان دیمەنی پێشەکی شانۆگەرییەکەی کۆتایی پێھێنا چارەسەرێکی باشی درامی بۆ شانۆگەرییەکە کردبوو کە گوزراشت بوو لە بەردەوامی ناسۆری و دەرھاوێشتەکانی شەڕ تاچەند کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا ھەیە.
نابێ رۆڵی دیکۆر و رووناکی و موزیک و گۆرنییەکان و ئیکسسوار و مکیاژ لە م نمایشەدا بەھەند وەرنەگرین ھەریەکەو کاریگەری خۆیان لە نمایشەکە ھەبوو ..بۆنموونە بەکار ھێنانی دەرگا وەکو دەرگای ماڵ لە ھەمان کات دا وەکو کۆڵان لەکاتی دیالۆگەکان دا ھەریەکە رەنگی رووناکی تایبەت خۆی بەکار دەکات کە گوزرارشتی لە حاڵەتەکان دەکرد بەکار ھێنانی موزیکی زیندوو (کەمان و عود) زیاتر کاریگەری لەسەر نمایشەکە ھەبوو.
ستاڤی شانۆگەری (لەچک) پێک ھاتبوو: دەرھێنەر و دراما تۆرگ مەولان حەمەدەمین ،شادی عوسمان لە رۆڵی (ئاریانە)، ئەحمەد دلێر لە رۆڵی(ھەندرون)، زیاد کەریم لە رۆڵی (شێرکۆ)، ڤیانا حسێنی (بەرێوەبەری شانۆ)، ھەڵۆخان سڵاح (نەخشەسازی و ریکلام و میدیا، عەلی ئەڵوەنی (دیکۆر)، ھێمن محەمەد (میوزیک)، ئارام سەردار (میوزک)، محەمەد ڕەشید) (ڕووناکی و جێبەکردن).
تیمی کارگێڕی سیراوان عوسمان سەپەرشتیاری بەرھەم ، شاخەوان مستەفا لیژنەی بەرھەم ھێنان ، مەھدی حەسن لیژنەی بەرھەم ھێنان ،ھیوا عوسمان تیمی تەکنیکی ھۆڵ ،ڕەشید تاریق تیمی تەکنیکی ھۆڵ ، نێزار سلێمان تیمی تەکنیکی ھۆڵ.
دووبارە دەست خۆشی لە ستاڤی شانۆگەرییەکە دەکەم ھیوای کاری باشتریان بۆ دەخوازم.





![بەرد لە بەردی بێتەوە،دەنگی هەیە[1]](https://chra.tv/wp-content/uploads/2026/10/homer-noryawi10-360x180.jpg)



































































![بەرد لە بەردی بێتەوە،دەنگی هەیە[1]](https://chra.tv/wp-content/uploads/2026/10/homer-noryawi10-120x86.jpg)


Discussion about this post