نووسەر ھەوارخان سەیدمراد: نووسەرانی ئافرەت لە کوردستان ھەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە
نووسەر و مامۆستای زانکۆ و توێژەری کۆمەڵایەتی ” ھەوارخان سەیدمراد” یەکێکە لەو نووسەرانەی کەھەمیشە نووسینەکانی گوزارشت بووە لە کێشەکانی ناو کۆمەڵگا و ئازارەکانی ئافرەتان..ئەو پێی وایە ئافرەت کۆڵەکەی سەرەکیی خێزان و بنەمای پەروەردەیە…ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەو خاتوونە بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردوە:
ھەڤپەیپڤپن- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا پێمان باشە کورتەیەک لە ژیانی نووسینی خۆت بۆمان باس بکەیت؟
– نووسین بۆ من لە سەرەتاوە تەنھا حەزێکی ڕووت یان ئارەزوویەک نەبووە، بەڵکو ھەستکردن بووە بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو فەزا پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژین. بەرکەوتنی ڕۆژانەم لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگە و ئازارەکانی ئافرەتان، بووە ھەوێنی ئەوەی پێنووسەکەم ھەڵبگرم. لە سەرەتادا بە بڵاوکردنەوەی وتار و بابەتی کورت لە ڕۆژنامە، کۆڤار و فەزای مەجازی دەستم پێکرد؛ دواتر ھەنگاو بە ھەنگاو نووسینەکانم ئاراستەیەکی قووڵتریان وەرگرت بەرەو ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ڕەھەندەکانی پەروەردە.
*کێن ئەوانەی ھاوکار و پاڵپشتت بوون بۆ ئەوەی بێیتە ناو جیھانی نووسین؟
– لە سەرووی ھەموو پاڵپشت و ھاندەرێکەوە، قەرزاری باوکی ڕەحمەتیم (حاجی سەید مراد)م. باوکم ئیلھامدەر و کۆڵەکەی سەرەکیی دروستبوونی فکری و ڕۆحیی من بوو؛ ئەو لە تەمەنێکی زۆر زووەوە شەرەفی خوێندنەوە و ئاشنابوونی بە جیھانی وشە و پەرتووکی پێ بەخشین. بە جێھێشتنی کتێبخانەیەکی مەزن و دەوڵەمەند، یەکەم قوتابخانە و پەناگەی ڕۆحیی بۆ ئێمە دروست کرد تا لەناو جیھانی مەعریفەدا گەورە بین و فێری بیرکردنەوەی سەربەخۆ بوین. ئەو فەزا ڕۆشنبیرییەی باوکم لە ماڵەوە بۆی ڕەخساندین، ھەوێنی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی بێمە ناو جیھانی نووسین و قەڵەم ھەڵبگرم.
جگە لە باوکی ئازیزم، دڵسۆزیی خێزانەکەم، ڕێنوێنیی مامۆستا و نووسەرە بەڕێزەکانی بواری ئەدەب و پەروەردە، لەگەڵ بڕوا و بەدواداچوونی خوێنەرە ئازیزەکانم، ھەمیشە وزە و بەخششی بەردەوامییان پێ بەخشیووم تا بە بەرپرسیارییەتییەوە درێژە بە نووسین بدەم.
*زیاتر نووسینەکانت بۆ ئافرەتانە، ئەمە بۆچی دەگەرێتەوە؟
– ئافرەت کۆڵەکەی سەرەکیی خێزان و بنەمای پەروەردەیە. کاتێک کار لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی ئافرەت دەکەیت، لە ڕاستیدا کار لەسەر پەروەردەکردنی تەواوی کۆمەڵگە دەکەیت. من وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی سەیری دەکەم؛ چونکە ئافرەتان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پێویستییان بە دەنگێکە بە ڕاستگۆیی و زانستیانە داخوازی و کێشەکانیان بپڕژێنێتە سەر، نە تەنھا وەک دروشمێک، بەڵکو وەک ھەوڵێک بۆ دروستکردنی ھاوسەنگی و ھۆشیاری لە خێزاندا.
* تاچەند نووسەرە ئافرەتەکانمان بوێرن لە نووسینەکانیان؟
– نووسەرانی ئافرەت لە کوردستان ھەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و لە زۆر بواردا سەلماندوویانە کە خاوەن قەڵەمی سەربەخۆن. بوێری لەلای من تەنھا شکاندنی بێبنەمای نەریتەکان نیە، بەڵکو دەستنیشانکردنی دەردە کۆمەڵایەتییەکان و خستنەڕووی چارەسەرە بە ڕوونی. زۆرێک لە نووسەرە ئافرەتەکانمان سەرەڕای ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان، بە بوێرییەوە دەنووسن، بەڵام ھێشتا ڕووبەرێکی فراوانتر ھەیە کە پێویستی بە جەسارەت و قووڵبوونەوەی زیاتر ھەیە.
*مەرجە بۆ گوزارشت کردن لە کێشەکانی ئافرەتان نووسەرەکە ئافرەت بێت؟
– نەخێر، بەھیچ جۆرێک مەرج نیست. داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت و تێگەیشتن لە کێشەکانی، پرسێکی مرۆیی و ڕۆشنبیرییە پێش ئەوەی ڕەگەزی بێت. زۆرێک لە نووسەرانی پیاو ھەن کە بە قووڵی و بەسۆزەوە داخوازییەکانی ئافرەتانیان خستۆتە ڕوو. بێگومان ئافرەت خۆی چونکە لەناو ئەزموونەکەدا دەژێت، ڕاستەوخۆتر ھەست بە ئازارەکان دەکات، بەڵام نووسینی جدی گوزارشتە لە ئینسانیەت، نەک ڕەگەز.
*خاوەنی چەند کتێبیت؟ ئەگەر بکرێت بەکورتی ئاماژە بە ناوەڕۆکەکەیان بکەیت؟
– تا ئێستا خاوەنی یەک کتێبی بڵاوکراوەم بە ناوی (ھەوارگەی ھەوارخان) کە لە ساڵی ٢٠١٧ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە زیاتر چڕبوونەوەیە لەناو دنیای پەخشان، ڕێنمایی ڕۆحی و گوزارشتکردن لە سۆز و ئەوین؛ ھەوڵێک بوو بۆ دەستلێدانی ڕۆحی خوێنەر و بەخشینی ئارامیی دەرونی لە ڕێگەی وشەی باڵاوە.
*پرۆژەی داھاتووت چین؟
– لە ئێستادا وەک مامۆستای زانکۆ، کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەکادیمی لەسەر شانمە، لە وانەوتنەوە تا دەگاتە توێژینەوەی زانستی؛ بەڵام لە پاڵ ئەم ئەرکە ئەکادیمییانەشدا، بە جۆش و بڕوای جارانەوە بەردەوامم لە کاری ھۆشیاری و پەروەردەیی.
سەبارەت بە پڕۆژەی کتێبی دووەمم، لە ڕاستیدا بڵاوکردنەوەیم بە ئەنقەست دواخستووە و کارکردن تێیدا لەسەرخۆ دەڕوات، چونکە دەمەوێت بەوپەڕی وردبینییەوە پێگەیشتوو و گونجاو بێت و بە تەواوی ئامادە و شایستە بێت بۆ پێشکەشکردن. ئەم کتێبە نوێیەم ناوی (خانم دەستی پیاوەکەت بگرە) دەبێت، کە تەوەرێکی گرنگی پەیوەندییەکانی ھاوسەرگیری، پێویستیی تێگەیشتنی دوولایەنە و پاراستنی ھاوسەنگیی خێزانی لەخۆدەگرێت.































































نووسەر ھەوارخان سەیدمراد: نووسەرانی ئافرەت لە کوردستان ھەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە










Discussion about this post