سەدیق سەعید ڕواندزی
بەدرێژایی ژیانم، کە لە پاییزی تەمەندامە و وەک شاعیرە سوێدییەکە گوتەنی، بە نێو پاییزدا بەرەو مەرگ دەڕۆم، بیرم نایەت یەک پاڵەوان لە ژیانم، بە دایکم و باوکم، مامۆستا و ھاوڕێکانم، خێزانەکەم ھەبووبێت، چونکە مرۆڤ لە ژیانیدا کە لە ژێر سێبەری کەسێک وەستا، بە نەمانی سێبەرەکە خۆشی نامێنێت، بۆیە دەبێت خۆی پاڵەوانی ژیانی خۆی بێت و خۆی لە سەر پێی خۆی بووەستێت و ھیچ کەس بە مامۆستاکانیشیەوە، کە ئەرکی پیشەیی خۆیان بە جێ دەگەیەنن، بە پاڵەوانی خۆی نەزانێت، چونکە ئەمە وەک ھایدگەر دەڵێت، جۆرێکە لە بوونی ناڕەسەن! ھەر لە منداڵییەوە، ھەستم کرد فڕێ درامە نێو ژیان، ئیدی دەبوو لە سەر پێی خۆم بووەستم و خۆم ببمە پاڵەوان و ڕێ نیشاندەرەی خۆم و سوپاس بۆ خوا تا بە ئەمڕۆ گەیشتم. لە ژیانمدا، سەدان، بگرە ھەزاران ناسۆری و کەوتن و شکست و نائومێدی و ڕەشبینی و سەختی و نەبوونی و ھەژاریم بینی، بەڵام ھیچ کام لەو واقیعە سەختانەی ژیان، ئەو ھەستەیان لا دروست نەکردم، بچمە ژێر سایەی کەسێکی دیکە و ئیدی بیکەمە پاڵەوانی ژیانم، بەڵکو خۆم ڕووبەڕووی گرفت و سەختییەکان بوومەوە. ئەو دەمانەی لە ھەولێر دەمخوێند، لە بەر بێ پارەیی، بە پێ دەچوومە پەیمانگا، چەندین کیلۆمەترم دەبڕی و دەھاتمەوە، چونکە پارەم نەبوو کرێی پاس بدەم، دەمتوانی پارە لە چەندین دۆست و ھاوڕێ و کەسانی زەنگین بە قەرز وەربگرم، بەڵام شکۆمەندی خۆم ڕێگەی پێ نەدەدام. نەک دەیان جار، سەدان جارن نان و شەربەتم خواردووە،جار ھەبوو بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ھیچم نەدەخوارد، چونکە لە خێزانێکی ھەفت کەسی یەکجار نەدارو پەرپوت و ھەژار بووم و باوکم توانای ئەوەی نەبوو بمانژێنێت ، لە سەردەمی گرانییەکەو شەڕی ناوخۆدا. جارێکیان کە بەڕێوەبەری قوتابخانە بووم، چەندین مامۆستای دۆست و ھاوڕێ و ئازیزم لابوون، ھەموویان گوتیان گەر پێویستیت بە پارەیە چەندت دەوێ با پێتی بدەین، یەکێک لە مامۆستاکان، کە لە ھەموویان زیاتر ھاوڕێم بوو، ئێستا لە فینلەندا دەژیت و یادی بەخێر، وەک ئەوان نەیگوت پارەت پێویست نییە؟ئەو مامۆستایە ڕووی لە مامۆستاکان کردوو پێی گوتن، من لە ھەمووتان نزیکترم لەو، لە ھەمووشتان زیاتر خۆشم دەوێت، بەڵام من نەفسیەت و کەسیەتی مامۆستا سەدیق دەناسم، کە ئامادە نییە پارە لە ھیچ کەسێک وەربگرێت، دەنا من لە بەرایی ھەمووتان، چەندی بووێت پێم دەدا. مەبەستم لەو نموونانە ئەوە نییە، ئێمە نموونەیی بین، کە ئێستاش ژیانم پڕە لە قەھڕ و خەفەت، نەخێر، بەڵکو مەبەستمان ئەوە بوو مرۆڤ نابێت شانازی بەوە بکات پاڵەوانێک لە ژیانی ھەبووە ! ئەی خۆت چی؟ وەک ئەو ژیریی و ھەست و توانات نەبووە؟ ئەوانەی خۆیان لە ژێر سایەی سێبەری کەسێک دەبینەوە، دەیانەوێت بچووکی خۆیان بە گەورەیی کەسەکە دەربخەن. کاتێ دەبینم کەسێک ھەڵپەی ئەوەیەتی وێنە لەگەڵ بەرپرسێکی گەندەڵ بگرێت، خۆم لە شوێنی خۆم تەریق دەبمەوە، مەگەر ئەویش وەک تۆ مرۆڤ نییە؟ بگرە تۆ لەو شکۆمەندتر و بەڕێزتریشی، ھیچ نەبێ تۆ وەک ئەو سەرمایەی ئەم وڵاتەت نەدزیوە و گەندەڵیت نەکردووە. مرۆڤ دەبێت خۆی پاڵەوانی ژیانی خۆی بێت، چونکە ئەوەی واھەست بکات پاڵەوانێک لە ژیانی ھەبووە، بۆ ھەتا ھەتایە ناتوانێت ببێتە پاڵەوان، چونکە پاڵەوان بوون یەک جارە و بۆیەک کەسە.





























































سەدیق سەعید ڕواندزی










Discussion about this post