ئەرسەلان مەحمود/ بەرێوەبەری چراتیڤی : لەم وەرزەداو، هەموو ساڵێ لەمرۆژەدا، منارەی چۆلی بەرگی سپی دەپۆشێ، ئەو ئێستا مات و سەرسوڕماو، سەری دەبەر خۆیەوە ناوەو، بۆ مەرگی ئەردەلانی درەوشاوە، ئەردەلانی لێوان لێو لەهەڵوێست، ئەردەلانی پەرۆشی هونەرو هونەرمەندی دەنگخۆش دەناڵێنێ، بێناز بێناز خۆر لەسووچێكی ئاسمانی ئەم هەرێمەوە، هەر دەڵێی شۆخە دڵشكاوەكەی لەیار دابڕاوی قەڵاتە، وا بەو دڵتەنگییەوە لەم زەوییە ڕاماوە!..
لێ، لەناو ئەم فەوزا هونەرییەی ئەمڕۆ، هەموومان بەخوتوو خۆڕایی فرمێسك بۆ مەرگی هونەرمەندانێك دەڕێژین لەبنەمادا نەمربن!..ئەو هونەرمەندانەی لەقوتی ژیانكردنی خۆیانگرتووە بۆ ئەوەی شتێكی نوێ بخەنە سەر ژیانكردنی ئێمەو خزمەتی هونەر هەرگیز نەمرن، ئەردەلان ئەو هونەرمەندە نەبوو بەپارەوپولی حزب و دامەزراوەگەلی بێمانا كار لەسەر ئەنفالكردنی ئاوەزو میوسكی گۆرانی كوردی بكات، ئەو ئێستا بەختەوەرە، بەختەوەرترین هونەرمەندیش ئەوانەن زوو دەمرن، چونكە بەو مەرگە دەیانەوێ ڕێ لەپیربوونی هونەرەكەیان بگرن!..
ئەردەلان مرۆڤێكی ئاسایی نەبوو، هونەرمەندێكی سادە نەبوو، ئەوەی ئەو دەیبینی ئێستایش زۆرێك بەناو هونەرمەند هەن نایبینن و، نایلێن، ئەوی ئەردەلان هەستی پێدەكردو، دەیخستە پێشچاوان، زۆرێكی تر هەستی پێناكەن و، نایشیانەوێ هیچ بڵێن، ئەو ڕەنجەی ئەردەلان لەپێناو هونەرەكەی دەیكێشا، هونەرمەندانێك نایكێشن و، مناڵگەلێك لەو بازاڕە شاگەشكە بوون، تەمەننای مردنی كەسمان نییە، بەڵام ئەو مردنەكەیشی لەمردنی هونەرمەندانێكی تر نەدەچوو، وەك مەرزییە، وەك حەمە جەزا، دەردێكیان چەشت خەڵكانێكی تر نایچێژن، لەم هەموو روداوگەلی ئەم چەن ساڵەی دوایی، هونەرمەندانێكی زۆر دەگمەن بینران قسەو هەڵوێستێكیان هەبێ، ئەردەلان بێدەنگ نەبوو، ئەو یەكێك لەو كورە هونەرمەندە بەقسەو دەكمەنانە بوو، تا رۆیشتیش هیچی نەشاردەو، بەخاتری كەسیش سازشی لەسەر هونەرەكەی نەكرد، ئێستاش زۆرێك هەن نەگەیشتوونە ئەو ئاستەی بوێرین ڕازەكانی دەروونیان بۆ هیچ شتێك بخەنە روو.
ئەردەلان هونەرو دەنگێكی خۆشخوێنی بۆ ئێمە جێهێشت، لێ ئەوەی بەلای عاشقانی ئەوەوە خەمبەرە، ئەوەیە دەرد ماوەی نەدا بەئاواتە لەمێژینەكانی خۆی بگات. چراتێڤی وەك هاوری و هاودەمی ئەو هونەرمەندە جوانەمەرگ و گەورەیە، بەڵێن دوپات دەكاتەوە هەمیشە پەیام و، دەنگی ئەو رازو نیازانە بێت ئەردەلانیان بۆ ژیا، درود بۆ گیانی پاكی تۆ ئەی هونەرمەندی بەویقارو دانا.