پێویسته حكومه‌ت به خۆیدا بچێته‌وه و له‌وه تێبگات كه هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه كێیه
هاوكاری كردنی هونه‌رمه‌ندان خێرێك نیه حكومه‌ت به هونه‌رمه‌ندی بكات، به‌ڵكو ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقیه پێویسته به‌جێی بهێنێت
ئالان عومه‌ر/ نوچه. نێت
هونه‌رمه‌ند شوان قه‌ره‌داغی گەنجێکی دیار‌و بەتوانای بواری هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی کوردە، شوان وەک خۆی لەم دیمانەی نوچەنێت دا دەڵێت، هه‌موو كه‌سێكی خۆشده‌وێت و پێی خۆشه خزمه‌ت به میلله‌تی خۆی بكات، ئەوەش رادەگەیەنێت بەهۆی بارودۆخی شێواوی هونەری کوردی بڕیاری داوە بەرهەمی نوێی نەبێت.
ئالان/ شوان ناوێكی ناسراوه له هونه‌ری كوردیدا، ئه‌گه‌ر واز له‌و ناسینه‌ی خۆمان بهێنین له تۆ ئه‌پرسین شوان قەره‌داغی كێ یه تۆ چی ئه‌ڵێیت؟
شوان/ شوان كه‌سێكه ههموومرۆڤێكی خۆشه‌وێت و پێ ی خۆشه خزمه‌تی میلله‌تی خۆی بكات و هونه‌رێكی جوان و ره‌سه‌ن پێشكه‌ش به نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كۆسپ و رێگریانه‌ی كه له‌به‌رده‌میا هه‌یه، كۆڵ نادات و هه‌میشه له‌خه‌می سبهینێدایه.
ئالان/ زۆربه‌ی چین و توێژه‌كان ره‌خنه‌و گله‌ییان له ئه‌دای حكومه‌ت هه‌یه، تۆ هه‌م وه‌ك گه‌نجێك، هه‌م وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك رات چیه؟ ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی له چی ؟ ئه‌گه‌ر گله‌ییت هه‌یه له‌چی؟
شوان / بێگومان له كوردستان كه‌موكورتی زۆره، له گشت بواره‌كاندا و به تایبه‌ت بواری هونه‌ر ، به داخه‌وه رێزی هونه‌رمه‌ندی به‌شه‌خسیه‌ت نایگیرێت، له‌م ووڵاتهدائهوهی كار بۆ هونه‌رێكی پاك و ره‌سه‌ن بكات، فه‌رامۆش ئه‌كرێت. میزاجی شه‌خسی و براده‌رایه‌تی و خزم خزمێنه زۆر باوه‌و به‌رچاوه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆر خراپی به‌جێهێشتوه له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌رونی هونه‌رمه‌ندان، پێویسته حكومه‌ت كه‌مێك به خۆ‌یا بچێته‌وه و له‌وه تێبگات كه هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه كێیه، ئه‌وه‌ش بزانه كه هاوكاری كردنی هونه‌رمه‌ندان خێرێك نیه به هونه‌رمه‌ندی بكات، به‌ڵكو ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقیه، پێویسته به‌جێی بهێنێت. من وه‌ك خۆم له‌زۆر شتی حكومه‌ت رازی نیم، چونكه هه‌رگیز هاوكاری نه‌كردوم وه‌ك شوانه.
ئالان/ تا چه‌ند رازیت له كاره هونه‌ریه‌كانت؟ وه‌تا چه‌ند نارازیت؟ ئه‌گه‌ر رازیت به چی رازیت؟ ئه‌گه‌ر نارازیت له‌چی نارازیت؟
شوان / هه‌موو كاره هونه‌رییه‌كانی خۆم لا پیرۆز‌و خۆشه‌ویسته، چونكه ته‌نیا خۆم ده‌زانم كه به‌چ ده‌رده‌سه‌رییه ك و داماوییهك تۆمار‌و كلیپ كراوه، هه‌موو كاره‌كانیشم به پاره‌ی خۆم به‌رهه‌م هاتوه، هه‌ندێ كه‌ناڵی راگه‌یاندن هاوكاری مه‌عنه‌ویان كردوم، كه شایه‌نی رێز‌و سوپاسن. له‌رووی چۆنیه‌تی كارهكانیشمهوه سوپاس بۆ خوا كه ده‌بینم جه‌ماوه‌ر لێی رازییه، ماندویهتیم ئه‌حه‌سێته‌وه. له كارهكانیشما خزمه‌ت كردنی كلتوری میلله‌ته‌كه‌م له‌ریزی پێشه‌وه داناوه، كه ئه‌مه جێ خۆشحالی جه‌ماوه‌ریشه.
ئالان/ كاتێك باس له‌هونه‌ری ره‌سه‌ن ئه‌كه‌ن، زۆر كه‌س پێی وایه كه ئه‌بێت هه‌مان ستایل و شێوازی گۆرانیه له پێشینه‌كان دوباره بكرێته‌وه، تۆ پێت وایه ته‌نها ئه‌وه ره‌سه‌نایه‌تیه ؟ یان چي؟
شوان / گۆرانی ره‌سه‌ن ئه‌و گۆرانیه‌یه كه وه‌ك خۆی ئه‌مێنێته‌وه له دڵ و ده‌رونی جه‌ماوه‌ردا و كۆن نابێت و هه‌میشه چێژی خۆی هه‌یه، من له‌و باوه‌ره‌دام كه هه‌ر گۆرانیه‌ك كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر و مۆركی كوردایه‌تی پێوه دیار بێت و له‌رووی تێكست و ئهددای هونه‌رمه‌نده‌كه‌وه بێ كهمو كورتی بێت، گۆرانییه‌كی ره‌سه‌نه.
ئالان/ كاری نوێت چیه ؟ به‌نیازی چیت؟
شوان/ به هۆی ئه‌م باروو دۆخه شێواوه‌ی كه دووچاری هونه‌ری كوردی بوه، بریارم داوه كاری نوێم نه‌بێت، تا ئه‌و كاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ست به‌وه ده‌كات كه پێویسته كاری جددی بكات، به هاوكاری كردنی هونه‌رمه‌نده راسته‌قینه‌كان.