لەژێر دروشمی (بەرەو پتەوکردنی پردەکانی پەیوەندی کەلتووری ناوچەو جێگا جیاوازەکانی کوردستان) سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوریء چالاکی رۆشنبیری کە ناسراوە بە R.C.E, دووەمین فیستیڤاڵی کەلتورە جۆراو جۆرەکانی کوردستان بۆ ١١ تیپ و گروپی جیاواز لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات, لە شاری رانیە ئەنجام دەدات. بۆ ئەو مەبەستە (خالید قادر محمد) لێپرسراوی سەنتەری رایەڵ لە لێدوانێکدا رایگەیاند: لە رۆژی ٣٠ و ٣١/١٠/٢٠١٢ لە شاری رانیە دووەمین فیستیڤاڵی کەلتورە جۆراو جۆرەکانی کوردستان, ئەنجام دەدەن کە ھەر یەک لە تیپەکانی (گروپی کیژانی رانیە, تیپی ھونەری میللی سریان, تیپی شاریای ئێزیدی, تیپی شونوار لە خوراسان, تیپی روبادی ھونەری لە دھۆک, تیپی شەدە وەردی کەرکوک,- تورکمان, تیپی ھونەری میللی برایەتی کەرکوک, تیپی روناک لە کوردستانی رۆژھەڵات, تیپی سۆزی گەرمیان, تیپی میوزیکی لاوەند لە بەغدا- برایانی فەیلی) بەشداری تێدا دەکەن, ئەم فیستیڤاڵە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت, چالاکیەکەش لە رێکەوتی ٣٠-١٠-٢٠١٢ لە کاتژمێر ٦:٣٠ ئێوارە, لە پارکی دەروازەی شاری رانیە دەستپێدەکات و لە رێگای کۆمپانیای بابیلۆن کاری تۆمارکردنی بۆ دەکرێت و راستەوخۆش لە چەند کەناڵێکی ئاسمانی دەگوازرێتەوە, ئەم فیستیڤاڵە بە ھاوکاری بەرێوبەرایەتی رۆشنبیریء ھونەری رانیە کە سەر بە بەرێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەر و وەرزش و لاوانی سلێمانیە, لە وەزارەتی رۆشنبیری, بودجەی بۆ تەرخانکراوەو لە رێگای سەنتەرەکەمانەوە جێ بەجێ دەکرێت. ئامانجی سەرەکی چالاکیەکەش کۆکردنەوەی جیاوازییەکانء گرنگی دانە بە پەیامی ئاشتیء بەھێزکردنی رایەڵی نێوان کەلتورە جۆراو جۆرەکانە بە ئاراستەی خزمەتکردنی نیشتیمان.
جێگای ئاماژەیە سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری لە مانگی ١٢ ساڵی ٢٠١٠ مۆڵەتی یاسایی لەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەرگرتوە, ئەم سەنتەرە کار لە بواری ئاڵوگۆری کەلتوری لە ناوەوەو دەرەوەی وڵاتدا دەکات. تا ئێستا چەندین کارو چالاکی سەرکەوتووی لەو بوارەدا ئەنجامداوە, بەتایبەت بۆ دروستکردنی پەیوەندی ئاڵوگۆری کەلتوری لەگەڵ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا, دروستکردنی پەیوەندی کەلتوری لەگەڵ (لاز) و (چەرکەس)ەکانء گۆرینەوەی چالاکی لەگەڵ شاری (ئاماد)ی کوردستانی باکوور. ھەروەھا لە بواری ناوخۆدا توانیوانە لەگەڵ برایانی ئێزیدیء سریانی و تورکمان پەیوەندییەکی بەھێز دروستبکەنء ئەم چالاکیەش دووەمین فیستڤاڵی ئاڵوگۆری کەلتورییە کە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و بۆ چەندین تیپ و کەلتوری جۆراو جۆر, لە شاری رانیە ئەنجامی دەدات.