شانازی بە بوێریەکەم دەکەم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
کچە گۆرانیبێژ لۆکە زاھیر دوای بڵاوبوونەوەی دوو ئەلبوومەکەی نوێکەی، کە یەکێکیان بادینی و ئەویتریان سۆرانی بوو (سڤیل) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجامدا و لەگەڵ دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بازرانی وەک سەرۆکی حکومەتی کوردستان لۆکە داوایەکی ئاستەکرد و دەڵێ “داوا لەکاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم ھەوڵی ئاشتبوونەوەی لایەنەکان بدات کە پێم وایە بەڕێزیان دەتوانێ ئەم دەورە ببینێ، گرنگی بەبواری ھونەری بداتەوە کە لە کابینەری رابردوودا کەمتر گرنکی بەبواری ھونەری درا”.
سڤیل: ئامانجت لەوەدا چی بوو لەیەک کات دوو ئەلبووم بڵاوبکەیتەوە، بادینییەک و سۆرانییەک، تەنیا ویستت وەک یەکەمین ھونەرمەندی ئافرەتی کورد وابکەی، یاخود مەبەستێکی ترت ھەبووە؟
لۆکە: ھەر ھونەرمەندێک لەپێشکەشکردنی کارەکانی بە جەماوەر ئامانجی تایبەتی ھەیە، ھەموو شتێکی باش و نوێم پێ باشە، کە لەخزمەتی ھونەرەکەمدا بێت پێشکەشی دەکەم بەجەماوەرەکەم، دواتر ئەو کارە وەک دوو ئەلبووم بەدوو زاراوە پێمخۆش بوو کارێک بکەم لەیەک کاتدا دوو بەرھەم بڵاوبکەمەوە.
سڤیل: ئیتر ھەموو ساڵێک دوو ئەلبووم دەکەی یاخود بەس ئەمساڵ وابوو؟
لۆکە: من نازانم، لەساڵی (٢٠١٠)ـش دوو ئەلبوومم بڵاوکردەوە، بەڵام کاتەکانی بەیەکەوە نەبوو، کار و ئامادەکارییەکان دەزانی ئەگەر بکرێت کاری باش بێت بۆ نا.
سڤیل: تائێستا کامە ئەلبوومت باشتر فرۆشراوە، بادینییەکە یاخود سۆرانییەکە؟
لۆکە: پێم وایە وەک یەک ھەردوو بەرھەمەکە سەرکەوتنی بەدەستھێناوە، ھەردووکیان بەشێوەیەکی زۆر باش پێشوازی لێکراوە.
سڤیل: ئەمساڵ ھیچ ئەلبوومی تر بڵاودەکەیتەوە، یان بەسە ئەو دوو ئەلبوومە؟
لۆکە: ھەوڵدەدەم ئەگەر دەرفەت بێت ئامادەکاری بۆ کاری نوێ بکەم، بەڵام ناتوانم کات و زەمەن دیاری بکەم.
سڤیل: لەئەلبوومی یەکەمت ستایلی زۆرت بەکارھێنا کە تێیاندا سەرکەوتوو بووی و بەم ئەلبوومەش لۆکە گەیاندە لوتکە، بەڵام تائێستا ھەر لەسەر ئەو ستایلانە گۆرانیت گوتووە، واتا گۆڕانکارییەکی گەورە لەئەلبوومەکان یەک لەدوا یەکەکانت نەکراوە، بۆچی؟
لۆکە: من ھەموو کارەکانم خۆشبەختانە سەرکەوتنی بەدەستھێناوە، دیارە فەزلی کارەکانم دەگەڕێتەوە بۆ مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر، ھەروەھا پێشوازی جەماوەری خۆشەویست لەکارەکانم، بەڵام ھەریەک لەئەلبوومەکانم بە باشی پێشوازی لێکراوە و ستایلی جیاوازم بەکارھێناوە.
سڤیل: ئەلبوومی ئەمجارەت بێتەوە چۆن دەبێت، پێم خۆشە باسی ئەلبوومی داھاتووت بکەی؟
لۆکە: ئامادەکاری بۆ کاری باش دەکەم و ھەندێ کاری نوێم لەبەر دەستدایە کە تائێستا لەپێش مندا نەکراوە، من پێم وایە کارێکی زۆر باش دەبێت، لەرووی تێکست ھەوڵم داوە تێکستی زۆر باش بەکاربێنم کاتێک بەرھەمەکە نزیکبووە ئەوکات زۆرتر قسە لەسەر کارەکان دەکەم، بەبێگومانی سەرجەم کارەکان لەگەڵ مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر دەبێت.
سڤیل: تۆ لەماوەی ٣ ساڵ کارکردن شەش ئەلبوومت ھەیە، جگە لەژمارەیەکی زۆری کلیپ، لێرەوە دەردەکەوێت زۆر ھەوڵی کاری ھونەریت داوە، بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە بۆچی لەراگەیاندنەکاندا ئەوەندەی باسی شتی شەخسی و ژیانی تۆ دەکرێ ئەوەندە باس لەلایەنە ھونەرییەکەی تۆ نەکراوە؟
لۆکە: من ژیانم تەرخان کردووە بۆ کاری ھونەری، تەنیا بەوە خزمەت بە کەلتوری میللەتەکەم دەکەم ھیچی تر، ئامادەکاری و ماندووبوونم بۆ شەش ئەلبووم بەراستی کارێکی ئاسان نییە بگڕە زۆر زەحمەتە.
سڤیل: دوای کلیپکردن و بڵاوبوونەوەی سروودی “سەربەخۆبوون” کە تۆ و ھونەرمەند (میرا) پێکەوە گوتیان، تاچەند لەلایەن کەسانی بەرپرس دەستخۆشیان لێکرا؟
لۆکە: لەلایەن زۆربەی کەسان دەستخۆشیم لێکرا، بۆ من گرنگە سەرجەم جەماوەر کارەکەیان بەدڵ بێت نەک تەنیا بەرپس و کەسی لایەندار، لەگەڵ ڕێزم بۆ ھەموو لایەک، ئەم سروودەی من و ھونەرمەند کاک میرا کارێکی نیشتمانییە گرنگترین خاڵ بۆ ئێمە رازی بوونی جەماوەرە و ئەوەی بینرا ھەتا ھەواڵەکەی و کلیپەکە زۆرترین بینەری ھەبوو، ئەمەش سەرکەوتنی کارەکە بەدەردەخات.
سڤیل: گۆرانیت بەزمانی فارسی و عەرەبی گوتووە، ئەی بۆچی گۆرانیت بۆ ئینگلیزی نەگوتووە، خۆ تۆ زمانی ئینکلیزییەکە لەعەرەبی و فارسییەکە باشتر بوو؟
لۆکە: ھێشتا بیرۆکەی وەھام نەبووە، رەنگە لەیاندە ھەبێت، ئەوە کات و زەمەن دیاری دەکات.
سڤیل: کاتی ئەوە نەھاتووە خۆشت شیعر بۆ گۆرانییەکانت بنووسی؟
لۆکە: شاعیری زۆر گەورە و باشمان ھەیە، پێم باشە من گۆرانی بڵێم بەس.
سڤیل: تاچەند شارەزایت لە ستایلەکان و ئامێرە موزیکییەکان ھەیە؟
لۆکە: بێگومان ئەوکەسەی کار لەگەڵ مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر بکات فێری ستایل و مەقامەکان دەبێت، بەڵام تائێستا وەک ئامێری میوزیک کارم نەکردووە، بەڵام لەپڕۆژەکانی داھاتووم دایە.
سڤیل: نووسەرێک نووسی بووی “لۆکە دەنگی خۆشە، ھیچ پێویستی بەوە نەدەکرد پەنا بۆ ئیغرا و خۆرووتبوونەوە ببات، بەڵام لەبەرئەوەی زۆر گرنکی بەوە لایەنە دەدات گوێگر ئەوەندەی سەیری ئەکات ئەوەندە گوێ ناگرێ”. تۆ راست لەسەر ئەو بۆچوونە چییە؟
لۆکە: ھەموو کارێک و زەمەنێک بۆچوونی خۆی ھەیە، من شانازی دەکەم بەوەی وەک ئافرەتێکی کورد بەبوێری کارم کردووە، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ لەناخەوە لەھەڵسوکەوتی مرۆڤێکی باش بێت، سوپاس بۆ ئەو بەڕێزەی ئەمەی وتووە من ڕێز بۆ ھەموو رەخنەیەک دادەنێم و تاوەکو پێشم بکرێت رەخنەکان بنیات نەربێت کاری لەسەر دەکەم.
سڤیل: دەکرێ بڵێی لەتۆوە مۆدێلێکی نوێی گۆرانی دروست بوو یاخود لەپێش تۆ؟
لۆکە: ھەریەکەمان کاری خۆمان کردووە و ھەریەکەمان بەشێوەی خۆی من ھەندێ تایبەتمەندی خۆم ھەیە کە وەک ستایل و جۆری کارەکانم.
سڤیل: وەک کچە ھونەرمەندێک چ داواکارییەکت لەسەرۆکی نوێی حکومەت نێچیرڤان بازرانی ھەیە؟
لۆکە: ھیوادارم وەک ھەمیشە دڵسۆزی میللەت بووە بەردەوام بێت لەو رەوتەی، بەتایبەت لەئاوەدانکردنەوەی کوردستان، بتوانێ متمانە دروست بکات لەنێوان ھەموو لایەنەکاندا، بۆ ئاشتبوونەی ھەموولایەک لەگەڵ یەکتردا، چونکە بڕوام وایە بەڕێزیان دەتوانن ئەو دەورەیان ھەبێت، بتوانێ زیاتر پشتگیری گەنجان و ھونەرمەندان بکات بەتایبەتی.
سڤیل: ھەوڵی ئەوەت نەداوە دووبارە دەست بەخوێندن بکەیتەوە؟
لۆکە: من وەک گوتم تەواوی ژیانم بۆ کاری ھونەری تەرخان کردووە، ئەگەریش بخوێنم بۆ خوێندنی میوزیک خەریک دەبم.
سڤیل: سوپاس، ئێمە پرسیاری ترمان نەما، بەھیوای سەرکەوتن؟
لۆکە: سوپاس بۆ تۆش کاک زانا، سوپاس بۆ گۆڤاری سڤیل و ھەمیشە سەرکەوتووبن.