جەمشید بۆ سڤیل : پڕۆژەیەکم لە کوردستان ھەیە بۆ دروستکردنی سوپەرستاری کورد باشترین گەنج ھەڵدەبژێرم و خۆشم ئەلبوومی بۆ دەکەم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : جەمشید یەکەم ھونەرمەندی کوردە ھاوڕێی نزیکی ھونەرمەندە فارسەکانە، وەک خۆیشی دەڵێ ھەر بەبرادەرایەتی ھونەرمەندە فارسەکانی ھێنا بۆئەوەی لەکوردستان کۆنسێرت ئەنجام بدەن، کە دواترینیان کۆنسێرتەکەی “ئومێد و سپێدە و مەنسور” بوو، کە بەبۆنەی نەورۆز لەپارکی شاندەر لەشاری ھەولێر بەخۆڕایی ئەنجامدرا. لەبەرئەوە ئیستا جەمشید پێی وایە “ئەو تاکە سەفیری کوردە لەناو موزیک و گۆرانی فارسی”. جەمشید لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل) ئاشکرایکرد لەھاوینی ئەمساڵدا ئەلبوومە نوێیەکەی بڵاودەبێتەوە، کە چوار گۆرانی کوردی لەخۆدەگرێت.
سڤیل: سەردانی ئەمجارەت بۆ کوردستان تەنیا بۆ بەشداریکردن بوو لەم کۆنسێرتەی کە بۆ ھونەرمەندانی فارس ئومێد و مەنسور و سپێدە لەھەولێر ئەنجامدرا؟
جەمشید: ھەم بۆ نەورۆز و بەشداریکردن لەم کۆنسێرتەی کە کرا ھەمیش خزموکاری خۆم لەئێرانەوە ھاتن بۆ کوردستان بۆ نەورۆزکردن.
سڤیل: چۆن بوو ئەم کۆنسێرتەی ئەمجارە بەخۆڕایی بۆ خەڵک کرا؟
جەمشید: لەبەرئەوەی جەماوەرێکی زۆر ھاتبوو لەھیچ شوێنێک نەماندەتوانی شوێنیان بکەینەوە، وەزارەتی گەشتوگوزار و پارێزگاری ھەولێر خۆیان پارەکەی ھونەرمەندەکانیان دا بۆئەوەی ئەو گەشتیارانەی کە ھاتوون بۆ ھەولێر خۆش بگوزەرێنن، چونکە لەوانەیە ھەموو ئەو میوانانەی کە ھاتوون بۆ کوردستان توانای پارەدانی بلیتیان نەبێت.
سڤیل: بۆچی ئێستا وەک جاران بەرھەمت نییە، ھەم کلیپ ھەمیش ئەلبووم؟
جەمشید: دوو مانگ لەمەوپێش کلیپێکی نوێم بڵاوکرایەوە، سێ ساڵە خەریکی ئەلبوومێکم، چونکە کاری ئەلبووم ئیشی زۆر دەوێت، ئێستا ٢٠ گۆرانی نوێم دروستکردووە کاتێک ئەلبووم دەکەم کە ١٠ یاخود ١٢ گۆرانی پێکدێت دەبێ باشترین لەم گۆرانیانە ھەڵبژێرم لەرووی کوالێتی و میوزیک و ھەموو رووەکانی تر، چەند مانگێکی تر ئەلبوومەکەم تەواو دەکەم، لەئایندەییەکی نزیک کلیپەکانم تەواو دەبێ ئەمساڵ ئەلبووم و کلیپەکانم بڵاودەکەمەوە، ئەمجارە چوار گۆرانی کوردی تێدایە، ھەروەھا لەگەڵ سوپەرستارێکی باش خەریکە دوێت ئەنجام دەدەم.
سڤیل: ئەی بۆچی تائێستا لەگەڵ گۆرانیبێژێکی کورد دوێت نەکردووە، ئەوە لەپڕۆژەتدا ھەیە؟
جەمشید: بۆچی نا.. زۆر پێم خۆشە لەگەڵ گۆرانیبێژێکی کورد دوێت بکەم ئەگەر لەرووی دەنگ و نۆتە لێکنزیک بووین، ئینشاڵڵا ئەگەر لەداھاتوودا قسمەت بێت بتوانم کارێکی وا بکەم، دوو ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ کچێکی کوردی مەھاباد بەناوی “باران” پێکەوە گۆرانییەکی فارسیمان گوت، کە ئێستا ئەو کچە لەوڵاتی کەنەدایە، ئەم گۆرانییە لەکەناڵی pmc زوو زوو پەخش دەکرێ، لەرێگەی منەوە ناوبانگی دەرکرد و ئێستا لەناو جەماوەری فارس خەڵکێکی زۆر دەیناسێت، ئێستاش خەریکە ئەلبوومی خۆی دروست دەکات و خۆشم ھاوکارییم کرد.. پلانێکم ھەیە ئینشاڵڵا ئەگەر لەکوردستان مامەوە لەجێگایەک کە بتوانم گەنجەکان کۆبکەمەوە و باشترینیان ھەڵبژێرم و خۆی ئەلبوومەکەی بۆ بکەم و سپۆنسەری دەکەم، خۆشم گۆرانییەکانی بۆ ئامادە دەکەم، ھەم بەکوردی ھەمیش بەفارسی.. پێم خۆشە یەک دوو گۆرانیبێژی باش وەک سوپەرستارێک دروست بکەم.
سڤیل: لێرە کە باسی جەمشید دەکەن دەگوترێ فارسەکە، تۆ ئەوە بۆچی دەگەڕێنیەوە؟
جەمشید: لەتەواوی دنیا دەزانن جەمشید کوردە و منداڵی سنەیە، جەمشید تەنیا کەسێکە لەناو مۆسیقا و گۆرانی فارسی سەفیری کوردە، ئەگەر من ھەر بەکوردی گۆرانی بڵێم ھەر لەکوردستان گوێم لێدەگرن و فارس نازانێ جەمشید کێیە! من کاتێک دەتوانم خزمەتێک بەمۆسیقای کوردی بکەم ئەویش ئەوە کە بتوانم بچمە شوێنێکەوە کە جەماوەری زۆر بێت، ئێمە ھەر لەماڵی خۆمان بڵێین کوردین کەس گوێمان لێ ناگرێ، ئەگەر بڕۆینە دەرەوە کوردی بخوێنی ئەوە گرنگە، کاتێک بردمە ئەبرئەول ئاوزن ١٢ کەسی فارسی تێدایە گۆرانی کوردی بخوێنی باشترە یاخود لەتەنیا لەکوردستانەوە بخوێنی.
سڤیل: کاتێک ئەو ھونەرمەندە فارسانە داوەتی کوردستان دەکرێن لەرووی ئاستی جەماوەر و کاری ھونەری جیاوازن، بەڵام پێکەوە لەکۆنسێرتێک داوەت دەکرێن، ھەست ناکەی ئەوە ھەڵەیە، بۆ نموونە کۆنسێرتەکەی ئێبی و لەیلا فروھەر.. جەماوەریان جیاواز بوو و پلەی ھونەریشیان جیاواز بوو، مەبەستم ئەوەیە خۆت دەستنیشانیان دەکەی یاخود کۆمپانیاکە؟
جەمشید: وایە کاتێک دوو کۆرانیبێژ دێنی پێویستە جەماوەرەکانیان جیاواز نەبن، بەڵام لەمیوزیکدا کاتێک گۆرانیبێژێکی پیاو کە گۆرانیبێژێکی کچی لەگەڵدا بێت کە ئەویش جەماوەرێکی ھەیە خراپ نییە، راستە ھەر ھونەرمەندێک جەماوەر و ستایلی جیاوازی ھەیە، بەڵام ئێمە ویستوومانە ئەو کۆنسێرتانەی لەکوردستان دەیکەین رەنگین بێت، خەڵک لە کامەی پێخۆشە دەتوانێ بەشداری لەکۆنسێرتەکە بکات، ئیشی من کۆنسێرتکردن نەبوو، من وەک سەفەری کورد ھاتمەوە کوردستان مەبەستم ئەوە بوو رێگایەک بدۆزمەوە کوردستان بەخەڵکانی بێگانە بناسێنم و کوردستان پێشکەوتوو بێت و کەلتووری تر بێتە ناو کوردستانەوە. ھەر ئێرانییەک بێتە ناو کوردستان و بگەڕێتەوە سەفیرێکی کوردستانە لەھەر جێگایەک دانیشێ باسی کوردستان دەکات.
ئەم کۆنسێرتەی کە کرا کۆمپانیای “بابلیۆن” بەکارەکە ھەڵسا و گشت کارەکانی ئەنجامدا، من بەناونیشانی ھونەرمەندێک تەنیا بەشداریم کرد و لەبەرئەوەی گۆرانیبێژەکان برادەری منن داوایان لێدەکەم بێن لەکوردستان کۆنسێرت بکەن… بەڵێ بۆ وەڵامی پرسیارەکەت من گۆرانیبێژەکان دەستنیشان دەکەم.
سڤیل: بۆچی لەزۆربەی ئەم کۆنسێرتانەی لەکوردستان دەکرێ شەڕ روودەدات، لەم کۆنسێرتەی ئێوەش روویدا، ئەوە بۆ بێبەرنامەی ئێوە دەگەڕێتەوە یاخود حکومەت و ئاسایش؟
جەمشید: نا لەبەر بێبەرنامەی نییە، ئەو جێگایەی کۆنسێرتی تێدا دەکرێ دەبێ شوێنی کۆنسێرت بێت. رێگای ھونەرمەند و خەڵک و کەناڵەکان جیاواز بێت، بەداخەوە لەکوردستان جێگای کۆنسێرتمان نییە، ئەوەی کە ھەیە پرۆفیشناڵ نییە، ئینشاڵڵا لەداھاتوودا حکومەت یاخود کۆمپانیاکان بتوانن شوێنی کۆنسێرت دروست بکەن.
سەبارەت بە شەڕ بابزانی تەنیا لەکوردستان شەڕ نییە، لەتەواوی دنیا لەکۆنسێرت شەڕ ھەر دەبێ، کابرا مەشروب دەخواتەوە و دێتە کۆنسێرت، ئەوە کێشە نییە، بەڵام کێشە شوێنەکەیە، ئەگەر شوێنێکی باش ھەبێت بۆ کۆنسێرت تەواوی خەڵکەکە دانیشێت شەڕ روونادات.
سڤیل: ھێنانی ئەم گۆرانیبێژە فارسانە بۆ کوردستان بەردەوام دەبێت؟
جەمشید: ئینشاڵڵا.. من پێم خۆشە خزمەت بکەم، ھەر کەسێک قسە بکات کێشە نییە، گرنگ گەنجەکان خۆش بگوزەرێنن و شایی و خۆشی بێت، دەبێتە ھۆی ئەوەی چەندین بزنس بێنە ناو کوردستانەوە ئەوە سوودەکەیەتی.
سڤیل: بەڵام خەڵکانێک ھەیە پێیان وایە جەمشید لەھێنانی ئەم گۆرانیبێژانە بۆ کوردستان قازانجی زۆری مادی دەکات، تۆ رات چییە؟
جەمشید: ئەگەر ئەو کەسانە توانیان لەکوردستان ئەم جۆرە کۆنسێرتانە بکات چەند پارە دەدەن بەم گۆرانیبێژانەی کە دەیانھێنن من دوو ھێندە پارەیان پێدەدەم، یەکەم شت لەکوردستان ھیچ کەس بلیت ناکرێ ھیچ کۆمپانیایەک سپۆنسەری ناکات، ئێمە لەکۆنسێرتی گوگوش من و بابلیۆن زەرەرێکی زۆر قورسمان کرد، تائێستا لەیەک کۆنسێرت قازانجمان نەکردووە، بەڵام گەنجێک دەپرسێ کاک جەمشید ئەمساڵ کام گۆرانیبێژ دێنن کۆنسێرت بکات ئەگەر بڵێم کەس ناھێنین پێم ناخۆشە، حەزدەکەم خۆشحاڵی بکەم و دیاری پێبدەم، ئەگەرنا ئەم کۆنسێرتانە بۆ من جگە لەزەحمەتی و شلۆقی ھیچی تری تێدا نییە، ئەگەر لەکۆنسێرت سپۆنسەر نەبێ لەتەواوی دنیا وایە ئەم کۆنسێرتە زەرەر دێنێ.
ئێستا ئەبو زەبی مادۆنایان داوەتکردووە بەیەک کۆنسێرت لەشەوێک بە پێنج ملیۆن دۆلار لەنیو سەعات ٢٢ ھەزار دانە بلیت فرۆشرا دانەی بە ٢٠٠ دۆلار و ١٥٠ دۆلار، دەی باشە ھەر زەرەرە، بەڵام کۆمپانیای گەورە سپۆنسەری کردووە کە ناھێڵی زەرەر بێنێ، ٨ ھەزار کۆمپانیا لەکوردستان ھەیە یەک کۆمپانیا نییە سپۆنسەری بکات، ھەتا بۆ بەرنامەی خێریش سپۆنسەری ناکەن.
سڤیل: رای سپێدە و مەنسوور و ئومێد دوای کۆنسێرتەکە چۆن بوو لەبارەی کوردستان و خەڵکەکە و شێوازی بەڕێوەبەردنی کۆنسێرتەکە؟
جەمشید: رایان زۆر باشە، لەبەرئەوەی ھەموویان برادەرمن، کاتێک پێکەوە دادەنیشین خۆیان مەدحی کوردستان دەکەن کە لە ھەشت ساڵ کوردستان چەندێک پێشکەوتوو بووە، شتێک دەڵێن کاتێک دێینە ناو کوردستان وادەزانین لە ئێرانین، ئەوەندە ھەست بەئاراحەتی دەکەن، سروشتی کوردستان و تەبیعاتی خەڵکی کوردستان و میھرەبانی کورد. ئەوە بۆ من زۆر گرنکە کاتێک وایان دەگوت. لەچاوپێکەوتنەکانیان زۆر باسی جوانی کوردستانیان کردووە، ئەوانە ھەر یەکێکیان ئێستا سەفەری کوردستانن. لەسەرەتاوە کە دەمگوت وەرەن بۆ کوردستان دەیانگوت کوردستان شارە، وایاندەزانی کێو و دەشتە، ئێستا کوردستان و ھەولێر بەناوی گەورە ناو دەبەن، ناڵێن دەچین بۆ عێراق دەڵێن بۆ کوردستان، سەرەتا من داوام دەکرد بێنە کوردستان ئێستا ئەوان داوام لێدەکەن بیانھێنم بۆ کوردستان، ئەوە بۆ من زۆر گرنگە.
سڤیل: سوپاس بۆ تۆ، ئێمە پرسیارێکمان نەما؟
جەمشید: زۆر سوپاست دەکەم زانا گیان، من زۆر چاوپێکەوتن ناکەم، بەڵام تۆ ماشاڵڵا ئەوەندە رۆژنامەنووسێکی باشی بەھەر جۆرێک بێت توانیت بەقسەم بێنی لەسەر مێز دانیشین چاوپێکەوتن بکەین.. ھەروەھا رێزم بۆ ھەموو خەڵکی بەشەرەفی کوردستان ھەیە، بۆ ھەموو گەنجان و ھەوادارانم، ھەموویانم خۆشدەوێت، ئینشاڵڵا بتوانم ئەلبوومێکی باش بەرھەم بێنم بەچەند زاراوەیەکی کوردی وەک دیاری بۆ ئەوانەی حەزیان لەدەنگی منە.
سەرچاوە: سڤیل