دوای دابران بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر، دووباره سلاوتان لێبێت.
ماوه‌ی نزیکه‌ی ساڵێک و نیوه‌ك واته 18 مانگه دوورم له شاشه‌کانتانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ستم به‌وه ده‌کرد که له دڵتانم و له بیرم ناکه‌ن. له‌نێو گشت ناخۆشی و نه‌هامه‌تییه‌کانم دا هه‌ستم به دوعاکانی ئێوه ده‌کرد، دوعاکانی ئێوه بوو وایانکرد من له‌سه‌رپێ بوه‌ستم، به‌رگه‌ی ناخۆشیه‌کان بگرم. سه‌ره‌تا ده‌مه‌وه‌ێت داوای لێبوردنتان لێبکه‌م، بۆ دواکه‌وتنی ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه‌م بۆ ئێوه. به‌ڵام هۆکاری دواکه‌وتنی ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه‌م ئه‌وه نیه من شتێکم هه‌بێت و له ئێوه‌ی بشارمه‌وه، یاخود هۆکارێک هه‌بووبێت که من خۆمی لێبه‌دوور بگرم. تاکه هۆکار ئه‌وه‌بوو ک سه‌رقاڵی چه‌ند کارێکی ژیانی خۆم بووم، که دووربوو له توانای مرۆڤ و قه‌ده‌ر ده‌یهێنێته سه‌ر ڕێگات. باوکی خۆشه‌ویستم له‌ده‌ست دا، خێزانه‌که‌م، که زیاتر له هه‌موو کات پێویستی پێم بوو. منیش زۆر پێویستم به ئه‌وان بوو. خێزانه‌که‌م له ژیانمدا بۆ من له پێش هه‌موو شتێکه‌وه‌یه. دوای کۆچی دوایی باوکم، وا پێویست بوو که هه‌موو کاتم ته‌رخان بکه‌م بۆ خێزانه‌که‌م. ئه‌مه‌ش تاکه هۆکاری سه‌ره‌کی دوورکه‌وتنه‌وه‌م بوو له شاشه‌کان. دایکم، خوشکه‌کانم، براکه‌م… له ئه‌وان زیاتر کێم هه‌یه من!!
بێ گومان هۆکاری تریش هه‌بوون. به‌ڵام هیچیان به‌قه‌د کۆچی دوایی باوکم گرنگ نه‌بوو و کاریگه‌ری له‌سه‌رم نه‌بوو. ژیان بریتی نیه له هێڵێکی راست، بێ گومان به‌رزی و نزمیشی تێدایه، که‌وتن و هه‌ڵستانه‌وه‌ی تێدایه. ژیان رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و کۆسپ و ته‌گه‌رانه‌یه که دینه پیش مرۆڤ. به‌ڵام هه‌روه‌ک ووتم، هیچیان به‌قه‌د کۆچی دوایی باوکم کاری لێنه‌کردم. له میدیاکان، لێره و له‌وێ زۆر هه‌واڵ و پروپاگه‌نده‌یان له‌سه‌ر من بڵاوکرده‌وه. به‌ڵام به پێویستم نه‌زانی یه‌که به یه‌که وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه، چونکه زۆرینه‌یان دووربوون له ڕاستی. خۆ زۆر جاریش بێده‌نگیم وه‌ڵامێکی پڕ به پێست بوو بۆیان. به‌ڵام وه‌کو ئه‌و په‌نده نیه که ده‌ووترێت “بێ ده‌نگی نیشانه‌ی قبوڵ کردنه” به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یان ده‌کرد لێم تێنه‌گه‌یشتن. ره‌نگه زۆرێک له ئێوه‌ی دڵسۆز دڵگرانبووبێت له‌وه‌ی که بێده‌نگیم به‌رامبه‌ر به‌م هه‌واڵه بێبنه‌مایانه نواندووه. به‌ڵام من هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌پشته‌وه‌ی ئه‌م پروپاگهندانهبوون حه‌واڵه‌ی خوای میهره‌بانم کرد. پڕ به‌دڵ له‌و باوه‌ڕه‌دام که یهزداب سزایان ده‌دات. خودا هه‌رده‌م پشت و په‌نای که‌سانی رااست و پاکه.
به‌ڵێ، ئێستا کاتی دووباره ده‌ست پێکردنه‌وه‌یه. برینی دڵم ساڕ‌ێژ نه‌بووه، به‌ڵام باش ده‌زانم که به پرۆگرامی ئه‌ڤین ژن و ژیان و شادبوونه‌وه‌م به بینه‌ره دڵسۆزه‌کانم، باشترین دڵدانه‌وه‌یه بۆ من. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌ڤین ژن و ژیان له که‌ناڵێکی نوێ، له کوردماکس ده‌ست پێده‌کاته‌وه. ده‌زانم پرسیارێکی زۆر هه‌یه که پێویستن وه‌ڵام بدرێنه‌وه. تۆزێک ئارام بگرن، چاوه‌ڕێم بکه‌ن، بۆ ماوه‌یه‌کی کورت، به‌م نزیکانه دووباره به‌یه‌ک شاد ده‌بینه‌وه. وه‌ڵامی سه‌رجه‌م پرسیاره‌کان له شاشه‌ی کوردماکس له پرۆگرامی ئه‌ڤین ژن و ژیان دا ده‌ستتان ده‌که‌وێت.
سوپاس بۆ هه‌مووتان
ئه‌ڤین ئاسۆ
20/10/2012