سەدیق سەعید ڕواندزی
لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، گرووپێکی ڕۆشنبیریی ئەکتیڤ و کارا، بە ماوەیەکی کەم لە دنیای ڕۆشنبیریی ئێمەدا دەرکەوتن و توانیان شوناسێک بۆ خۆیان دروست بکەن و ببنە جێی تێڕٍامان و خوێندنەوە لای ھەموومان. ئەم گرووپە، کە لە چەند نووسەرێکی دیار و بەتوانا و ھەڵگڕی پاشخانیچکی گەورەی ڕۆشنبیریی و ھزری و فەلسەفی پێکھاتبوون، توانیان بۆ ماوەی پانزە ساڵ، پێشەنگی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە بن، کە ئەوانیش ڕەھەندییەکان بوون. ڕەھەندییەکان، بە پاشخانێکی گەورە و بە زمانێکی قووڵ و بە تێگەیشتنێکی مەعریفییانەوە، ھەوڵی شڕۆڤەکردن و خوێندنەوەی کۆمەڵگەی کوردییان داو توانیان نەوەیەک لە خوێنەران، بۆ ماوەی چەند ساڵێک دروست بکەن، بەڵام ئەم گرووپە، وەک چۆن بە خێرایی و دراماتیکیانە دەرکەوت، بەو شێوەیەش کۆتایان ھات. ڕەھەندییەکان، ھەتا بڵێی کەسانی بە تواناو بە ئاگابوون، لە میتۆدی فەلسەفی و ھزری خۆرئاوا ، بەڵام گەورەترین خەوشی گرووپەکە ئەوە بوو، کە نەینتوانی زمانی کوردی، وەک پردی پەیوەندی و بەستنەوەی خۆیان بە کۆمەڵگەکەیانەوە بخەنە گەر. بۆیە تێڕوانینە شیکاریی و ڕەخنەیەکانیان و دیدە فەلسەفی و ھزریەکانیان، لە نێو جیھانبینی خۆرئاوا دەخولایەوە، ھەر بۆیەشە نەیانتوانی تا سەر لەو کاریگەری دانانە لەسەر خوێنەر و مرۆڤی کورد بمێننەوە. ئەوە گرنگ نییە نووسەرێک چەند باسی فۆکۆ دەکات و چەندە ڕۆشنبیرریی لە بارەی ئەو فەیلەسوفەوە ھەیە، ئەوە گرنگە، تا چەند سەرکەوتوو دەبێت لە گەیاندنی ئەو ڕۆشنبیرییە، بە جیھانبینی و زمانی کوردانە و نەتەوەییانەی خۆیەوە. ڕەھەندییەکان لەوەدا شکستیان ھێنا، گەرچی کەرستەی بەرفراوان و ھزری قووڵی خۆرئاوایانە و جیھانبینییەکی فراوانی نووسین و تێڕامانیان ھەبوو، بەڵام زمانێکی گەیێنەر و پەیوەندی بەستنیان نەبوو، بۆیە گەر ئێستا سەرنج لە کارەکانیان بدەین، دەبینین پتر ئەدەبی و ڕۆژانەیین لەوەی ھزری بن، بە تایبەتیش بۆ خوێنەری کورد. گەلێک جار، پاساوی ڕەھەندییەکان بۆ ئەم گیرو گازە ھزرییە ئەوە بوو، کە زمانی کوردی، زمانی ھزر و فەلسەفە و زانست نییە، زمانێک نییە بتوانرێت ڕەھەندی ھزریی پێ دەرببڕدرێت و ھەموو ئەو چەمک و زاراوە فەلسەفی و ھزرییانەی لە کولتووری خۆرئاوا ھەن، تەرجەمەی سەر زمانی کوردی بکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم پاساوە جگە لە خۆدزینەوە، ئاشنا نەبوون بە سرووشت و بونیادی ھزریی و کۆمەڵایەتی تاکی کوردی و کۆمەڵگەی کوردی ھیچی تر نییە. زمانی کوردی، لەو زمانانەیە کە فرە ڕەھەندە، دەتوانرێت لە ھەموو کایەکی ھزریی و ڕۆشنبیریی بخرێتە گەڕ زمانی ئاماژە و مانایە، بەڵام ئەوەی لەو نێوەندەدا گرنگە، چۆنیەتی ئەو گەیاندنەیە! کاتێ خوێنەرێکی سادەی کورد، بابەتێکی فەلسەفی بە زمانی کوردی دەخوێنێتەوە، جیایە لەوەی بە زمانێکی وشک و برینگی فەلسەفییانەی خۆرئاوا بیخوێنێتەوە!
ڕەھەندییەکان ئەو زمانەیان نەبوو، گەرچی بە سرووشت بە کوردیش دەیاننووسی ، بەڵام نەیانتوانی پردی پەیوەندی لەگەڵ ئەویتر بونیاد بنێن. ئەوان جیھانبینییەکی قووڵ و فراوانیان ھەبوو، بەڵام کوردانە نەبوو، کە ئەمەش گرفتی ھەرە دیاری ئەو گرووپە بوو بە ئێستاشەوە، گەرچی دوای ئەوەی زانیان ناتوانن کار لە سەر ھزری کۆمەڵگەی کوردی، بە میتۆدێکی کوردانە بکەن، ئیدی بایان دایەوە لای ڕۆمان، وەک بەختیار عەلی. بێگومان فەلسەفە بە سرووشت، کایەیەکی ھزری قووڵە و زۆرجار لە نێوەندە میللی و کۆمەڵایەتییەکەدا، گەر کەسێک بە جۆرە زمانێکی قورس، یان ئاڵۆز قسە بکات، بۆ شۆخی و بە توانجەوە بەرانبەرەکەی پێی دەڵێت فەلسەفیانە مەدوێ! بەو مانایەی ئەم دەربڕینە، لە ئاستی تێگەیشتنی باو، ھوشیاری کۆمەڵی دایە و بژاردەیی و تایبەتە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا دەکرێت دەستبەرداری فەلسەفە بین، بە بیانووی ئەوەی کایەی زاست و لۆژیک و ھزر و مەعریفەی قووڵی زانینە؟ دەکرێ باس لە فەلسەفە نەکەین، چونکە پاشخانی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگای ئێمە لەو ئاستەدا نییە، فەلسەفە وەربگرێ؟ لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا، فەلسەفە شۆڕ کەینەوە بۆ نێو کۆمەڵگە، یان کۆمەڵگە ببەینە ئاستی فەلسەفە؟ بێگومان دەتوانرێت ھەرچی فەلسەفەی خۆرئاوا ھەیە، لە کۆمەڵگەدا، بەر باس بدرێت، بەو مەرجەی زمانی ئەو باسکردنە، ڕەنگدانەوەی کولتوور و جیھانبینی کوردانە بێت. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، زۆربەی ھەرە زۆری بەرھەمە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی شاعیر و نووسەر و ئەکادیمی (دکتۆر کەمال میرودەلی)م خوێندنەوە. ئەزموونی نووسینی ئەم نووسەرە، لە بواری فەلسەفەدا، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە نەک دەتوانرێن باسی فەلسەفە بە زمانی کوردی بکرێت، وەک ئەوەی ڕەھەندییەکان و ئێمەش تێی گەیشتووین کە گوایا زمانی کوردی تەنێ زمانی ئەدەب و ھونەرە، بەڵکو ھەمان ئەو زمانە، دەتوانرێت وەسفی قووڵی فەلسەفەشی پێ بکرێت و بگرە فەلسەفە بکوردیندرێش. بەرھەمەکانی میراودەلی، نموونەی بەرجەستە و دیاریی کورداندنی فەلسەفە و ھزری ھیگل و فۆکۆ و نیتشە و فەیلەسوفەکانی دیکەی دنیان! ئەمە بەو مانایە نییە کە نووسەر لە میانەی ئەو باسانەدا، کرۆکی کاری فەلسەفیانەی ئەوان، لە کولتووری خۆر ئاوا داببڕێت، بەڵکو بەو مانایەی، ئەو باسی فەلسەفەی خۆرئاوامان بە کوردی بۆ دەکات، نەک بە تێگەیشتنێکی خۆرئاوایانە.
جیاوازی لە باسکردنی فەلسەفە لە نێوان مەریوان و بەختیار و ئاراس لەلایەکەوە، لەگەڵ کارەکانی میراودەلی لەوەدایە، کە میراودەلی بە زمانێکی کوردییانە، بەتێگەیشتنێکی کوردییانە، بە جیھانبینی و لە نێو کولتوورێکی کوردییانەدا، باسی فەلسەفەمان بۆ دەکات، پێچەوانەی ڕەھەندییەکان کە باسی فەلسەفە دەکەن، بەڵام ھیچ کام لەو خەسڵەتانە لە نووسینەکانیان نییە. من ھاوڕێیەکی خوێنەرم، کە سەدان کتێبی خوێندۆتەوە، لە وەسفی کتێبێکی ئازاد حەمە، لە بارەی پۆست مۆدێرنیزم، پێی گوتم کە زمانی نووسینی یەکجار وشک و بریشک و ڕەقە و بۆ من زۆر ئەستەم بوو تا کەمێکی لێ تێگەیشتم، کەواتا بە نموونە زمانێکی لەو شێوەیە، دەتوانێت ئەڵقەی پەیوەندی لەگەڵ خوێنەری ھەمووەکی ببەستێت؟ ڕەنگە بپرسن فەلسەفە لە ھیچ کۆمەڵگایەکدا، کایەیەکی گشتی نییە، بەڵام کاتێ سوکرات و ئەرستۆ و ئەفلاتوون، فەلسەفەیان داھێنا، پۆلینی کۆمەڵگەیان نەکرد، بەڵکو دیاردە سرووشتی و مرۆیی و ھزرییەکانیان، کردە چەقی کارکردنیان، بۆیە دەکرێ باسی فەلسەفە بکەین، لێشی تێ بگەین بێ ئەوەی ، پەنا وەبەر سەدان بیرو بۆچوونی فەلسەفی بەرین، کە ڕەنگە لە زمان و کولتووری ئێمە دوور بێت. دکتۆر میراودەلی، لە باسکردنی فەلسەفی خۆرئاوادا بە زمانی کوردی، نەک ھەر سەرکەوتوو بووە، بەڵکو نموونەی بێ ھاوتاو دیاری کورداندنی فەلسەفەشە، کارەکانی ئەو لە بواری فەلسەفەدا، دەروازەیەکی گەورە و گرنگ بە ڕووی ھزری خوێنەری سادەی کورد، کە جگە لەزمانی کوردی زمانی تر نازانێت دەکاتەوە، کە بە زمانی نەتەوەیی خۆی لە فەلسەفە بگات. ئەم کورداندنە، سەرەتا لە زمانەوە دەست پێ دەکات، پاشان چەمک و زاراوە فەلسەفییەکان. میراودەلی، زۆرباش ئەوە دەزانێت و درکی بەوە کردووە، کە ڕێزکردنی ناوی فە یلەسوف و تێز و بۆچوونەکانیان، گەر بە کوردی نەبێت، وەک گوێز ژماردن بۆ خوێنەر وایە! کوردی لێرەدا، واتای ئەوە نییە بە زمانی کوردی بنووسێت، چونکە ڕەھەندییەکانیش بە کوردی دەیاننووسی، بەڵکو بەو مانایەی بەجیھانبیەکی کوردانە بنووسێت. رەفیق سابیر، لە میانەی نووسینی شیعردا، کاتێ پرسیاری ئەوەیان لێکردبوو، کە بۆچی بە زمانی سویدی شیعر نانووسێت؟ لەوەڵامدا گوتی من ناتوانم بە زمانی سویدی ھەستەکانم دەربڕم، چونکە شیعر ھەستە، بەر لەوەی ھزر بێت، لەو سۆنگەیشەوە قووڵبوونەوە لە کولتوور و پاشخانی ڕۆشنبیریی مرۆڤی کورد، فاکتێکە بۆ ئەوەی نووسەر باشتر و سەرکەوتووتر بۆچوونەکانی بگەیەنێت. یەکێک لە دیارترین خەسڵەتەکانی تێزی کورداندنی فەلسەفە لای میروادەَلی ئەوەیە، کە سەرجەم ئەو چەمک و زاراوە ھزریی و فەلسەفیانەی لە نێو زمان دان دەکوردێنێت. بۆ نموونە : لە بەرانبەر فەزا، بۆشاگە بەکار دێنێت، لە بەرانبەر کۆنسێپت، بنەڕەوت بەکار دێنێت، ئەمانە و دەیان نموونەی دیکە. بە کوردیکردنی زاراوەکان، یارمەتی دەرە بۆ ئەوەی خوێنەر نەک تەنھا بە زمانی خۆی، بەڵکو بە کولتوور و فەرھەنگی خۆشی لە فەلسەفە بگات! بۆیە میراودەلی لە نووسینەکانیدا ھەرچی چەمک زاراوەی فەلسەفییە دەکوردێنێت، بەر لەوەی ڕاڤەی چەمکەکان بکات! ئەم نموونەیە لەکارکردن، بە دیاریکراوی لە ھەردوو کتێبی ( ئەریکۆلۆژی فۆکۆ و قورئاانناسی بە قورئان و شیعرناسی بە شیعرو قانونناسی) زۆر بە قووڵی و کوردانە دەردەکەوێت، بۆیە کاتێ کتێبەکەی فۆکۆ دەخوێنینەوە، بە دیاریکراوی ئەو تێگەیشتنەمان لادروست دەبێت، کە ئێمە باس و بابەتێکی دیکەی جیاواز لە ڕەھەندییەکان لە بارەی فۆکۆ دەخوێنینەوە. یان کاتێ کتێبی قورئانناسی، یان فەلسەفەی ئەز و قانونناسی و گەلێکی دیکەش دەخوێنینەوە، ھەست دەکەین شتێکی جیاوازترمان لەوانەی پێشوو خوێندۆتەوە و دەخوێنینەوە. لێرەدا دەمەوێ دوو شێواز و زمانی نووسین ئاماژە پێ بدەم. ھەڵبەتە ئێمە لە کار و نووسینە فەلسەفییەکانی دیکەی نووسەرانی دیش، فەلسەفە بە زمانی کوردی دەخوێنینەوە، بەڵام ئەوەی لە نووسینەکانی میراودەلی ھەیە جیاوازترە! لە نووسینەکانی ئەو، ئێمە ھەر تەنھا بە زمانی کوردی فەلسەفە ناخوێنیینەوە، بەڵکو بە کوردیش تێی دەگەین، ڕەنگە ھەر ئەمەش بێت ھۆکاری ئەوەی ھاوڕێیەکی خوێنەرم دوای خوێنەوەی سەدان کتێب، لە وتارە فەلسەفیەکانی ڕەھەندییەکان یان کاک ئازاد حەمە نەگات، بەڵام چێژ لە نووسینە فەلسەفییەکانی میراودەلی وەربگرێت. لێرەدا ئێمە لە بەردەم کورداندنی فەلسەفە داین، بەو مانایەی فەلسەفە ھەر تەنھا بە زمانی کوردی ناخوێنینەوە، بەڵکو بە تێگەیشتنێکی کوردانەشەوە تێی دەگەیەن، بێگومان ئێمە دەزانین تێز و تیۆرە فەلسەفییەکان، بە درێژایی مێژوو، ڕەنگە زۆربەیان وەکو خۆیان مابنەوە، وەک دیدگای ئەفلاتوون بۆ شیعر، کە جیایە لەھی ئەرستۆ، یان سۆفیستەکان، جیایە لە فەلسەفەی ئایدیالی، فەلسەفەش تەنھا پەیوەست نییە بە گریکەکانەوە، کە ڕەھەندێکی مرۆیی و جیھانی ھەیە، بەڵکو لێرەدا مەبەست ئەوەیە، کە ئێمە چۆن تێزو تێڕوانینی فەیلەسوفان بۆ ھەر بابەتێکی مەعریفی و ھزری بێت، بە کوردی دەکەین و لە چوارچێوەی ئەو زمان و کولتوورەی پێی نووسراوە دەریدەھێنین و ئاوێتەی کولتوور و ڕۆشنبیریی کوردی دەکەین. گەر نووسەرێک سەدان وتاریش لە بارەی فۆکۆ، یان ھایدگەر، یان سوکرات بنووسێت و باسی فەلسەفەکەیان بکات، بە کوردیش نووسیبێتی، ئەوا بایەخێکی نییە، گەر ناوەڕۆک و کرۆکی بابەتەکە بە کوردی نەکرێت و خوێنەری کورد لێی تێ نەگات، ھەر ئەمەشە گرفتی تێگەیشتن لە فەلسەفە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، کە تا ئەو ئاستەی زۆرجار بە چەندین نوکتەی سەیر و سەمەرەو توانجی کۆمەڵایەتی گەمە بە فەلسەفە بکرێت، وەک ئەوەی دەڵێن :_(جارێکیان ھاوڕێیەک لە ھاوڕێیەکی پرسی فەلسەفە چییە)ئەویش گوتی:_( مریشک دان دەخوات، تۆش ھێڵکەی مریشکەکە دەخۆی، کەواتا تۆ دانەکەت خواردووە) ! یان دەگوترێت، (باوکێک لە کوڕەکەی پرسی فەلسەفە چییە؟ کوڕەکەش پێی گوت تۆ لە سەر قەرەوەێلەی، قەروەێلەکەش لە سەر زەوییە، کەواتا تۆ لە سەر زەوی)! باوکەکەشی لە وەڵامدا دەڵێت عەمری خۆت و فەلسەفەکەشت نەمێنێت، کەس ھەیە ئەمە نەزانێت ! ئەم ھەمو توانج و بە کۆمیدیکردنەی فەلسەفە لە کولتووری کۆمەڵایەتی ئێمەدا، کە من خۆم بە منداڵی سەدان جار گوێبیبستی نوکتەی لەو شێوەیە بوومە، مانای ئەوە نییە کە ئێمە نەتەوەیەکین، گاڵتەمان بە فەلسەفە دێت، نەخێر، مانای ئەوەیە، پرسەکە ھێندە ئاڵۆز و ناڕوون و ھزری و سەخت کراوە، کە کەس نازانێت ئەوانەی باسی فەلسەفە دەکەن، باسی چی دەکەن؟ بۆیە زۆر گرنگە ئەوانەی لە بواری کایەی فەلسەفەدا دەنووسن و کار دەکەن، درک بەو دوو جیاوازییە بکەن. ئێمە بەھەڵە لە فەلسەفە گەیشتووین، بە نموونە ھەزاران کەس پێیان وایە فەرھاد پیرباڵ فەیلەسوفە، کە نە کارەکانی، نە بەشێکی زۆری نووسینەکانی فڕیان بە دنیای فەلسەفەوە نییە، جگە لە شۆخیکردنێکی لەیبۆکی و بێ مانای کۆمەڵایەتی، کە مایەی ھێنانە پێکەنینتی خەڵکە، لە بەرانبەردا، باز بە سەر دەیان کتێبی ھزری و ئەدەبی و ھونەری و فەلسەفی کەمال میراودەلی دەدەین و نایانخوێنینەوە، کە بنەما ڕاستەقینەکانی ھزر و فەلسەفە لەوێدان. لە کۆتاییدا، سەرنجی خوێنەران بۆ ئەوە ڕادەکێشم، کە درێخی نەکەن لە خوێنەوەی بەرھەمەکانی میراودەلی، چونکە کۆمەکێکی گەورەی پاشخانی ھزریی و ڕۆشنبیریان دەکات.
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە(١٥٠٦) لە ٢٢/٩/٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە.































































سەدیق سەعید ڕواندزی









Discussion about this post