بەبۆنەی بەدەستھێنانی یەکەم نازناوی نێودەوڵەتی ھونەرمەندی ناوداری کورد (زەکەریا عەبدوڵڵا) پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ھەڵبژاردەی کوردستان و تەواوی کوردستانیان دەکات لە سەرتاسەری جیھان.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
سڵاوێکی گەرم و پڕ شکۆ بەقەد چیا سەرکەشەکانی کوردستان ئاڕاستەی گەلەکەم دەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنی ھەڵبژاردەی کوردستان و بەدەستھێنانی جامی جیھانی (ڤیڤا) ، شانازیە بۆ ئێمەی کورد لاوەکانمان بوونەتە ئاڵاھەڵگری سەرکەوتن و بە جیھانی کردنی ناوی پیرۆزی (کوردستان) ئەوە یەکێکە لەو خەونە مێژوویەی سەدان ساڵە گەلی کوردمان خەبات و قوربانی لە پێناو ئەو ناوە پیرۆزە داوە ، ئەم خەڵاتە ملوانکەی شانازیە بۆ ملی دایکی شەھیدان و ئازادیخوازان ، پەیامێکە بۆ ھەموو جیھان ئەو گەلەی چەوسێنراوە و جینۆساید کرا ئێستا ھەڵساوەتە سەر پێی خۆیی و بە ئاشتیانە خەبات درێژە پێدەدات و لە ڕێگای وەرزش و بەشە جیاجیاکانی ھونەرەوە ھەنگاو دەنێت بۆ ناساندنی ناسنامەی نەتەوەییمان.
پیرۆزە لە ھەولێر و دیاربەکر و مھاباد و قامیشلۆ ، شەکاوە بێت ئاڵای ڕەنگینی کوردستان
خۆشەویستی ھەمیشەیم قبوڵ بکەن
دڵسۆزتان
زەکەریا عەبدوڵڵا
١٠/٦/٢٠١٢