ئەوانەی دێنە بواری هونەری و کار دەکەن و توانایان نییە ,زۆریش بن، ناتوانن هونەر بۆر بکەن
بەهیوام خەڵکی کورد فێر ببن رێز لە ئازادی تاک و هەڵبژاردنی تاک بگرن و چیتر تەداخولی بێ مانا لەئازادی تاک بە ناوی رەخنەوە درێژە پێنەدەن
تێکەڵکردنی هونەری دەنگبێژی و خۆ نمایشکردن لای من پەسەند نییە
گۆڤاری گوڵان
بەشی هونەری گۆڤاری گوڵان، ئەم دیمانەیەی لەگەڵ هونەرمەند سیریل سازکردووە، بەڵام بەهۆی سنورداری لاپەرەکانی بەشی هونەری، بەشێک لەوەڵامەکان کورتکردنەوەی تێداکراوەو هەموو دیمانەکە چاپنەکراوە.
گوڵان: تا چهند گرنگی بهوه دهدهی كه تێكستی گۆرانیهكانت بۆ رهگهزی بهرامبهر بن؟
سریل: ئەوەی لای من پەسەندە ئەو جۆرە تێکستانەن کە بەگشتی بۆ ئینسانە، کاتێک کچێک بەرهەمێکی من بڵێت هەست بکات بۆ کوڕێک وتراوە، بۆ ئەو رەگەزە وتراوە کە ئەو مەبەستیەتی گۆرانی بۆ بڵێت، گەر لەهەمان کات کورێکیش هەمان بەرهەمی وت، هەست بکات بۆ کچێک وتراوە، بتوانێ بۆ ئەو رەگەزەی بڵێت کە مەبەستیەتی، ئەم بەلانسە چۆن را ئەگیرێت بێگومان بەهەڵبژاردنی ئەو تێکستە را ئەگیرێت کە دیار نەبێت تێیدا بۆجوانی ژن نوسراوە یان بۆ جوانی پیاو، بەڵکو ئەوەی دیاربێت تێکستێکە بۆ ئینسان، لە مەسەلە ئینسانیەکەشدا هەردوولا خۆی تیا ئەبیننەوە، بۆیە لای من ئەو تێکستانە جێی بایەخ نین کە بۆ رەگەزێک وتراوە، ئەگەر رۆژێکیش بیانکەمە گۆرانی بێگومان رەنگە بۆ رەچاوکردنی ویستی گوێگر بووبێت، چونکە هونەرمەند لەهەندێ حاڵەت، ناچارە ویستی گوێگریش رەچاو بکات، لەپێناو ئاسانکاری بۆ گەیاندنی ئەوەی کە خۆی ئەیەوێ بیڵێت.
گوڵان: بهر ای تۆ تێروانینی جهماوهر بۆ ئافرهتی هونهرمهند و هونهرمهندی پیاو وهكو یهكه (لهلایهنی هونهرییهوه)؟
سریل: ئەگەر مەبەست کۆمەڵگەی کوردی بێت، بێگومان کێشە بۆ ژنی هونەرمەند ئەوەندەیە تا ئەبێتە هونەرمەند، کە بووە هونەرمەند لەباری جەماوەرییەوە کێشەی بۆ دروست نابێت، رەنگە لەباری کۆمەڵگەو کۆمەڵایەتیەوە کێشەکانی بەردەوام بن، بەڵام لەباری جەماوەرەوە پێم وانییە جیاوازی هەبێت لەنێوان گوێگرتن لەژنێک یان پیاوێک، ئەوەی جەماوەر زیاتر کۆکاتەوە لەدەوری هەریەکیان، هەڵبژاردنی مادەکان و چۆنیەتی مادەهونەرییەکانیەتی، نەوەک ئەوەی کە ئەوە ژنە و ئەوە پیاوە، بەڵام لەرووی کۆمەڵایەتیەوە هێشتا کۆمەڵگەی ئێمە ماویەتی وەکو خۆی یان وەکو پیاو حساب بۆ پێگەی ژن بکات.
گوڵان: ئافرهتی كورد له بوارهكانی (سینهما، گۆرانی، شانۆ، شێوهكاری) توانیویهتی بوونی خۆی بسهلمێنێت؟
سریل: بێگومان ئافرەت توانیویەتی بوونی خۆی بسەلمێنێت، تۆ بروانە مێژووی کاری دراماو شانۆو فیلمی ئێمە، جاران هونەرمەندی بەتوانا عومەر چاوشین ئەستێرەبوو لە پڕکردنەوەی فەراغی ژن و رۆڵی ژنی ئەبینی، لە موسیک ژەندا زۆر دەگمەن ئەگەرنا نەبووە ژنێکی کورد موزیک بژەنێت، لە گۆرانی وتندا ئەوانەی هەبوون لە پەنجەکانی دەست تێنەپەڕیون، بەڵام ئێستا ئەبینی هەموو ئەوبوارانە رێژەی بەرچاوی ژنی تێدایەو بەشدارن، ئەم هەبوونەش نەک هەر بەرەنگە بەڵکو بەکارو بەبەرهەم دەبینرێت، کەوایە بەڵێ ئافرەتی کورد توانیویەتی لەبواری هونەردا بەگشتی بوونی خۆی بسەلەمنێت.
گوڵان: وهك ئافرهتێك له رێگای هونهرییهوه چیت پێشكهش به دۆزی ئافرهتی كورد كردووه؟
سریل: سەرەتا باسمان لەوە کرد من زیاتر گرنگی بە پەیامە ئینسانییەکە ئەدەم، چونکە بروام بەوە هەیە ئەگەر دۆزی ئینسان بەگشتی جێی خۆی گرت و ئینسان وەک ئینسان مامەڵەی کرد، ئەوکات دۆزی ژن و دۆزی پیاو سەرهەڵنادات و بونی نابێت، بۆیە من زۆرم پێباشە لەو بارەوە کار بکەم وەک ئینسانێک هونەر بکەم، نەک وەک ژنێک، یان پیاوێک وەک پیاوێک هونەر بکات، لەو رێگایەوە ئەتوانم بڵێم بەڵێ خزمەتم کردووە بە دۆزی ژنیش، چونکە خزمەتم بەدۆزی ئینسان بەگشتی کردووەو ژنیش بەشێکی سەرەکی ئینسانیەتە، و ئینسانیەتیش بریتییە لە هەردوو رەگەز. ئەگەر مەبەستت کاری تایبەتیش بێت بۆ پرسێکی ژنانە وەک رۆژی ژنان، تا ئیستا شتێکی وام نەکردووە، نازانم بۆ داهاتووش دەیکەم یان نا.
گوڵان: ههست ناكهی ئێستا زۆری و بۆری ههیه له ژمارهی ئافرهته گۆرانیبێژ؟.
سریل: زۆری و بۆری رەنگە ناوێکی شیاو نەبێت بۆ ئەو خەڵکەی ئەیانەوێ کار بکەن لەبواری هونەردا، چونکە ئەوانەی توانای هونەرییان نەبێت ناتوانن تاسەر بەردەوام بن، بۆیە ئەگەر زۆریش بن، ناتوانن هونەر بۆر بکەن، هونەر توانای هونەری دەوێت و بەتەنها بەحەز دروست نابێت. لەلایەکی تر ئەم دیاردەی زۆرییە بۆ پیاوانیش وایە، نەک هەر بۆ ئافرەتان، ئەوەش هۆکەی بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگەو باشتربوونی دۆخی ژیانی خەڵکە، تۆ ئەزانی کاتی ناخۆشییەکانی کوردستان، هونەرمەندە راستەقینەکانیش لەحەسەرەتی ژیان خەریک بوو لە هونەرکردن داببڕێن، ئێستاش دەبینی نەک هەر ئەوان پەرە بە هونەرەکەیان ئەدەن، خەڵکێکی زۆرتریش رووی لەبواری هونەر کردووە، بەڵام وەک وتم ئەم زۆرییە بەردەوام نابێت و ناتوانێت هونەر بۆر بکات، حەزێکەو خەڵک خۆی لەم بوارەش تاقی دەکاتەوە کەنەیتوانی دەروات و دوور دەکەوێتەوە.
گوڵان: چی دهڵێی بۆ ئافرهتانهی پشت به لهش و خۆ نمایش كردن دهبهستن له كانی گۆرانی گوتن؟ تۆ دووچاری رهخنهی لهو جۆره نهبوویهوه كه پشت به خۆ نمایش كردن ببهستی؟.
سریل: من رێزم بۆ ئەو هونەرمەندانە هەیە کە بەو شێوەیە کار دەکەن و بروایان بەو جۆرە کار کردنەیە، بەڵام رای من وایە ئەگەر مەبەستیان ئەوە بێت بەخۆنمایشکردن تواناکانی خۆیان بشارنەوە ئەوە هەوڵێکی بێسود ئەدەن، چونکە هونەری نمایشکردن و هونەری دەنگبێژی دوو شتی جیاوازن، راستە زۆرێک لەهونەرمەندانی جیهانیش وا دەکەن و پەنا بۆ تێکەڵکردنی ئەو دووبوارە ئەبەن، بەڵام ئەگەر هونەرمەندانی جیهان ئەم تێکەڵاویەش لەنێوانی نواندن و نمایشکردن و دەنگبێژیدا دروست دەکەن، لەناو ئەو خەڵکەی هونەری بۆ ئەکەن کارێکی قبوڵکراوە، ئەوانیش پشت بەچەندین راهێنەری باش ئەبەستن کە رایان دێنێت، و هاوکارییانن بۆ چۆنیەتی ئەو تێکەڵاوییە، لەکوردستان هونەرمەندانی کورد جگە لەوەی کە لەناو ئەو میللەتەی ئەوان هونەری بۆ ئەکەن ئەو کارەیان رەتکراوەیە، شارەزایی ئەو تێکەڵکردنەش نین، بۆیە بە ئاشکرا لە کارەکانیاندا بۆشایی گەورە لەنێوان تێکەڵکردنی ئەو بوارانە دەبینرێت و وایکردووە کارەکەیانی شێواندوە، بەشێوەیەک کە شایەن بەرەخنەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەش وەک سەرەتا وتم رێزم بۆ ئەوان هەیە و ئەوە ئازادی و روانینی خۆیانە، لای من ئەوە کارێکی باش نییە و کارێکی پەسەند نییە، چونکە وای دەبینم ئەگەر ئەو کەسانەی پشت بەو جۆرە کارە دەبەستن مەبەستیان شاردنەوەی ئەوە بێت کە توانای دەنگبێژی هونەرییان نییەو دەیانەوێت بەوە کەمتوانایی بشارنەوە، بێگومان ئەمە تاسەر نابێت و ئەنجام بەو شێوەیە نابێت کە خۆیان ئەیانەوێت.
لێرەدا من دەمەوێت لەدەرەوەی پرسیارەکەی تۆ قسەی خۆم لەسەر شێوازی قسەکردنی خەڵکیش لەو بارەوە بکەم، من لە هەڵسەنگاندن و لە رەخنەگرتن لە کچانی هونەرمەند، بێویژدانییەکی گەورە دەبینم لەناو خەڵکی خۆمان، خەڵکی ئێمە کاتێک دەبینێت کچێکی کورد کچێکی هونەرمەند جلوبەرگێکی نیمچە روتی لەبەر بێت، ئیتر تا ئەوپەڕی ئەکەوێتە دژایەتی کردن و ناشیرینکردنی، ئەمە دیاردەیەکی زۆر ناحەز و دواکەوتوانەیە، کە هەڵسەنگاندنی شەخسیەت و توانای هونەری هونەمەند، ببەستیتەوە بەو جلوبەرگەی کە دەیپۆشێت، خەڵکی ئێمە کاتێک رەخنە لەو ئافرەتانە دەگرێت بەوە ناوەستێ کە رەخنەیەکی دروستکەر بگرێت، بەڵکو دەکەوێتە بەخشینەوەی تۆمەت و بوختانپێکردنیش، بۆیە ئەگەر پێیان وایە ئەو هونەرمەندانەی کەباسی ئەکەن کارێکی نەشیاو ئەکەن بە خۆ عەرزکردن، بێگومان ئەو خەڵکەش کە بەشێوازێکی نادروست و بەشێوەی تۆمەتبەخشینەوە رەخنەدەگرن و قسەو باس بڵاو دەکەنەوە، ئەوە قسەکانی خۆیان زۆر نەشیاوە، جلوبەرگ پەیوەندی بە خودی ئیسانێک خۆیەوە هەیە، بەڵام قسەو باسەکانی ئەوان دەچێتە بەزاندنی سنوری ئازادی ئەوی ترو لێدان لە ئەوی تر، بۆیە ئەوەیە کاری نەشیاو نەوەک جلوبەرگی کەسێکی تر، هیوام وایە خەڵکی وڵاتی ئێمە ئەوانەیان کەبەو جۆرە قسەو باسە خەریکن، فێر ببن رێز لە ئازادی تاک و هەڵبژاردنی تاک بگرن و چیتر ئەم تەداخولە بێ مانایە بە ناوی رەخنەوە درێژە پێنەدەن.
بەنسبەت خۆمەوە لەسەر خۆ نمایشکردن رەخنەم لێنەگیراوە، چونکە منیش بروام بەو کارە نییە، بەڵام لەبواری ترەوە بێگومان رەخنە هەبووە، دەشبێت، من ئەو کەسانەی رەخنەکانیان لەسەر بنەما بگرن نەک لەمن لەخەڵکی تریشی بگرن سود لەرەخنەکانیان دەبینم، بەڵام هەرگیز گوێ بەجۆرە رەخنەیەک نادەم کە میزاجی شەخسەو بەناوی رەخنەوە بڵاوی دەکاتەوە یان دەیگەیەنێت.
گوڵان: حهز دهكهین باس له دوایین كاری هونهریت بكهی، چۆن ئهو ناوهت ههڵبژاردت و بیرت له كارێكی لهم شێوهیه كردهوه؟ له ههڵبژاردنی ناوی بهرههمهكان كێ هاوكاریت دهكات؟.
سریل: دواین پرۆژەی هونەریم ئەلبومێکە ٨ تراکی لە خۆی گرتوە بە چەند ستایلێکی جیاواز، بڕیارمداوە ئەلبومەکە بەناوی بابە گیان بڵاو بکەمەوە، دیارە ئەمەش وەک رێزو وەفایەکە بۆ رۆحی باوکی خۆشەویستم و رێزێکیشە بۆ هەموو باوکانی کورد، لەبارەی کاری ئەم بەرهەمەش سەرەتا لەگەڵ بەرێز هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر رێککەوتین کار بۆ بەرهەمهێنانی ئەلبومێک بکەین، کاک هەڵکەوت وەک هونەرمەندێک بڕوای بەوە هەیە کە مناقەشەی بەرهەمەکان لەگەڵ هونەرمەندان بکات، کە ئەوە لای من زۆر جێگەی سوپاسە، ئەوکات باسی ئەوەم کرد کە لەم ئەلبومەدا ئەمەوێت بەرهەمێک تایبەت بێت بە باوک، چونکە وەک دەبینین باوکیش هەمان شێوەی دایک بەشیکە لەژیانی مناڵ و زۆرکەمیش کاری هونەری بۆ باوک کراوە، زیاتر بەرهەمەکان بۆ دایک بوە، بەنسبەت منیشەوە باوکم بەشێکی گەورەیە لەرۆحی من و هەمیشە بەو خۆشەویستیانەوە پەیوەستم کە ئەو لەمناڵیما تا دوا ماڵئاوایشی بەمنی بەخشیووە، وەک وەفایەکی بچوک بۆ رۆحی جوانی باوکم مەبەستم بوو ئەم ئەلبومە ناوی بابە گیان بێت، لەهەمان کات دیاریەکیشە بۆ هەموو باوکانی کورد کە ماندووبوون لە بەخێوکردنی مناڵەکانیان و رۆحیان ئازاری خواردووە بۆ ئازاری مناڵەکانیان. تێکەستەکانی ئەم ئەلبومە هی هەریەک لەبەڕێزان، ئەحمەد موحەمەد، فەرەیدون عەبدول بەرزنجی، حەمە سەعید حەسەن، رێبوار رەزا چوچانی، سەباح بایەزینی، کاوە حوسێن، بەرهەم عەلی،دەرباز یونس، ئاوازەکانیش ئاوازی هونەرمەند هەڵکەوت زاهیرە. لەم ئەلبومەدا ئەو پەڕی هەوڵمانداوە بەرهەمەکان بەرهەمی جوان و بەپێزبن، بەهیوام وەک ئەوەی مەبەست و ویستمان بووە کارەکان جێی رەزامەندی جەماوەری هونەر بێت و ئیزافەیەکی جوانیش بێت بۆ هونەری وڵاتەکەم.