فەیسبوک وەک پێگەیەکی هەمەلایەنەی ناسراو لە جیهاندا یەکێکە لە باشترین و سەرکەوتووترین مەیدانی کۆمەڵایەتی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت. لێروە مرۆڤەکان دەتوانن بەبێ هیچ سانسۆرێک و بەبێ بەرامبەر ببن بە خاوەنی لاپەڕەیەکی خۆیان لەم پێگەیەدا، دەتوانن هەموو بۆچوون و پەیام و وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی و موزیک و چەندان بابەتی تر لێرەوە بلاو بکەنەوە و لە هامانکاتدا پێگەی هاوڕێکانیان و خەڵکانی تریش ببینن و چێژ و سود لە بۆچون و بڵاوکراوەکانی تر ببینن. ئەم پێگەیە بەوە ناسراوە سنورەکانی بەزاندووە، توانیویەتی گلۆبالیزم بەرجەستە بکات و هەموو تاکەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و لە چوارچیوەی ئەم ماڵەدا کۆیان بکاتەوە.
فەیسبوک جیا لەوەی هەموو تاکێک دەتوانێت خاوەنی بێت، لێرەدا زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤار و تیڤی و میدیا و کەسایەتیی و هونەرمەند و کەسە ناسراوەکانی جیهان کۆبوونەتەوە و خاوەنی لاپەڕەی خۆیانن، بە شێوەیەکی شیاو دەتوانرێت هەر پەیامێک بۆ هەرکەسێک بێت بگات و ببینرێت. لێرە چەندان کەمپین و چالاکی و داواکاری و پلاکات و ووتار و پشتگیری و نمایشی گرنگ و کاریگەر دەخرێنە بەرچاو لە سەرانسەری جیهانەوە. لە گۆشەیەکی بچوکیشیدا گۆشەی چات هەیە و هاوڕێکان دەتوانن ڕاو بۆچونی خۆیان ڕاستەوخۆ بگۆڕنەوە یان بۆ بەسەربردنی کات بەیەکەوە لە دەمەتەقێدا بەشدار بن. بە گشتی دەکرێت بە بەهێزترین و بەسودترین پێگەی کۆمەڵایەتی لە جیهاندا وەسف بکرێت.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە گەنجی کورد هەتا ئێستا لە پێناسە و ناوەڕۆکی ئەم پێگەیە بێئاگایە. ئەوەی زیاتر بە زەقی دەبینرێت ئەو ناسینە هەڵەیەیە کە بە پێگەیەک بۆ چات و کۆنتاکت ناودەبرێت. وەک لە مەیدانە قەرەباڵخەکانی ئێرەدا دەبینرێت. ئێمە چەند نمونەیەک دەهێنینەوە و ئێوەش دەتوانن سەرنجی خۆتان هەبێت.
ئەگەر ناوێکی کچ و وێنەیەکی دزراوی میینەیەک لە ئینتەرنێتەوە یان لە هەر شوێنێکی ترەوە بەکار بهێنی، دەتوانی زۆرترین هاوڕێ و دۆست و ناسیاو لەخۆت کۆبکەیتەوە لە پیر و گەنج و جوان و ژن و پیاو و هەموو جۆرە کەسێک، بۆ سەلماندنی ئەمە بڕۆنە سەر ناوە کچانەکان بزانن چ بازاڕ گەرمیەکە لای ئەوان بەتایبەتی ئەوانەی هەموو کەسێک قەبوڵ دەکەن بۆ هاوڕیێەتی. قەبوڵکردنی هەمووکەسێک بۆ هاوڕێیەتی کارێکی باشە، لەبەر ئەوەی هەتا هاوڕیت زۆر بێت بەرفراوانتر لە ڕوودا و پێشهاتەکانی ئەم پێگەیە ئاگادار دەبیت.” ئێستا هەندێک لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕێخراو و زۆرێک لە کوڕان فێر بوون لە ژێر ناوی کچێکدا پێگەیەک دەکەنەوە هەتا هاوڕێکانیان زۆر دەبن، پاشان ناوەکە دەگۆڕن و پێگەی کچەکە دەکەن بە ناوی خۆیانەوە.
هەندێ مرۆڤی ناهۆشیار ئێرە بۆ ناشرینکردنی خەڵک بەکار دەهێنن بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاو و جنێودان و هەراسانکردنی خەڵکانیتر. یان ناو و وێنەی کەسە دیارەکان بەکار دەهێنن و بەناوی ئەوانەوە هەڵە و بێڕێزی دەکرێت. نمونەیەک بۆ ئەم دیارەدەیە ” ناوی وا هەیە زیاتر لە دە ئەکاوەنت لە یەک شێوە بە هەمان وێنەوە دەبینرێت”
لە هەمووی سەیرترئەوەیە هەندێک جار کەسە دیارەکانی کۆمەڵگا لەم ناهۆشیارییەدا بەشدارن. ئەڤین ئاسۆ ی پێشکەشکاری کەناڵەکانی چار و کۆڕەک و زاگرۆس، لە ڕوونکردنەوەیەکدا فەیسبوکی بە کاری بێئیشەکان وەسفکرد و وا تێگەشتووە ئەم پێگەیە وەک چاتە بێئیشەکانی تر دەمەتەقێیە.” ئەمە تەنها نمونەیەکبوو” ئەڤین لە هەمووکەس زیاتر دەبینرێت لە بواری کۆمەڵایەتیدا لە کەناڵە تیڤییەکانەوە. هەقبوو شارەزابوایە و بیزانیایە فەیسبوک چیە.