شوکرڵای بابان بێژەر و نووسەری ناسراوی کورد لە تەمەنی هەشتا نۆ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد. بە گوێرەی زانیارییەکانی NNSROJ، شوکرڵای بابان رۆژی هەینی (١٦ی نۆڤامبر) لە شاری تاران کۆچی دوایی کردوە.
شوکروڵای بابان ساڵی ١٣٠٢ی هەتاوی لە شاری سنە لە دایک بووە. پاش وەرگرتنی دیپلۆم لەو شارە، بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن رووی کردۆتە شاری تاران و لە ئیلاهیات، دەرونناسی و حقوق دا درێژەی بە خوێندن داوە.
بابان کاری رادیۆی لە ساڵی ١٣٣٧ لە تاران دەست پێکردوە و وەک بەرپرسی بەرنامەکانی کوردی رادیۆی تاران درێژەی بە کارەکانی داوە.
رادیۆ کوردی تاران، نێوەڕاستەکانی ساڵی ١٣٣٧ بە ١٥ دەقە لە رۆژ دا دەستی بە پەخشی بەرنامەکانی کرد و پاشان ئەو ماوەیە بوو بە سەعاتێک لە رۆژ دا.
رادیۆ کوردی کرماشانیش کۆتاییەکانی پاییزی هەمان ساڵ بە سەعاتێک بەرنامە بە شێوەزاری سۆرانی و نیو سەعات بە شیوەزاری کەلهوڕی دەستی بە پەخشی بەرنامەکانی کرد. لە گەڵ دەست بەکار بوونی رادیۆ کرماشان، پەخشی بەرنامەکانی کوردی رادیۆ تاران وەستا و کارمەندەکانیشی بۆ کرماشان گوێسترانەوە. شوکرڵای بابان هاوکات لە گەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، رۆیشتە کرماشان و تا ساڵی ١٣٤٧ بەڕێوەبەری رادیۆی کرماشان بوو.
ساڵی ١٣٣٨ لە گەڵ بەدیعولزەمانی، عەبدولرەحمان سراجەدینی، سەدیق مفتی زادە و شێخ عابید لە تاران رۆژنامەی ‘کوردستان’یان چاپ و بڵاو کردەوە. ئەم رۆژنامەیە تا ساڵی ١٣٤٢ بە زمانی کوردی بڵاو کرایەوە.
شوکرڵای بابان بە خوێندنەوەی شیعر لە رادیۆ کوردی کرماشان بە ناوبانگ بوو و توانی لە ماوەیەکی کەم دا سەرنجی بیسەرێکی زۆر بۆ لای خۆی رابکێشێ.
ناوبراو چەندین ساڵ وەک بەڕێوەبەری ناوەندەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆنی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی غەربی درێژەی بە چالاکیەکانی دا.
شوکرڵای بابان جگە لە خوێندنەوە و نووسینی شیعر، کاری نووسین و وەرگێڕانیشی کردوە. کورد و کوردستان، سەلاحەدینی ئەیوبی قارەمانی کورد، گوڵزاری کوردستان و فەرهەنگی فارسی کوردی لە بەرهەمەکانی بابانن.
– بە سوپاسەوە ئەم هەواڵە لە سایتی (ناوەندی نوچەو شرۆڤەی ڕۆژ وەرگیراوە- (NNS Roj) .