کەھەڵبژاردەی کوردستان بردیەوە لەناخەوە گریام.
کاتی خۆی یاری تۆپی پێ ودەست و باسکەم کردووە.
دیدار… زاگرۆس نانەکەلی…سلێمانی
گومان بێ زانیاری ئاساییە، لەوانیە خوێنەر و رۆژنامەنووسانی وەرزشی بڵێن ،ھونەرمەندی گۆرانی بێژ عەدنان کەریم چ پەیوەندی لەگەڵ وەرزش و دیداری رۆژنامەنووسی وەرزشی ھەیە؟ دیدارەکەش لەم پرسیارە دەستی پێکرد، سەرەتا عەدنان کەریم رازی نەبوو دیمانە بکات، بەڵام ھەندێک گفتوگۆمان کرد وپرسیارەکانم پێ گووت، گووتی ئاساییە دیمانە دەکەم.
* بۆچی ئێمە لە کۆڵان وقوتابخانەکان یاری دەکەین دوای وەرزش جێدێڵین؟
عەدنان کەریم: راستە، بەڵام ئەمە وەکو سەرەتای ژیانی مرۆڤەکانە، دواتر ھەموومان بۆ بوارێک دەپڕژێین،من خۆم ھونەر داگیری کردووم.
* بۆچی ھونەرمەندانی کورد وەکو ھونەرمەندانی جیھان لەنێو یاریگا وھۆڵە وەرزشیەکان نابیندرێن؟
عەدنان کەریم: ئێمە کاتمان زۆر پێویستە بۆ ئەنجامدانی کارەکانمان، خۆ ئەگەر ھونەرمەندان بۆ یاریگاکان و یاریزانەکان بۆ کۆنسێرت ونمایشی شانۆی بچن ئەوە لێک نزیک بوونەوە ولێک تێگەشتن وپەیوەندیێکی زۆر گرنگە، بەڵێ ھەنگاوێکی باشە.
* دوێنێ و ئەمڕۆ، وەرزشت کردووە؟
عەدنان کەریم: بەڵێ لە قۆناغی ناوەندی یاری تۆپی پێ و دەست وباسکەم کردووە، دواتر لەپەیمانگای ھونەرەجوانەکان بەشی شێوەکاری وەرگیرام و لە وەرزش دوورکەوتمەوە، بەڵام ئێستا ھەر چ نەبێت بۆ ئاگاداری تەندروستی خۆم ماوەیەکی زۆر دەڕۆم وەرزش دەکەم، تا بتوانم ھەناسە بەباشی بدەم تا بتوانم ماسولەکەکان وقورگم وھەناسەم یاریدەدەرم بێت بۆ ووتنی گۆرانی, بەھەمان شێوە وەرزشکار ورۆژنامەنووسی وەرزشی بۆ ئارام بوونەوەی ھەست وماسولکەکان و تا کاتێکی ھێمن وپیشووێکی باش وەربگرێت پێوویستیان بەگوێگرتن لە مۆسیقا وگۆرانی رەسەن یا خود ئەوەی گۆرانیەی گۆرانی بێژەی کە خۆیان حەز بەدەنگیان دەکەن
* وەرزش وھونەر لەتەرازووی عەدنان کەریم چۆن پارسەنگ دەکرێت؟
عەدنان کەریم: ئەوەی بەلای منەوە گرنگە میللەتەکەمان بکرێتەوە بەرووی جیھان، کە کرایەوە ئینجا بتوانێ ھونەر یان ھونەری وەرزش لە چ ئاستێکدایە، دوو لایەنی گرنگ ھەیە لەژیان، ئەویش ھونەر ووەرزشە، وەرزش دەتوانی لەگەڵ ھونەرپێناسەی میللەتی پێ بکەی لەھەموو جیھانا بەیەک رێگا برۆن بۆ ناساندنی میللەت و بۆ ناسنامەی میللەت، من ئەوەی کە زۆر دڵخۆشم دەکات کە ھەڵبژاردەی کوردستانم بینی یەکەم بوو لەناخی دڵمەوە لەدیاریان دانیشتبووم سەیرم دەکردن ولە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییان لێدەکەم، کە ئالای کوردستانیان بەرز کردەوە ئەوەندەی تر شانازیم بەخۆم ومیللەتەکەمەوە کرد،بەراستی لەناخەوە گریام، بۆ چونکە لەناو ئەو ھەموو میللەتانەو ئاڵایانەی دونیا کە ھیچمان لە و میللەتانە کەمتر نیە وەرزشمان ھەیە ھونەر وئەدەب وکەلتوورمان ھەیە ، تەنھا پێویستیمان بەوەیە دانمان پێبنێن و ببین بە دەوڵەت،ئەمە زۆر دڵخۆشم دەکا چاوی یەکە یەکەیان ماچ دەکەم ، ھیوادارم وەرزشکاران ھەموو ھەوڵی خۆیان بدەن لەپێناو وەرزشی کوردی و سەرکەوتنی میللەتەکەمان ئەوان ھیوای دوارۆژن.
* بیرت لەوە نەکردۆتەوە گۆرانیەک بۆ وەرزش بچڕی؟
عەدنان کەریم: من ناتوانم پەیمان بدەم بەڵام شیعرێکی وەرزشی ھەبێت بمھەژێنێ کاری بۆ دەکەم.
* سەیری بۆنەکانی وەرزشی دەکەی؟
عەدنان کەریم: زۆر حەز لە سەیری یارییەکانی بەرشلۆنە دەکەم چونکە یانەیەکە پڕە لە داھێنانی ھونەری وەرزشی.
* کۆڕاڵی ( خەونی کورد) ، خەون نیە؟
عەدنان کەریم: بێگومان خەونە ھیوادارم ئەم خەونەش بێتە دی.
* دیمانەکەمان ھاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی ئەردەلان بەکرپەیامتان؟
عەدنان کەریم: ئەردەلان بەکر خۆشەویستە، لەسوید یەکترمان بینیوە و ھونەرەکەی و رەوشتیم بە دڵ بوو، کۆچێکی ناوەخت بەداخەوە .