بێستون حەسەن :چەندین سەدە و ساڵ تێپەڕی و قۆناغ لەدوای قۆناغ بوونەوەر بەگشتی و مرۆڤایەتی بەتایبەت لەم گۆڕانکارییە ڕیشەییانەدا بێبەش نەبوون و بەرکەوتەی خۆیانیان ھەبووە بۆ بەرجەستەکردنی ماددە زیندووەکانی سەر زەوی ، وەک چۆن سەرەتا گوزەرانی ژییان سادە و ساکارانە بوو ھەر بەو جۆرەش مرۆڤەکان دەستیان ئەدایە ئەو سادەو ساکارییە و نەوعییەتی خواست و داواکاری و ئارەزووەکانیشیان سنورداربوو.
ڕەنگە بۆ وەدەست خستنی کاڵایەکی بەکار ھێنەر چەندین گرفت و ناڕەحەتی بھاتایەتە بەردەم چنگ خستنی ئەو ماددەیە ، بەڵام عەقڵیەتی مرۆڤ وەک لە کتێبە ئایینیەکان و قورئانی پیرۆزیشدا ھاتووە زۆر لەوە بەتوانا ترە کە دەستەوەستان بوەستێ لە ئاست نەبوونی ھۆکاری تایبەت بە پێشخستنی ڕەوتی ژییان بگرە ھەمیشە لەھەوڵ و کۆششی بەردەوامدا بووە تا توانیویەتی گۆڕانکاری وەدەست بھێنێ لە سەر ئەو قەبارە زەوییەی کە تیایدا نیشتەجێ بووە ، بەشێوەیەکی گشتی ئاستی جوڵەی مرۆڤەکانی ئەودەمە گەلێ بەتواناتر و پڕ وزە تر بوو لە ئاستی ئێستەی تواناکانی تاک،ڕەنگە ھۆکار گەلێکی زۆر ھەبن بۆ ئەم بەھانەیە بەڵام دیارترینیان بوونی تەکنەلۆجیاکانی ئەم سەردەمە بن وەک ئۆتۆمبیل و تەلەفۆن و ھۆکارەکانی تری بەرجەستەکردنی ژییان.
پێم سەیرە ئەم تەکنەلۆجیایەی بەشێکی دونیای بە قۆناغێکی پێشکەوتوودا بردووە و وای کردووە سەردەمی وەستاندن و بیری تەسک و جەھالەت بەرێتە بابێکی ترەوە و مرۆڤایەتی وا لێبکا لە دەرفەتێکی کەمدا زۆرترین خواست وەدەست بھێنێت بەڵام ئەمەش چەندە ھۆکارێکی باشە و خاڵی جەوھەرییە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە بەوھێندەیەش لە زۆر ڕووەوە بۆتە ھۆی وەستاندنی مێشکی بەشێکی زۆری عەقڵیەتەکان چونکە کاتێ ھەموو جوڵەیەکی مرۆڤ بۆخۆی مایەی بزواندنی خانە جیاوازەکانی ناو لەشە و بەو ھۆیەشەوە کاریگەری ئەرێنی ئەنوێنێ بۆ ڕەوتی خولاندنەوەی ئەو سستەمەی کە مرڤایەتی پەیڕەوی دەکەن لە شەوو ڕۆژێکدا ، بەڵام ئێستە تەنانەت گەر کەسێک بیەوێ بۆ کڕینی نانی بەیانی بچێتە نانەواخانەیەک دەبینی ھێز و بازوی ئەوەی نییە کە لێنەوێ و بە پێی خۆی کارەکە ئەنجامبدا ، بەڵکو تەمبەڵییەک بە لەشیەوە دییارە و ھەوڵ ئەدا ھۆکاری گواستنەوە بەکار بێنێ لەبری خۆی جا ئەو ھۆکارە ئۆتۆمبیل بێ یان ماتۆڕسکیل یان ھەر ھۆیەکی تر کە یارمەتی دەر بێ بۆ گەیاندنی ئەم ب شوێنی مەبەست گەر چی ئەو جێگەیەش ھێند دوور نەبێ .
یاخود ئاستی کۆمەڵایەتی تاکەکان و خزمان و دۆستان لەگەڵ یەکتردا بە جۆرێکە کە ڕەنگە باس کردنی ئەوبابەتە قسەگەلێک ھەڵبگرێت کە ئێستە شیاو نییە لەسەری بدوێی بەڵام خۆ ئەتوانین ڕێنەدەین پێشکەوتنەکانی دونیا کاریگەری نەرێنی بکاتە سەرمان و وامان لێبکا کە ھەموو کات پشت بە تەکتەلۆجیا ببەستین و ئەو تاقە و توانایەی کە لە پێشتردا بەکارمان ئەھێنا ئێستە لەدەستمان بچێت و کاتێکیش لە ھێز و باوو ئەکەوین چیتر ڕانەگەین وەفریای خۆ کۆکردنەوەیەکیش بکەوین کە بۆ جەستەی خۆمانە.ئاخر دەبێ ھەمیشە وا خۆمان ڕابێنین کە خواوەند ھێز و توانایەکی پێبەخشیوین دەتوانین بە جۆرەھا کاردانەوەی دەرەکی مامەڵەکان بەرجەستە بکەین و سوودیش لە تەکنەلۆجیا ببینین وەک کاریگەرییەکی بەھێز و پاڵپشت بۆ تواناکانمان نەک جێگرەوەی ھەموو شتێکمان. Bestoon١٦١٧@yahoo.com