* زۆر بەئاشکرا جانتاکەیان لێ دزیم، داوا لە دزەکە دەکەم بەس مەڵەتی شوفێرییەکم بۆ بگەڕێنێتەوە سوپاسی دەکەم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
خاتوونی ھونەرمەند شیلان عوسمان دوای ساڵانێک لەگۆرانی گوتن، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی لەساڵی ٢٠٠٣ بەشێوەیەک لەکاری ھونەری دوورکەوتەوە، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات دەیەوێ زۆر بەجدی دەست بەکاری ھونەری بکاتەوە، لەکاتی بەشداریکرنی لەکۆنسێرتی “ئاشتی و پێکەوە ژیان” کە تایبەت بوو بەگەنجان و لەشاری سلێمانی ئەنجامدرا (سڤیل) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ شیلان عوسمان ئەنجامدا.
سڤیل: بۆچی ئەو دەنگدانەوەی ساڵانی پێشووت نەماوە، چەند ساڵێکە بەرھەمی نوێت نییە؟
شیلان عوسمان: دوورکەوتنەوەی من لەکاری ھونەری دوورکەوتنەوەیەکی ئەوتۆ نییە، لەماوەی ساڵی پار و ئەمساڵ چەندین پڕۆگرامی فیستیڤاڵم ھەبووە، ئەمساڵیش چەند کارێکم ئەنجانم داوە و زۆر بەجدی دەستم بەکاری ھونەری کردۆتەوە، بەڵام ھۆکاری ئەوەی چەند ساڵێک بەرھەمی نوێم نەبووە ساڵی ٢٠٠٦ چەند ساڵێکە نوسراوێکی داواکاری ھاوکاریم بۆ وەزارەتی رۆشنبیری کرد، داوای بڕە پارەیەکم کرد بۆئەوەی ئەلبوومە نوێیەکەم پێ تۆمار بکەم، بەڵام تائێستا ھاوکاری نەکراوم. منیش لەبەرئەوە نەمتوانی بەرھەمی نوێ تۆمار بکەم.
سڤیل: تائێستا چاوەڕوانی ئەو ھاوکارییە دەکەی، واتا بەرھەمی تازە ناکەی تاوەکو ھاوکاری نەکرێی؟
شیلان عوسمان: نا. من وازم لەو ھاوکارییە ھێنا، وەکو توانایەکی خۆم کە دەستم بەکاری ھونەری کردووە دەمەوێ دەست بەپڕۆژەیەک بکەم کە ئەلبوومێکە و لە حەوت گۆرانی پێکھاتووە، لەلایەکی ترەوە سووکە بەڵێنێکیان پێدوام کە ھاوکاری بکرێم، ئینشاڵڵا لەوێوە دەست بەکارە نوێیەکانم دەکەم.
سڤیل: ئەوە تەنیا پەیوەندی بەنەبوونی مادی ھەیە یاخود ھاتنی کۆمەڵێک کچی گۆرانیبێژی تازە وایکرد تۆ دوورکەویتەوە؟
شیلان عوسمان: من نایگەڕێنمەوە بۆ ئەوە، لەبەرئەوەی چەندینجار باسم کردووە ئەو گۆرانیبێژانەی لەو چەند ساڵەدا ھاتوونەتە بواری گۆرانی گوتنەوە بەتایبەت ئافرەتەکان من بەشبەحاڵی خۆم ھونەرەکەی ئەوانم لاجوان نییە، لەبەرئەوەی ھونەری بێگانە بەکاردێنن و تاموچێژی نییە، بەڵکو ئەو کارەی من دەمەوێ بیکەم زۆر قورسە و دەمەوێت ئەلبوومێکی زۆر جوان و پرۆڤیشناڵ بێت و کەس گلەیم لێ نەکات، کەس نەلێ کارەکانت ناشرینە.
سڤیل: ھاوسەرەکەی تۆ ھونەرمەندێکی موزیکژەنە و گروپێکی میوزیکی سونەتیان ھەیە، بۆچی وەک پێویست نەتوانیووە سوود لەوە وەرگری؟
شیلان عوسمان: ماوەی ساڵێکە لەگەڵ ئەو گروپە کار دەکەین، گروپێکی زۆر جوانمان پێکھێناوە، بەناوی “گروپی موزیکی ماڵی کورد” ئەوان تەنیا توانیویانە ھاوکاریم بکەن لەچەند شتێک ئەمساڵ کۆنسێرتێکی زۆر جوانمان ئەنجامدا لەگەڵ ھونەرمەندی خۆشەویست کاک رێباز شەمامی، کە لەرۆژھەڵاتەوە ھاتبوون، ئێستاش لەبەرنامەدا ماوەی ھەفتەیەکە سەرقاڵی تۆمارکردنی دوو بەرھەمین لەو بەرھەمانەی لەکۆنسێرتەکەدا پێشکەشم کرد، دوو بەرھەمی زۆرجوانی فۆلکلۆری سونەتییە، لەئایندەیەکی نزیکدا لەئەلبوومێکی نوێدا بڵاوی دەکەینەوە.
سڤیل: ئەو حەوت گۆرانییە نوێیەی کە لەئەلبوومێک ئامادەیان دەکەی چۆنن، لەرووی شیعر و ستایلەوە، ھەروەک ستایلەکەی پێشووت دەبێت؟
شیلان عوسمان: نەخێر ئەمجارە شتێکی زۆر جیاوازە، نامەوێ ئەو ستایلەی پێشووم بێت، لەبەرئەوەی لەوانەیە لەستایلی پێشووم بەشێوازێکی تازەگەریانە نەمتوانی بێت ئەو کارانە بکەم، دەمەوێ زیاد لەسنوور بەستایلی زۆر نوێ و ستایلێکی سونەتیانەی زۆر جوان گۆرانییەکان تۆمار دەکەم.
سڤیل: زۆربەی گۆرانییەکانی پێشووت شیعری دایکت بووە، بۆ گۆرانییەکانی ئەمجارەش پشتت بەشیعرەکانی دایکت بەستووە؟
شیلان عوسمان: جارێ زۆر بەتایبەتی شیعرم بۆ دەستنیشان نەکردووە، چونکە پێم خۆشە تێکستە کلاسیکەکان تێدەکەم، بۆ نموونە مامۆستا ھێمن و گۆران و نالی و مەحوی، لەوانەیە پێویست بکات شیعر بەدایکم وەرگرم.
سڤیل: دایکت زۆر ھاوکارت بووە لەکاری ھونەری، لەبارەی ئەو چەند ساڵەی بەرھەمی نوێت نییە نیگەرام نییە لێت؟
شیلان عوسمان: بێگومان نیگەران بووە لێم، دایکم زۆر ھاندەرمە لەکاری ھونەری، زۆر نیگەرانە کاری نوێم نییە، دایکم لەوە تێگەیشتووە زۆر بەزحمەت کار دەکرێ و ناتوانم ھەموو مادییەکە خۆم ئامادەی بکەم، بەڵام ھەر گلەیی ھەیە لەسەرم و دەڵێ ھەردەبێ کاری نوێت ھەبێ.
سڤیل: دوای وازھێنانت لە “گروپی کیژانی سلێمانی”. کە ھونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی سەرپەرشتی دەکات، داوات لێنەکراوە بگەڕێیتەوە؟
شیلان عوسمان: نەخێر داوام لێنەکراوە، چونکە داواشم لێ بکەن ناتوانم بگەڕێمەوە کاریان لەگەڵ بکەم، لەبەرئەوەی ستایلێکی تایبەتی خۆم گرتووە، حەزم لەستایلی سونەتییە، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
سڤیل: ئەی لەگەڵ ئەندامانی گروپەکە سەردانی یەکتر دەکەن؟ لەگەڵ ئەنوەر قەرەداخی لەشوێنان یەکتر ببینن سەلام لەیەکتر دەکەن؟
شیلان عوسمان: بەڵێ بەڵێ زۆر بەخۆشحاڵییەوە زۆر ھاوڕێن، رێز و خۆشەویستیم بۆ مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی ھەیە و لەھەر شوێنێک یەکتر ببینین زۆر ئاساییە بەلامەوە سەلام و چاک و چۆنی لێ بکەم، ھەر مامۆستاکەی جارانە.
سڤیل: رووخساری ئێستا و پێشووت ھەروەک جارانە، بۆچی خۆت لاواز ناکەیتەوە، تۆ رۆژانە چی دەخۆی وا ناتوانی خۆت لاواز بکەیتەوە؟
شیلان عوسمان: ھاوڕێی و کەسە نزیکەکانم زۆرجار ئەو پرسیارەم لێدەکەن، ئەوە ستالێکی تایبەتی خۆمە، لەتەمەنی منداڵیشمەوە ھەر وابووم، من بڕوام بەوە نییە کەم بخۆی لاواز دەبی و زۆر بخۆی قەڵەو دەبی، نەخێر وانییە، ھاوڕێکانی خۆم ئەوانەی کە لێم نزیکن و پیاسە دەکەین زۆر پێمدەڵێن زۆر مەخۆ باقەڵەو نەبی، لەگەڵ رێزم من پێکەنینم بەقسەکانیان دێت، ئەگەر بەخواردن بوایە دەمتوانی بەیەک مانگ زۆر خۆم دابەزێنم، من بەقەڵەوی خۆم ئیزعاج نیم ئیتر نازانم خەڵک حەقی چییە بەسەرمنەوە قەڵەوم یان نا. تکا لەو خەڵکە دەکەم تەداخولی شتی شەخسی ھونەرمەند نەکەن، تەنیا پرسیار لەشتە ھونەرییەکانی ھونەرمەند بکەن.
سڤیل: سلێمانی ئێستا و پێشوو چ جیاوازییەکی ھەیە؟
شیلان عوسمان: وەڵڵا جیاوازی زۆر زۆرە، ئێمە ساڵ بەساڵ دەبێ بەرەو پێشکەوتوویی بڕۆین، بەڵام بەداخەوە رێزم بۆ ئەو خەڵکە ھەیە سەیری دەکەین رۆژبەرۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە، وەک ئێستا باسم کرد، لەوانەیە جاران کەس حەقی بەسەرتەوە نەبوایە باسی شتی تایبەت بکەن، بەڵام ئێستا باسی شتی زۆر تایبەتی یەکتر دەکرێ، ژیانی جاران زۆر پاک و سادە و خۆش بوو، ئەگەر نان و چایەکیشت بخواردایە بەرای من زۆر خۆشتر بوو لەنان و چێشتەکەی ئێستا.
سڤیل: وابزانم لەدواین کۆنسێرتت جانتایەکت لێ دزرا، جانتایەکە چی تێدا بوو؟
شیلان عوسمان: دەستخۆشیت لێدەکەم بۆ ئەو پرسیارە، ھیوادارم ئەو قسەی من ئێستا دەیکەم دزەکە بیخوێنێتەوە، لەدوایین کۆنسێرتمان کە تایبەت بوو بەگەنجان، لەھۆڵی تەلاری ھونەر ژوورێکی تایبەت ھەیە بۆ ھونەرمەندەکان جانتایەکی جلوبەرگ و جانتایەکی شانم لابوو، ئەوەندەی من چووم بۆ سەر شانۆ گۆرانیم پێشکەشکرد جانتاکەیان لێ دزیم، کە ٣٠٠ دۆلار و مۆڵەتێکی لێخورینی ئۆتۆمبێل لەگەڵ چەند بۆنێکی تایبەت بۆم ھاتبوون و ھەندێ وێنەی ھاوسەرەکەم، داوا لەو دزە بەڕێز و خۆشەویستە دەکەم ھەموو شتەکانی پیرۆزبێ بەس مۆڵەتی ئۆتۆمبێلەکەم بۆ بگەڕێنێتەوە و لەشوێنێک بۆم دانێت.