وێنەگری کورد توورج ئەسڵانی بە فیلمی “وەرزی کەرکەدەن” لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی خەڵاتی “بۆقی برونزی” باشترین وێنەگری بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “پلووس کامێرائیمەیج” بەدەستھێنا.
ئەسڵانی بە فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” Rhino Season لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادی، دوای بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگری بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا و خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” (APSA) ناسراو بە “ئوسکاری ئاسیایی” لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، لە بیستەمین خولی فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما بە ناونیشانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “پلووس کامێرائیمەیج”ی پۆڵەندا بە فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” و فیلمی سینەمایی “بوعز” واتە “کوڵی گریان” لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی ڕەزا دورمیشیان کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری بەشی سەرەکی فیلمە سینەماییەکانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە بوو و بە فیلمی “وەرزی کەرکەدەن” بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان خەڵاتی “بۆقی برونزی” باشترین وێنەگری بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “پلووس کامێرائیمەیج”ی بەدەستھێنا.
ئەم وێنەگرە کوردە بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی “بۆقی برونزی” باشترین وێنەگری بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “پلووس کامێرائیمەیج” PLUS CAMERIMAGE واتە “فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەمای جیھان” لەگەڵ ١٢ وێنەگری بەئەزموون و بەناوبانگی سینەمای جیھان لە رکابەریدا بوو.
لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵە کە شەوی یەکشەمە ٣ی کانوونی یەکەم / دیسەمبەری ٢٠١٢ لە شاری لودز لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەچوو، نیکۆلاس بۆلدۆ بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “جادوگەر” لە وڵاتی کەنەدا خەڵاتی “بۆقی زێڕین”، یووس کیپ و کارۆلین چامپیتێر بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “متۆری پیرۆز” لە وڵاتی فەڕەنسا خەڵاتی “بۆقی نوقرەیی” و توورج ئەسڵانی بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا خەڵاتی “بۆقی برونزی” بەشی سەرەکی فیلمە سینەماییەکانی ئەم فیستیڤاڵەی پێبەخشرا.
فیستیڤاڵی “پلووس کامێرائیمەیج” کە یەکێک لە گرینگترین و تەنیا فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی ھونەری وێنەگرتن لە ئاستی دنیا دێتەئەژمار، ھەموو ساڵێک بە ئامادەبوونی وێنەگرانی بەرچاو و بەئەزموونی سەرتاسەری جیھان لە شاری لودز لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و بەرپرسانی ئەم فیستیڤاڵە بە پێی جۆری وێنەگرتن، باشترین فیلم ھەڵدەبژێرن و بە سێ وێنەگری سەرکەوتووی فیستیڤاڵ، خەڵاتەکانی “بۆقی زێڕین”، “بۆقی نوقرەیی” و “بۆقی برونزی” کە گرینگترین خەڵاتی وێنەگری جیھانە پێشکەش دەکەن.
بیستەمین خولی ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی سەرەکی فیلمە سینەماییەکان، بەشی فیلمی ڤیدیۆیی، بەشی فیلمە دیکۆمێنتییەکان، بەشی موزیک، بەشی رێکلام، بەشی خوێندکاری و چەندین ڤۆرکشۆپی فێرکاری پسپۆڕانە لەسەر وێنەگری سینەما لە رۆژانی ٢٤ی تەشرینی دووەم / نوامبر تاکوو ١ی کانوونی یەکەم / دیسەمبەری ٢٠١٢ لە شاری لودز لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوەچوو و لە بەشی سەرەکیدا تەنیا ١٤ فیلمی سینەمایی لە وێنەگرانی سەرتاسەری جیھان لەگەڵ یەکتری لە رکابەریدابوون.
لە بەشی سەرەکی فیلمە سینەماییەکانی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “پلووس کامێرائیمەیج” ١٤ وێنەگر بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەم فیستیڤاڵە کاندیدکرابوون کە ناوی توورەج ئەسڵانی بە دوو فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” و “بوعز” واتە “کوڵی گریان” لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە نێوان ناوزەدەکاندابوو، ناوی کاندیداکانی دیکەی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ بریتی بوون لە: بێن ریچاردسۆن بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “ئاژەڵە وەحشییەکان لە باشوور” لە وڵاتی ئەمەریکا، رۆدریگۆ پریتۆ بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “ئارگۆ” لە وڵاتی ئەمەریکا، یۆس بلێنگێر بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “لۆرێنس” بەرھەمی ھاوبەشی وڵاتانی کەنەدا و فەڕەنسا، نیکۆلاس بۆلدۆ بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “جادوگەر” لە وڵاتی کەنەدا، لوول کراولی بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “پارک ھاید لە ھادسۆن” لە وڵاتی بەریتانیا، میھای مالایمار جۆنیۆر بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “مامۆستا” لە وڵاتی ئەمەریکا، جۆلیان ئاپزتگیوا بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “وەحشییەکان” لە وڵاتی ئەرژەنتین، یووس کیپ و کارۆلین چامپیتێر بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “متۆری پیرۆز” لە وڵاتی فەڕەنسا، راب ھاردی بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “شکاو” لە وڵاتی بەریتانیا، پیووتێر شلیسکۆسکی بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “پاسکلی باوکم” لە پۆڵەندا، ئارکاداز تومایک بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “بە شوێن جینایەتکارەکانەوە” لە وڵاتی پۆڵەندا و سان یوونگ لی بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “نەخۆشخانەی مەسیح” لە کۆریای باشوور.
ئەسڵانی ساڵی ٢٠٠٩ بە فیلمی دیکۆمێنتی “چە سرسبز بود درە ما” واتە “چ سەرسەوز بوو شیوودۆڵی ئێمە” لە دەرھێنانی فریشتە جوغەتایی کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری بەشی دیکۆمێنتاری حەڤدەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “پلووس کامێرائیمەیج” بوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.pluscamerimage.pl/index.php?news=٢٧٢٨٥