لە شەڕ میسی و رۆنالدۆم ناسی
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : رۆزبێ ناوی راستەقینەی خۆیەتی، لەدایکبووی شاری سنەیە و ئێستا بەسەردانێک لەکوردستان ماوەتەوە، لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) رایگەیاند، ھێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی مانەوەی لەکوردستان نەداوە، جگە لەبوارە ھونەرییەکەی ئەو باس لەھەندێ ژیانی تایبەتی خۆیکرد و گوتی “جگە لەخۆم دوو خوشک و دوو برای ترم ھەیە”. نەھاندەری ریالە و نەبەرشلۆنە.
سڤیل: سەرەتا ئیشی میوزیک و ئاوازدانانت دەکرد، بۆچی دەستت بەگۆرانیگوتن کرد؟
رۆزبێ: ئەوکاتە زۆر بیرم لەگۆرانیگوتن نەدەکردەوە، لەبەرئەوەی لەمنداڵیەوە ئامانجی من ھەر مۆسیقا بوو، بەڵام دوای ماوەیەک دەبێ ھەنگاوی نوێ بنرێت لەمۆسیقای کوردی پێویستە ھونەرمەندی تازە دروست بکرێ، بەمشێوەیە دەستم پێکرد و ئەوکاتەش کە دەستم پێکرد زۆر بەجدی وەرمنەگرت، چونکە چاوەڕێی ئەو پێشوازیەم نەکرد لەلایەن خەڵکەوە، لەدوای ئەوە ئەرکم قورستر بوو و زۆر بەجدی وەرمگرت.
سڤیل: “بریا زووتر دەستم بەگۆرانیگوتن بکردایە” ئەوە قسەی خۆتە، مەبەستت لەوە قسەیە چی بوو؟
رۆزبێ: ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر شت، یەک لەوانە لەکۆمەڵگای ئێمە گرنگی زیاتری پێدەدرێت، من چەند ساڵ خەریکی ئاوازم دادەنا و مۆسیقام دروست دەکرد بۆ گۆرانیبێژانی بەناوبانگ، بەڵام قەت بەمشێوەیەی ئێستا وەک گۆرانیبێژ ئیشەکانم خۆم بۆ خۆمی دەکەم گوێی لێ نەدەدرا، من لەناو خەڵک نەناسرام.
ھەروەھا یەکێکی دیکە ئەوەیە ئێستا لەوکاتەوەی کە گۆرانی دەڵێم زۆر باشتر دەتوانم ئەو فیکرە مۆسیقایەی کە لەمێشکم دایە دروستی بکەم، لەوانەیە پێشتر کە بۆ ھونەرمەندێک کارم دەکرد تەنانەت ئێستاش کە بۆ ھونەرمەندێکی تر گۆرانی دروست دەکەم دەبێ تۆ بڕۆیتە ناو قاڵبی ھونەرمەندە بۆئەوەی ئیشەکە لەگەڵی بگونجێ، بەڵام ئەو شتەی کە بۆ خۆم دروستی دەکەم ھەر ئەو شتەیە کە لەمێشکی مندا دەگونجێ.
سڤیل: ھەڵکەوتەی دەنگی تۆ یاخود سروشتی دەنگی تۆ زیاتر لەتۆنی ھەورامی نزیکە، واتا دەتوانی وەک ھەورامییەک گۆرانی ھەورامی بڵێی راستە؟ بەڵام تۆ لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دەنگەت بۆ ستایلی تازە بەکارھێناوە، چۆن توانیت ئەمە بگونجێنی؟
رۆزبێ: ئەو تۆنە ھەورامیەی کە لەدەنگی مندا ھەیە دەتوانم وەک شانسێکی سروشتی ناوی بنێم، بەڵام ئەو ستایلە تازانەی کە ئیشم تێدا کردووە بەراھێنان بەدەستم ھێناوە، ئامانجی سەرەکی منیش ئەوەیە تۆنە کوردییەی کە ئێستا سروشت پێیداوم لەگەڵ ستایلە تازەکان تێکەڵی بکەم، ھێشتا ئەو شتانەی کە کردوومە ھیچ کامێکیان ئەو شتە نییە کە لەمانجی مندا ھەیە، ئێستا کاتی ئەوەیە من ئیشەکانم پوختەتر دەکەم و ئاستی مۆسیقا و گۆرانیگوتنم بڕواتە سەرەوە، ئێستا لەھەوڵی ئەوەدام ئاستی ھونەری خۆم ببەمە سەرترەوە، لەبەرئەوە ئەوەی کە سروشت بەمنی داوە دەرفێکی زۆر باش و خۆشی بەمن داوە بتوانم مۆسیقای شەرقی و غەریبی تێکەڵ بکەم.
سڤیل: چۆنە تائێستا گۆرانی دوێتت نەکردووە؟
رۆزبێ: تائێستاکە دەرفەتەکە دروست نەبووە، لەپرۆگرامەکانی خۆشمدا نەبووە، لەبەرئەوەی من جگە لەگۆرانیگوتن خەریکی کاری مۆسیقا و ستۆدیۆم، ئەوە دەرفەتی ئەوەی بۆ نەھێشتوومەتەوە، بۆیە کاتێک پلان بۆ دوو ساڵی داھاتوو دادەنێم واتا ئیشی من بە سودفە ناڕوات ھەمووی لەسەر پلانە، بەڵام بەتاکید گۆرانی دوێت شتێکی زۆر جوانە و ئێستا باوە، ھەندێجار دوو سەلیقەی جیاواز لەناو خەڵکە بۆ خۆیان رادەکێشن.
سڤیل: ھەندێ شیعری دایکت کردۆتە گۆرانی، بەڵام بەحوکمی ئەوەی دایکت ئافرەتە رەنگە نەتوانێ وەک پیاوێکی شاعیر ھەستی بۆ ئافرەت دەرببڕێ، تۆش ئەم شیعرانەت لەدایکت وەرگرتووە کە بۆ ئافرەتی نوسیووە، ئایا ئەو توانیوویەتی ھەستی ئافرەت بگەیەنێت؟
رۆزبێ: ھەندێ شیعر و گۆرانی ھەیە تایبەت بەپیاو نییە، بۆ ھەردوو رەگەزەکە دەگونجێت، بەڵام ھەندێ گۆرانیش ھەیە تێکستەکە تایبەتە لەزمانی کوڕێکەوە بۆ کچێک دەگوترێ، وەکو گۆرانی “کەنیشکە”. دایکی من لەبەرئەوەی زۆر لەناو خەڵک و کۆمەڵگە تێکەڵە و لەگەڵ جیلە جۆراوجۆرەکان تێکەڵە زۆر زۆر بەباشی لەھەستی من تێدەگات، پێم وانییە کەس ئەوەندەی دایک زیاتر لەمنداڵەکەی تێبگات، بۆیە ئەو تەنسیقەکەی من و دایکم زۆر باش بووە و ھەست بەوە ناکرێت ئەو تێکستە ئافرەتێک گوتوویەتی. بەرای من شتێکی کەموکورتی رووینەداوە.
سڤیل: ئەی خۆت لەگەڵ نووسینی شیعر چۆنی؟
رۆزبێ: تاقیم نەکردۆتەوە، بەڵام زۆر دەخوێنمەوە و زۆر بەدوای شیعرەوەم، لەبەرئەوەی ھەندێجار ھەست دەکەم شتێک ھەیە لەمێشکم دەبێ بەس خۆم بیڵێم بۆیە بیرم لەوە کردۆتەوە شیعر بۆ گۆرانیەکانم بنووسم، بەڵام تاوەکو نەگاتە ئەو رادەی بواری پرۆفیشناڵەوە قەت ئەو کارە ناکەم، بەڵام بیرم لێکردۆتەوە.
سڤیل: چەند خوشک و بران، دایکت گرنکی زیاتر بە کامەتان داوە؟
رۆزبێ: دوو خوشک و دوو برای تۆم ھەیە، بەڵام منداڵ بۆ دایک ھیچ جیاوازییەکی نییە، بەس بەتاکید لەبەر ئیشە ھونەرییەکانم من و دایکم زیاتر پەیوەندیمان پێکەوە ھەیە.
سڤیل: ماوەیەکە لەکوردستانی، ئایا بڕیارتداوە لێرە بمێنیەوە؟
رۆزبێ: دیار نییە، ھێشتا بڕیارم نەداوە.
سڤیل: جگە لەکاری ھونەری چ ئیشێک دەکەی و لەبەرنامەتدایە چ ئیشێک بکەی؟
رۆزبێ: ھەر مۆسیقا موچەی ژیانمە و پێی دەژیم ھەر بەکاری ستۆدیۆ و ئاوازدانان و مۆسیقا دروستکردن بووە، جگە لەگۆرانیگوتن ئەوە ئیشی منە، ئیتر ئەوەش دەرفەتی ئیشی تری بۆم نەھێشتۆتەوە، ھیوایەتیشم ھەر ئەوەیە.
سڤیل: جگە لەکاری گۆرانیگوتن و ئاوازدانان چ بەرھرەیەکی ترت ھەیە؟
رۆزبێ: وەڵڵا ئەو بەھرەیەی کە دەتوانم زۆر متمانەوە مەدحی بکەم خواردن دروستکردنمە، ئەوەش لەجیھان ھونەرێکە، ماوەیەی چەند ساڵێکە بەتەنیا ژیاوم لەم چەند ساڵە قەت نەبووە حەز بەخواردنێک بکەم و لەدڵمدا بمێنێتەوە، خۆم بۆ خۆمی دروست دەکەم، ج خواردنی کوردی بێت یاخود غەربی یاخود ئێرانی دەزانم دروستی بکەم.
سڤیل: مادام خۆت فێری دروستکردنی ھەموو جۆرە خواردنێک کردووە، واتا کەسێکی نەوسنی؟ ئەی کام خواردن خۆش دروست دەکەی؟
رۆزبێ: من زۆر ئاگام لەخواردنمە، زۆر بەسەحی نان دەخۆم، بەڵام بەڵێ نەوسنم و زۆر گرنگی بەخواردن دەدەم، ھەندێ خواردنی ئێرانی ھەیە زۆر بەباشی شارەزام و دروستی دەکەم یەکیکان مریشکی کوڵاو و لازانیە.
سڤیل: دەتەوێت بەس لەکوردستان بناسرێی یاخود ھەوڵدەدەی لەوڵاتانی تریش بناسرێی؟
رۆزبێ: ئامانجی من ئەوەیە وەک گۆرانیبێژێکی کورد لەئاستی جیھانی ئیش بکەم، بتوانم لەھەموو وڵاتەکانی دنیا وەکو گۆرانیبێژێکی کورد بناسرێم، ئەوە رێگەی منە ھەڵمبژاردووە، بەڵام کەی پێی دەگەم ئەوە داھاتوو دیاری دەکات.
سڤیل: حەزت لەچ جۆری ئۆتۆمبێلێکە؟َ
رۆزبێ: خۆم سەیارەم نییە، بەڵام زۆر حەزم لەئۆتۆمبێلی کامیرییە.
سڤیل: ھاندەری ریالی یاخود بەرشلۆنە؟
رۆزبێ: یاریزانەکایش بەتەواوەتی ناناسم، زۆر سەیری تۆپی پێ ناکەم، نە ریالم و نەبەرشلۆنەم، لەمنداڵیەوە ئەرژەنتین بووم، بەڵام کە گەورە بووم دوورکەوتمەوە لە تۆپی بێ، بەڵام ئێستا رۆناڵدۆ و میسی دەناسم، ئەویش بەھۆی فەیسبووکەوە دەبینم زۆر لەسەریان شەڕە.
سڤیل: چ شتێک لەکوردستان خۆشە و سەرنجتی راکێشاوە؟
رۆزبێ: ئەوەی کە زۆر رێز لەمیوان دەگیرێت، یارمەتی یەکتر دەدەن، لێرە کەس بە کێشە نامێنێ ھەر کەسێک کێشەی ھەبێ دەیان برادەر ھەیە دەستی دەگرێت بۆی چارەسەر دەکەن، لە ئەوروپا نەماوە، ئەوە گەورەترین شتی کوردستانە، ھەموو خەڵکی کوردستان ھاوڕێمە، ھەم لەھەولێر ھەمیش لە سلێمانی و دھۆک ھاوڕێی خۆشەویستم دۆزیوەتەوە.