توانا تەھا- ناحیەی بالیسان: لە وتاری رۆژی ھەینی دوێنێ مامۆستا رزگار بالیسانی، ھۆشداری دەداتە حکومەت و لایەنی پەیوەندیار سەبارەت بە سستی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکانی ناحیەی بالیسان و کەمتەرخەمیکردن لە جێ بەجێ کردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان”.
مامۆستا رزگار محەمەد بالیسانی، لەرۆژی، ١٠-٨-٢٠١٢ لە وتاری ھەینی، دوای ئەوەی باسی گەندەڵی و بەھەدەردانی سەروەت و سامانی گەل کرد، لە لایەن دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەوە، دوو ئیدارەیی و دوو ئیرادەیی گەڕاندەوە بۆ بێھیزی حکومەتی کورد”. ئەم وتار خوێنە ھاوکات لە وتارەکەی دا باسی کەم تەرخەمی شارەوانی بالیسانی کردوو لەم بارەیەوە ھۆشداری توندی دایە لایەنی پەیوەندی دار کە چی دیکە، کەم تەرخەمی نەکەن لە جێ بەجێ کردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناحیەی بالیسان”.
لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئەوەشی راگەیاند “ئێمە لەلایەن خۆمانەوە لیژنەیەکی ٥ پێنج کەسی دروست دەکەین بۆ بە دواداچوونی کار و پڕۆژەکانمان، بۆ ئەوەی ئیتر پشت گوێ نەخرێن و بایەخی تایبەتیمان پێ بدرێت”.
لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنیشیدا ناوبراو ئەمەی دووپات کردەوەو رایگەیاند کە “کەم تەرخەمیەکی زۆر ھەیە لە خزمەتکردنی خۆشناوەتی و بەڕێوەچووی پڕۆژەکان، ئەمە خەڵکی خۆشناوەتی بێ تاقەت کردووەو ئێمە وەکو خەڵک لێی بێدەنگ نابین و لە ھۆکارەکانی بەڕێوەنەچوون و خزمەت نەکردنی دەڤەرەکە دەکۆڵینەوەو دوای ئەمەش قسەی خۆمان دەبێت.
دانا تەھا، کوڕە گەنجێکی خۆشناوەتیەو پشتگیری لە وتەکانی ئەم وتار خوێنە دەکات و پێیوایە ئەوەندەی ئەم وتار خوێنە لەخەمی خەڵک و بەڕێوەچووی پڕۆژەکانە ئەوەندە لایەنی پەیوەنددیار لە خەمی نین و بێدەنگن لێی”. دانا گوتیشی “ئێمە وەکو گەنجان و ھاووڵاتییانی خۆشناوەتی بەشێکی ھەرە زۆرمان لەگەڵ ھەر کارێکی مەدەنین کە لەم لیژنەی دادەندرێت رابگەیندرێت بۆ ئەوەی سنورێک بۆ بێ کەم تەرخەمیەکان و بەھیچ ھەژمار نەکردنی خەڵک دابندرێت و خۆشناوەتی و ناحیەی بالیسانیش وەکو شوێنە کانی دیکە خزمەت بکرێت”.