مەسعودی مەلا ھەمزە:
سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ١٨/٧/٢٠١٢ بە ئامادەبوونی فەرھەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و ھونەر و ھیوا سوعاد بەڕێوەبەری ھونەری شانۆی ھەولێر دەستکرا بە ئەنجامدانی وۆرک شۆپێکی ٥ رۆژە بۆ چۆنیەتی سازکردنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی.
لەم وۆرک شۆپەدا کە ھەریەک لە “ھێلا، سارا” کە دوو خاتوونی خاوەن ئەزموونن لەبواری سازکردنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لەسەرجەم لایەنەکان، بۆیە ئەم وۆرک شۆپەیان سازکرد بۆ ستافی فێستیڤاڵ لە شاری ھەولێر.
لەسەرەتای وۆرک شۆپەکەدا ھیوا سوعاد بەڕێوەبەری ھونەری شانۆی ھەولێر وتەیەکی پێشکەش کردو گوتی”ئەگەرچی پارساڵ یەکەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ھەولێرمان بە ئەزموونی خۆمان سازکرد، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ئەمساڵ بەشێوەیەکی باشتر و پرۆفیشناڵتر فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبەرین، بەپێویستمان زانی ئەم وۆرک شۆپە بکەینەوە و سوود لە ئەزموون و توانای کەسانی پسپۆڕ وەربگرین بۆ ئەوەی بتوانین باشتر لەساڵی پار کاربکەین”.
دواتر و ھەر لەمیانی وۆرک شۆپەکەدا فەرھەنگ غەفوور وتەیەکی پێشکەش کردو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە سازکردنی ئەم جۆرە وۆرک شۆپانە گرنگی تایبەتی خۆی ھەیەو ئێمە سوپاسی بەڕێوەبەری شانۆی ھەولێر دەکەین کە ھەموو ھەوڵەکانی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ و ئەکادیمی کاری سازکردنی فێستیڤاڵ بەڕێوەبەرین”.
ئەم وۆرک شۆپە ماوەی ٥ رۆژ دەخایەنێ و دوو رۆژی سەرەتا بەشێوەیەکی گشتی وۆرک شۆپ بۆ بەشداربووان دەکرێ و لەرۆژانی دواتریش ھەر لیژنەیەک لە لیژنەکانی فێستیڤاڵەکە بە شێوەیەکی تایبەت وۆرک شۆپیان بۆ سازدەکرێ و چۆنیەتی ئیشوکارەکانیان و ئەنجامدانی دەخرێتە بەرباس”.