مشاری ئه‌عصابی ..
دایک و باوکه وه‌ک ترۆپکی دورگه‌یه‌کی ناو ده‌ریا به‌به‌ر هاژه و زریانی شه‌پۆله به‌رزه‌کانی که‌ڵچه‌ری باوی ئه‌م هه‌نده‌رانه ملهقوتکهیان بوو ، هه‌رچه‌ندی خۆپارێزیان ده‌کرد گێچه‌ڵی سه‌رده‌م و گۆڕانکاریه‌کان وا لهزهواقی نابوون بێ له‌نگه‌ر ژێراو سه‌راوی ده‌خستن . دوای ماوه‌ی زۆری چه‌ند ساڵه‌یی ههندهرانشی و بهربهرهکانێکان هه‌ر کوردیانه بیریان ده‌کرده‌وه له‌گه‌ڵ قیچێ گۆڕان واته تۆزه فێربوونی زمانه نوێکه به‌گوێره‌ی پێداویستیه‌کان به‌کاریان ده‌هێنا ته‌نانه‌ت تاکه خهونێکیشیان به‌و زمانه نه‌ده‌دیت لهنوستوویش هه‌ر به‌کوردی ده‌دوان . کیژۆڵه‌که‌یان له‌سێ وشه‌ی پێناسهییدا: نه‌وه‌ی دووه‌می هه‌نده‌رانه . چه‌ند نه‌ورۆزه وه‌رزێکی ته‌مه‌ن خاراندبووی ده‌توانین بڵێین: یه‌کێ له‌شه‌پۆله کهفوکوڵدارهکانی ده‌رهاوێشته‌ی ده‌ریا خهمڵێندراوهکهیه بۆ سه‌ر دایه و بابه ، ئه‌گه‌ر لێ ی گه‌ڕابان هه‌ر به‌کوردیش قسه‌ی نه‌ده‌کرد هه‌موو خه‌ون و خولیایه‌کی به‌زمانه بێگانه‌که ده‌دیت و ده‌نه‌خشاند . هه‌راش ببوو تێده‌گه‌یشت ، ده‌کرا چه‌ند و چوون له‌سه‌ر داوا و مافه‌کانی بکا هه‌ندێ جار لاسار و هه‌ندێ جاریش ملکه‌چ ده‌بوو . له‌لایه‌کی تر خۆ ناحه‌قی نه‌بوو ئه‌وی ژیا‌و له‌خاک و کلتورێکی ئاسایی که لێ ی له‌دایک بووه هه‌روا پاراو به‌ئازادی بێ سنوری تاکی ئه‌گه‌ر جیاواز به‌بۆچوونی دایه و بابهیهک دابڕاوی کوردستان و موتوربه لهکهلتورێکی نوێ بێ بۆ ئه‌وان ، هه‌روا سه‌باره‌ت به‌کوردستان ئه‌وه‌ی له‌مێشکیدا مه‌زه‌نده‌ی ده‌کرد چه‌ند وێنه‌یه‌کی خه‌یاڵی گۆتراوهی ئه‌وان بوو خۆی شتێکی وای لێ نه‌دیبوو ، نه‌ژیا بوو ، هه‌موو که‌ڵچه‌ر به‌داب و نه‌ریته‌کانی به‌چه‌ند ڕسته‌یه‌ک پێ شێ نه‌ده‌کرایه‌وه یا ڕاستر کاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دانه‌ده‌نا به‌تایبه‌تیش خوه هاورده‌کانی ئاین و سه‌پێنراوه‌کانی سنورداری کۆمه‌ڵ ! هه‌ر جارێ بابه دایده‌نا وانه‌ی داب و نه‌ریته کهڵچهریهکانی ده‌دایه‌وه کچه تێنه‌ده‌گه‌یشت ، بێزار که‌ر و هه‌ست سوتێن لێکدانه‌وه‌ی بۆ ده‌کرد ! جار جاره‌ش به‌زمانه بیانیه‌که له‌به‌ر خۆیه‌وه ناته‌با بۆڵه‌یه‌کی ده‌کرد پێ ی ده‌گۆت: مشاری ئه‌عصابی !