هیوا کەریم مەلا
دایک و باوک٫ ئەو دوو کائین و کۆڵەگەیەی ژیانی تۆن٫ بە دەست بەردان لێیان٫ چڵ و پۆپی درەختێک نامێنێتەوە خۆتی پێوە بگەریتەوە بۆ بەردەوامیدان بە زیندەگیی٫ ئەگەر دایک و باوک لە رێگای ژیان هاوشانی هەنگاوەکانت بن٫ بکەویتە ناو ناعووری بێ ئومێدیش٫ بەجێتناهێڵن و تا دووا چرکەساتی ژیانی خۆیان دەکۆشن بۆ دەربازکردنت٫ لێ ئەگەر ئەوان بە هەر هۆکارێک لە خۆت داببڕی٫ ئەوە لە قۆرتی مۆریانێی زیندەگیی٫ کە پڕی دەوربەرت هاوهەست و هاودەنگ و هاوڕێیە٫ هێندەی چاوترووکانێک بە تاک و تەنیا دەمێنیتەوە و بە دەگمەن۰ دەنا مرۆڤێک گوێی لە شکانی پەراسووەکانت نابێ٫
لە زۆر کتێب ئاماژە بۆ گەورەیی باوان کراوە، لە قورئانی پیرۆز وەکوو نموونە٫ جەخت کراوەتەوە لە رێز و ئەڤین و لێبٖووردەیی بەرامبەر بە دایک و باوک: وَقَضَی رَبُّكَ أَلَّا تَعبُدُوٓا إلَّآ إيَّاهُ وَبِٱلوَالِيدَینِ إِحسَاناً) خودای بەخشندە لە دووای فەرمانکردن بە پەرستشی (زاتی حەق) ئاماژەی بە دایک و باوک کردووە٫ ئەوەش گرۆڤەیەکی گرنگ و پڕ بایەخە لەوەی خودای بەخشندە، ئاڕاستەمان دەکات بەوەی ڕێز لە باوانمان بگرین و بێڕێزی نەکەین، تەنانەت بە دەربڕینی ئۆفێکیش، بۆیە یاساکانی کۆمەڵگا بە سەر بەژن و باڵای زراڤی ئەوان دا مەبڕە٫ کورد دەڵێ: (پیاو حەز دەکات کوڕەکەی لە خۆی پیاوتر بی٫ یان دەڵێن: ژن حەز دەکات کیژەکەی لە خۆی کابانتر بی) پیاوتر بە واتای سەر و سکووت و سمێڵ بابڕتر نا… یان کابانتر بە واتای دەسڕەنگین و چێشت لێنەرتر نا… بەڵکوو بە واتای لێووردە و بەڕێز و ڤیناس تر٫ بە واتای بەخشندە و دڵسۆزتر٫ بوێرتر٫ بۆیە شکاندنی کەسێتی دایک و باوک٫ لە ژێر هەر بڕوبیانوویەک٫ بەر لە هەر شتێک٫ نەنگییەکی گەورەیە بۆ خۆت٫ بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بدەی، کەسێتی لاوازی خۆت نمایش دەکەی، بۆیە با ڕێز لە دایک و باوک و تەمەنداران بگرین، بەر لەوەی خۆمان بکەوینە تەمەن و ژیان هێدی هێدی فەرامۆشمان بکاتن
سەرچاوە
٭ئایەتی ۲۳ی سوورەتی الاسراء