بورھان شێخ ڕەئوف
ئەگەر چی دزی دیاردەیەکی جیھانی یە و ھەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری دەکات لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوویشدا کە خاوەنی تواناو تەکنیکی زۆر پێشکەوتوویشن .
دزی واتە بردنی ماڵی خەڵکی تر بە نھێنی و بەبێ ئاگاداری خاوەنەکەی کە ئەمەش بە گوێرەی یاسا تاوانەو سزای قورسی لە سەرە , دزی جۆری تریشی ھەیە لەوانە گەندەڵی و فڕو فێڵ و تاڵان کردن و جەردەیی و…تد
بۆیە لەزۆربەی ئایینەکاندا بە تایبەتی ئیسلام و یەھودی بە تاوانی گەورە ئەژمار دەکرێت تەنانەت سزاکەی دەستنیشان کراوە بە دەست بڕین .
ئەوەی ١٢ ئازاری ٢٠١٩ لە سەنتەری شاری سلێمانی و بە ڕۆژی ڕووناک ڕوویدا دزین و ڕفاندنی بڕێکی زۆر لە پارە کە ملیارێک دووسەد ملێۆن دینار بوو مووچەی کارمەند و پزیشک و فەرمانبەرەکانی نەخۆشخانەی شار بوو لە سلێمانی ئەو نەخۆشخانە جوان و تازەی کە دوای ساڵانێکی زۆر بنیاتنراو دواترتەواو کرا کە یەکێک لە سیما جوان و ناوازەو خزمەتگوزارییەکانی سلێمانیە , تر س و دڵە ڕاوکێیەکی زۆر ی لە نێو خەڵکی شار بە ھەموو چین و توێژەکانی یەوە بڵاوکردەوە , ئەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوو دا دەستەڵاتی سلێمانی و دامودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس شانازییان پێوەدەکرد ئارامی و سەقامگیری بوو لەم دەڤەرەدا سەرەڕای ھەموو گلەیی و گازاندەکان , ئەم تاوانە نەگریسە ھەموو ئەو سەروەری و ئەرک و شەونخوونی و قوربانیدان و کۆڵنەدانەی ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس خستە ژێر پرسیارەوە .
بەڵام ئەوەی زۆر درێژەی نەکێشا و بۆ ماوەی کەمتر لە شازدە سەعات ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی و دژەتیرۆر و ھەموو دامو دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ئەو نیگەرانیانەیان ڕەواندەوەو تاوانبارانی ئەو تاوانە نەگریسەیان دەستگیر کرد وڕاپێچی بەردەم داداگای کردن و ھەموو پارەکەیان گەڕاندەوە بۆ نەخۆشخانەی شار . بەڵێ بە دەستھاتنی خێرای ھەموو ئەو ھێزانە لەو ماوە کورتەدا ئاماژەی دڵخۆشکەرن کە ھێزێک ھەیە پەروەردە ی دروست کراوە و خاوەنی ئاکارو دیسپلین و خەمخۆری ھاوڵاتیان و ئەوان پێمان دەڵێن ئێوە بنوون ئێمە بێدارو پاسەوانی سەروماڵی ئێوەیەن تەنھا ھاوکارمان بن چیتان دی نامۆ بوو بە داب و نەریت بە یاسا بە ئارامی ئاگادارمان بکەنەوە ئێمە چەند بە ھێزوو ھۆشیار بین ھەر پێویستمان بە کۆمەک و ھاوکاری و ڕێنوێنی ھاوڵاتیان ھەیە .
پەندەکان لەم تاوانە :
ئەوەی دەکرێت بکرێتە پەند لەم تاوانەو سوودی لێ وەر بگیرێت ئەوەیە جارێکی تر ژمێریار و فەرمانبەران و ئەو لیژنانەی کەدەچن لە بانکەکانەوە مووچە وەربگرن بە تایبەتی بڕە پارەی ئاوا زۆر نابێت و ناکرێت بە بێ پاسەوان و ھێزی تایبەتی پۆلیس و ئاسایش و ئۆتۆمبیلی تایبەت بە گواستنەوەی پارە ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدرێت و ئاوا بکرێتە پاروویەکی ئاسان بۆ تاقم و باندە دزوو چەتەکان .
لە لایەکی تریشەوە ئەم تاوانە ھۆشداری ئەوەمان پێ دەدات کە ئیتر کاتی ئەوە ھاتوو سیستمی بانکی و مووچە لە ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاری گەورەی بە سەردا بکرێت و ئەو سیستمە کۆنە کە لێرە کاری پێدەکرێت ئیتر کۆتایی پێ بھێنرێت و ھەموو ی بکرێت بە سیستمی کارتی زیرەک و کە لە ھەموو ئەو کێشەو ئاریشانە ڕزگارمان دەکات و بانکەکانیش زیندوو دەبنەوەو متمانەیان بۆ دەگەڕێتەوە.
لە ھەمان کاتدا ئەوە ی بەرپرسەکانی ئاسایش و پۆلیس ڕایانگەیاند کە تاوانبارەکان لەو تاوانبارانەن کە ئەمە جاری یەکەمیان نیە و پێشینەی زۆریان ھەیە لە ڕابردوودا لە ئەنجامدانی تاوان و کوشتن و بڕین و تێکدانی ئارامی و بێزارکردنی خەڵکی ئەم وڵاتە بۆیە پێویستە دەستەڵاتی دادوەری زۆر بە وردی و وریاییەوە یاسایان بەسەردا جێ بەجێ بکات و ھیچ ئاسانکاری و بەزەییەکی بە تاوانباری لەو جۆرەدا نەیەتەوە لە ھەمان کاتدا پێویستە دەستەڵاتی یاسادانانیش واتە پەرلەمان یاسای توند و سزای قورس دابنێن بۆ تەمبێ کردنی ھەموو تاوانبارانەو ڕێگرتن لە یاسای لێبووردنی گشتی و تایبەتی بۆ ئازادکردنی تاوانباران کە لە ساڵانی ڕابردوودا و لەز ۆر بۆنەی جیاجیا دا لیچبووردنی تایبەت و گشتی دەرکراوەو دواتر تاوانبارانیش گەڕاونەتەوە بۆ ئەنجامدانی تاوا ن .