لە ھەولێر یادی (١٠٠) ساڵەی پەیدابوونی ھونەری شانۆ لەسلێمانی کراییەوە
کامەران حاجی ئەلیاس
شانۆ ھەر لەسەرەتای لەدایک بوونی لەلایەن گریگەکانەوە ھەمیشە ناوەندێکی مەعریفی و زانستی بووە لە ھەمان کات دا فاکتەرێک بووە بۆ ھۆشیارکردنەوە جەماوەر بە جۆرێک وەکو شۆرشێک بووە دژی ستەمکاران لەم روانگەوە شانۆ ھەردەم خۆی لەبەرەی گەلدا بینیوە بە دوای خۆش گوزارانی و چێژ بەخشین بە جەماوەر بووە..
سەرھەڵدانی شانۆ لە کوردستان چەندین ھەوراز و نشێوی بەخۆییەوە بینیوە لەسەر بەرواری سەرھەڵدانی شانۆ یان یەکەمین نمایشی شانۆ لە کوردستان چەندین رای جیاواز ھەبوو بەڵام نووسەر و ڕەخنەگری شانۆ (موحسین محەمەد)، بەبەڵگە ئەوەی پشت راستکردۆتەوە کەوا شانۆگەری (سەڵاحەددینی ئەیوبی)لە نووسینی (نەجیب حەداد) لە ساڵی ١٩٢١ لە شاری ھەولێر لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا نمایش کراوە.. ھەر بە بۆنەی تێپەر بوونی (١٠٠) ساڵەی لە دایک بوونی شانۆ لەشاری ھەولێر،لە ٨ی ١٢ی ٢٠٢١ ئەم یادە بەرز راگیرا چەندین چالاکی ئەنجامدارن یەکێک لەچالاکییەکانیش بریتی بوو لە نمایش کردنی شانۆگەری (سەڵاحەددینی ئەیوبی )،لە ئامادەکردنی موحسین محەمەد و دەرھێنانی ھونەرمەند یونس عوسمان .
شاری سلێمانی مەڵبەندی ھونەر و ئەدەب لەسەردەستی (ئیبراھیم بابان)، لە ١٤ی تشرینی دووەم ساڵی ١٧٨٤ دامەزراوە ھەمیشە لە خزمەت کردن پێشەنگ بووە یەکێک لەو بوارانە ھونەری شانۆ بووە یەکەمین نمایشی شانۆ لەو شارە بە پێی سەرچاوەکان بە دیارکراوە لە ژمارە(٢٦) رۆژنامەی( ژیان) ئاماژە بەوە دەکات کە یەکەمین نمایشی شانۆیی لە ٢٧ی تەمووزی ١٩٢٦ بە ناوی (نەتیجەی سەفاھەت و سەعی) نمایش کراوە..
بەمەبەستی بەرز راگرتنی یەکەمین نمایش لە شاری سلێمانی و رێزگرتن لەو ھونەرمەندانەی کە زیاتر لە نیو سەدەیە خزمەت بە ھونەری شانۆ دەکەن..لەشاری ھەولێر، دەزگای کەلتووری یاد و گۆڤاری یەکەم چرا، لە یادی (١٠٠) ساڵەی پەیدابوونی ھونەری شانۆ لەشاری سلێمانی لەسەنتەری ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەددین ،مەراسیمێکی تایبەتیان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و حزبی وژمارەیەک لە ھونەرمەندان و ھونەردۆستان ساز کرد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە وەستان خولەکێک بە گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێکرد،ئەنجا لەلایەن ھونەرمەندان (مستەفا ئەحمەد ، عەلی ئەحمەد، گەزیزە عومەر عەلی ئەمین و ئومێد خۆشناو پارێزگای ھەولێر) مۆمی (١٠٠) ساڵەی پەیدابوونی شانۆ لە شاری سلێمانی داگیرسا ،وتاری گۆڤاری یەکەم چرا و دەزگاری کەلتووری یاد لەلایەن ھونەرمەند (روویار ئەحمەد) خوێندرایەوە ،وتاری پارێزگاری ھەولێر لەلایەن ئومێد خۆشناو پێشکەش کرا جەختی لە ڕۆڵی ھونەری شانۆ لە نێو کۆمەڵگا کردەوە ..ھەر لە ڕێوڕەسمەکەدا فیلمێکی دۆکیۆکێنتاری لەسەر (١٠٠) ساڵەی شانۆ لە سلێمانی پێشکەش کرا، پەیڤی (١٠٠) ساڵەی شانۆی سلێمانی لەلایەن ھونەرمەند (ئەحمەد سالار) پێشکەش کرا بەھۆی ئەوەی باری تەندروستی باش نەبوو لەرێگەی ڤیدیۆیەوە پەیڤەکەی پێشکەشکرا،ھەروەھا ھونەرمەندان (ڕێبین جەمال و سامان قادر) چەندین گۆرانی ڕەسەنی کوردیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
ھەر بەم بۆنەیەوە رێز لە چەندین ھونەرمەندی ئەوشارە نرا کە زیاتر لە (نیوسەدە) ، خزمەتیان بە ھونەری شانۆ کردوە ھونەرمەندەکانیش بریتی بوون لە : ھونەرمەند تەھا بابان، ھونەرمەند نەوزاد مەجید، ھونەرمەند کاوە ئەحمەد میرزا، ھونەرمەند عومەر کەریم ئاغا، ھونەرمەند عومەر دڵپاک، ھونەرمەند بەدیعە دارتاش، ھونەرمەند حیکمەت ھیندی، ھونەرمەند ئەحمەد سالار ، ھونەرمەند مستەفا ئەحمەد، ھونەرمەند جەلیل زەنگەنە، ھونەرمەند عەبدولی حەمەجان، ھونەرمەند حەمەڕەشید ھەرەس، ھونەرمەند عەتیەخان (دایکی ئاریان)، ھونەرمەند بەھادین نووری، ھونەرمەند عەلی کەریم ، ھونەرمەند ئەختەر کەریم ، ھونەرمەند محەمەد سەعید مستەفا، ھونەرمەند کامەران ڕەئوف، ھونەرمەند شەماڵی عەبەڕەش، ھونەرمەند یاسین قارد بەرزنجی، ھونەرمەند کەمال ڕەئوف ھەنجیرە، ھونەرمەند غفور عەبدوڵڵا، ھونەرمەند گەزیزە عومەر عەلی ئەمین.
ھەر لەو ڕێوڕەسمەدا ژمارە (٦) گۆڤاری یەکەم چرا کە تایبەت بوو بە شانۆ لە شاری سلێمانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.








































































Discussion about this post