لاپه‌ڕه‌ی مێژوو
دوای روخانی ئیمپراتۆریه‌تی میدی له ساڵی 550 پ.ز. خاكی كوردستان دابه‌شكراوه و له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی دیكه‌ش حوكمڕان كراوه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ دانیشتوانی كوردستان ملكه‌چ و ده‌ست له ئه‌ژنۆ دانیشتبن، به‌پێچه‌وانه‌وه به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه چه‌ندی بۆیان كرابێت مكوڕانه هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی و پاراستنی شوناس و پێگه و خاوه‌نداریه‌تی خۆیان داوه. به‌وه‌ش یاخیبوونێكی پیرۆزیان نواندووه. هه‌ر كاتێكیش بۆیان ره‌خسا بێت، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر كوردستانی گه‌وره و یه‌كگرتووشدا نه‌بووبێ ئه‌وه قه‌ڵه‌مڕه‌وی سه‌ربه‌خۆییان له شێوه‌ی قه‌واره‌ی میرنیشینی پێكهێناوه. له دوای وه‌ستانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیش كه كورد به ئاواته‌وه له ئه‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی ئاشتی ساڵی 1919 ده‌ڕوانی، وه‌ك گه‌لێكی چه‌وساوه‌ی خاك داگیركراو به‌هیوای سه‌ربه‌خۆیی و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی خۆی بوو، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته زلهێزه‌كان له‌وه‌دا بوو به پارچه پارچه‌یی بیهێلدرێتهوه و خاكه‌كه‌ی به حكومه‌ته تازه دروستبووه‌كان ببه‌سترێته‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن چه‌ندان گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ش كرانه قوربانی به‌ژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان. له‌و ساوه كورد ده‌سته‌به‌رداری سه‌ربه‌خۆیی و حكومڕانی خۆی نه‌بووه و ناشبێ. ساڵی 1922 به سه‌رۆكایه‌تی شێخ مه‌حمود له سلێمانی و ده‌ورووبه‌ری (شانشینی كوردستان) پێكهێنرا. ساڵی دواتریش له نێوان ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجانی ئه‌مڕۆ، كۆماری (كوردستانا سۆر) ی دامه‌زراند. ساڵی 1930 به سه‌رۆكایه‌تی ئیحسان نوری، پاشا (كۆماری ئارارات) و له پاشخانی جه‌نگی دووه‌می جیهانیش به سه‌رۆكایه‌تی قازی محه‌مه‌د (كۆماری كوردستان) ی له مهاباد راگه‌یاند.
كۆماری كوردستانا سۆر (یوزەیدی کوردستان) رۆژی 7 ی تەمموزی ساڵی1923 بە فەرمانی حکومەتی ئازەربایجان وه‌ك یەکەیەکی ئیداریی سەربەخۆ له‌ناو ئه‌و كۆماره‌ی قەفقاز دامه‌زرا كه ده‌كه‌وێته باکووری ڕۆژھەڵاتی کوردستانی گەورە و سێگۆشه‌ی ئه‌رمه‌نی و روسی و ئازه‌ربایجانی. ئه‌و یه‌كه‌یه ببووە خاڵی جیاکەرەوەی هەرێمی قەرەباغ و ئەرمەنستان. بڕیاری دامه‌زراندنه‌كه‌شی له‌لایەن دەسەڵاتی باڵای سۆڤییەتی لە مۆسکۆ ده‌رچوو بوو. وه‌ك به‌شێك له سیاسەتی (کۆرێنیزاتسیا) له‌ته‌ك گرنگیدان به پێشخستن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری حکومی و که‌لتووری بە زمانی خۆجێی، به‌و مه‌به‌سته‌ی ببێتە ناوەندێكی گرنگ بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدیای بۆلشهڤی لەناو کوردانی ناوچه‌كه و راكێشانی سۆزی کوردی ناو وڵاته‌كانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا، کە ئەو کات عێراق و سوریا لە ژێر ئینتیدابی به‌ریتانیا و فەرانسەدا بوون.
ناوەندی كارگێڕی ئەو یەکەیە شاری لاچین بوو كه دەکەوتە نێوان قارەباغی شاخاوی و پارێزگای سیونیکی ئەرمینیا و له كۆنهیشهوه هۆزە کوردییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون كه هه‌ندێكیان دانیشتوانی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه‌ن و مێژووی رهگداكوتانیان بۆ هه‌زاره‌ها ساڵ به‌ر له ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌شێكیشیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره سه‌فه‌وی و قاچارییهكان له ئێران و عوسمانیهكانیش له توركیا بۆ ئه‌و ناوچانه دوورخراونه‌ته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی و عوسمانی زۆر جار كوردیان به كۆمه‌ڵ له خاكی خۆیان بۆ ئه‌و دیوی قه‌فقاس و ئه‌رمینیا و توركمانستان و لوبنان و ئه‌لبانیا و چه‌ندان شوێنی دیكه‌ی دوور ده‌ربه‌ده‌ریان ده‌كرد. له هه‌ندێك باریشدا كورد له ترسی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه، ناچارییانه بۆ شوێنه دووره‌كان سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتووه. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌ین كوردانی قه‌فقاز تا ساڵی 1827 میرنشینی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بووه. ساڵی 1813 به گوێره‌ی په‌یماننامه‌ی (گولستان) ی نێوان هەردوو دەوڵەتی ئێران و ڕووسیای قه‌یسه‌ری، ئێران ئه‌و به‌شه‌ی بۆ ڕووسیای جێهێشت. هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌شه هه‌ندێك كه‌س وەک پێنجەم پارچەی کوردستانی دابەشکراو سەیری ئه‌و ناوچه‌یه دەکرێت.
قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌و كۆماره ناوچەكانی کەلباجەر و لاچین و قوبادلی و زەنگیلان و بەشێک لە جەبرائیلی لەخۆ گرتبوو. زۆرینەی کوردەکانی ناوچەکە شیعە بوون و زمانی فەرمیشی شێوه زاری کورمانجی بوو. هاوكات زمانی ئازەربایجانیشی تێدا به‌كارده‌هێنرا. ئه‌مه‌و كۆماره‌كه ئاڵای تایبه‌ت به خۆی هه‌بوو كه دوو به‌ش بوو به پانی. به‌شێكیان ره‌نگی سۆر بوو. به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش سه‌وز. به‌شه سۆره‌كه‌ی گه‌وره‌تر و له‌لای چه‌پیشی رۆژێكی زه‌رد هه‌بوو كه له‌ناویدا ئه‌ستێره‌یه‌كی بچووك و چه‌كوچ و داسی لۆگۆی كۆمونیشی ده‌بینرا. بەپێی داتاکانی ساڵی 1925 ئەو یەکە کارگێڕێیە، شەش هەرێم و 330 ئاوایی لە خۆ گرتبوو. بەپێی سەرژمێری یه‌كێتی سۆڤیەتیش لە ساڵی دواتر ژمارەی دانیشتوانی ئه‌و كۆماره (51,426) کەس بوو كه (37,182) کەسیان کورد بوون، واتا به‌ڕیژه‌ی (72،7%). و رێژه‌ی ئازه‌ربایجانیش 26،3% بوو
خوێندن و نووسینی له‌و كۆماره به کوردی و بە پیتی کریلیک بوو. به‌ڵام تا ده‌هات حكومه‌تی ئازەربایجان گرفتی زیاتری ده‌خسته به‌رده‌م كارگێڕی ئه‌و حكومه‌ته، به‌هۆیه‌وه دانیشتوانی کوردستانا سۆر به‌تایبه‌تی بۆ درێژه‌دان به خوێندن ناچاربوون بۆ ناوچەکانی سۆڤیەت و ناوچەکانی دیکەی جیهان کۆچ بکەن. هەر بۆیە ساڵ بە ساڵ ژمارەی کوردەکان کەم و ئازەرییەکانیش زیاد ده‌بوون. رۆژی 8ی نیسانی 1929 له شەشەمین کۆنگرەی سۆڤییه‌تی، ئازەربایجان چاکسازیی لە پێکهاتەی ئیداریدا پەسەند کرد و بەهۆیەوە هەموو ئوێزدەکان، لەوانەش کوردستان ئوێزد، هەڵوەشێنرانەوە. سۆڤییه‌تیش ئه‌وه‌ی پێخۆش بوو، چونكه ئه‌وسا كه‌مال ئه‌تاتورك داوای له ستالین كردبوو ئه‌و كۆماره كوردییه له‌بار به‌رێ، ئه‌وه‌بوو رۆژی 30 ی ئایاری ساڵی دواتر تا رۆژی 23 ی تهمموز لە شوێنی كۆمارا سۆریا (ئۆکروگی کوردستان) دامەزرا. ئه‌وسا سۆڤیەت به هیچ جۆرێك نەیده‌ویست پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێران تێکچێت، بۆیه ئه‌وه‌نده‌شیان به ره‌وا نه‌بینی و رۆژی 23 ی تەمموز کوردستان ئۆکروگیش هەڵوەشێنرایەوە. هه‌رچه‌نده کوردی ئه‌و حكومه‌ته به‌و بڕیاره رازی نه‌بوو. دواتر تا ده‌هات دۆخی به‌رده‌میان سه‌خت تر ده‌بوو، ساڵانی 1937 و 1938 دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت زۆربەی دانیشتوانی کوردی ئازەربایجان و ئەرمینیای بۆ کازاخستان و تورکمانستان و قرغیزستان و ئۆزبەکستان دوورخستەوە. ساڵی 1944 له كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، جۆزێف ستاڵین به زۆر کوردی جۆرجیای بۆ قەزاقستان و ئۆزبەکستان دوورخسته‌وه.
به‌و جۆره باره‌كه درێژه‌ی كێشا تا له ساڵی 1961 (مێهمەت بابایێڤ) هەوڵی دا مافەکان ده‌سته‌به‌ر بكاته‌وه، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواتریش کورده ناسیۆنالیستییەکانی سۆڤیەت هەوڵی زۆریاندا بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی کوردە دوورخراوەکان. ئه‌وه بوو ساڵی 1989 توانییان ڕێکخراوی (یەکبوون) پێكبهێنن کە ئامانجی دووبارە دامەزراندنەوەی ئۆتۆنۆمی کورد بوو. حکومەته‌كه‌ی گۆرباچۆڤیش بارێكی گونجاوی هێنابووه ئارا، به‌ڵام داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 لەلایه‌ك و هه‌وڵه دوژمنكارییه‌كانی تورکیا له‌لایه‌كی دیكه کۆتای‌یان ھێنا به بنیادنانی دەوڵەتی سه‌ربه‌خۆی کوردی لەناو یەکێتی سۆڤیەت. ساڵی دواتریش لە کاتی جەنگی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان لەسەر کۆماری (ناگۆڕنە – قەرەباخ) و دوای گرتنی لاچین لەلایەن هێزەکانی ئەرمینیا، هه‌وڵدرا بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی کوردستانا سۆر لەژێر ناوی کۆماری کوردیی لاچین به‌ڕابه‌رایه‌تی (وەکیل مستەفایێڤ)، بەڵام ئەمەش سەرکەوتوو نەبوو، بۆیه ناوبراو به‌ره‌و ئیتاڵیا سه‌ری هه‌ڵگرت.
جێگه‌ی باسه تا ئێستاش له‌باره‌ی زه‌وی كوردستانا سۆر له‌نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان کێشە هه‌یه. هه‌ردووكیان خۆیان بە خاوەنی دادەنێت، له شەڕی نێوانیشیاندا ده‌یان ھەزار سەرباز کوژراوه. بۆ ئێمه‌ی كورد کۆمارا کوردستانا سۆر، هەرچەندە تەمەنی کورت بوو، بەڵام بەشێکی گرنگە لە مێژووی نەتەوەییمان.






























































لاپه‌ڕه‌ی مێژوو












Discussion about this post