کامەران حاجی ئەلیاس
وەکو زانراوە قۆناغی منداڵی گرنگترین قۆناغەکانی ژیانی ھەر تاکێکە لە نێو کۆمەڵگادا تا ئەو ڕادەی وەکو بنەماییەکە بۆ ئەوەی کەسایەتی تاکی لەسەرپەروەردە بکرێت،ئەمیش لەرێگەی ئەو بەرکەوت و ئەو رەفتارانەی کە ئاراستەی منداڵ دەکرێن بەو ھۆیەوە شێوازێک لە ڕەفتار و ئاکاری لەلا دورست دەبێت ئەگەر منداڵ لەم قۆناغە بە شێوەیەکی تەندروست تێپەر بوو ئەوا دەبێتە خاوەن کەسایەتییەک کە لەرووی تەندروستی دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی و مەعریفی کەسێکی سەرکەتوو دەبێت،بەڵام ئەگەر بە پێچەوانە بوو ئەوا ڕوبەرووی چەندین گرفت دەبێتەوە لەگەڵی بەردەوام دەبێت تا دەگاتە قۆناغی ھەرزەکاری بەجۆرێک لەوانەیە بەدرێژایی ژیانی لەسەر ئەو شێوازە ژیان گوزەر بکات لە کۆتاییدا دەبێتە کەسێکی نەرێنی ناو کۆمەڵگا بە جۆرێک زیانی بۆ خۆی و دەوروبەرەکەشی دەبێت.
بۆ پەروەردەکردنی منداڵ جگە لە خێزان قوتابخانە فێرگەیەکی گرنگە لە ناو قوتابخانەش، شانۆی پەروەردەیی باشترین شێواز و رێگایە بۆ ئەوەی منداڵ ئاراستە بکرێت یاخود پەروەردەیەکی تەندروست بکرێت.. شانۆیی پەروەردەیی بریتییە لەو شانۆییە کە منداڵ لە ڕێگەی دەقە ئامادەکراوەکانەوە پێشکەشی دەکات و ئەم جۆرە شانۆیە دەتوانرێت بەکار بھێنرێت بۆ پێشکەشکردنی کەرەستە پەروەردەییەکان و میتۆدەکان بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش بەجۆرێک کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر منداڵ جگە لە خوێندن، لە پرۆسەی پەروەردەش ھەبێت، چونکە وەکو زانراوە وەرگر لەھەر تەمەنێک دا بێت زیاتر و باشتر لەرێگەی پراکتیکی ھەموو شتێک وەردەگرێت و لە مێشک و ھۆشی دەمێنێتەوەو لەبیری ناکات،نەوەک بە شێوەی تیۆری بەمانایەکی تر ئەگەر مامۆستایەک تەنیا بەشێوەیەکی زارەکی وانەکەی پێشکەش بە قوتابیان بکات جگە لەوەی قوتابی چێژی لێوەرناگرێت، ئەوا وانەکە وەک پێویست ناگاتە قوتابیان بەڵام ئەگەر بێت و مامۆستا وانەکەی بەشێوەی پراتیکی لە رێگەی شانۆی قوتابخانە پێشکەش بکات ئەوا قوتابی زۆر باشتر بابەتەکە وەردەگرێت چێژی لێوەردەگرێت تا ئەو رادەیەی وانەکشی لەلا خۆشەویست دەبێت، مەرجیش نییە تەنیا لەرێگەی شانۆ بێت بەڵکو مامۆستا لە ناو پۆلیشدا لە کاتی وانە ووتنەوەکەی دا دەتوانێت چەندین جووڵەو ئاماژەیەکی ھونەری لە رێگەی دەست روخسارو کەرستەی ئاسایی ناو پۆل ئەنجام بدات وەکو چەند قوتابییەک لە نێو پۆل دا بەشێوەی گروپ لە خزمەتی وانەکەیدا بەکاریان بھێنێت لەو کاتەدا وانەکە باشتر دەگاتە مێشکی قوتابی ھەردەم لە ھۆشی دەمێنیتەوەو لەبیری ناچێتەوە.
لەبەر ئەوە بۆ گۆڕینی ئاکار و خوڕەوشتی منداڵان و قوتابیان تەنیا لەرێگەی ئامۆژگاری و تیۆری نابێت،چونکە وەک پێویست وەرناگرێت ، بەڵام ئەگەر لەرێگەی شانۆ بێت وە ئەکتەرەکانیش کە شانۆیەکەپێشکەش دەکەن منداڵ و ھاوتەمەنی خۆیان بێت ئەوا زۆر باشتر زۆر خێراترپەیامەکە دەگات و کاریگەری خۆی دەبێت وە لەسەر ھەڵس وکەوتی منداڵان بەگشتی دەبێت ،لەھەمان کاتدا قوتابی ئەگەر بەشداری بێت لە شانۆیەکەدا دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەو شەرمەی ھەیەتی نەمێنێت بەڕوونی و بەبێ دوودڵی بەشداری لە وانەکان و لە ھەموو گفتۆگۆیەکدا بکات توانستی خۆی بەدیار بخات ، لە ھەمووی گرنگتر بەشداری کردنی لە شانۆ دەبێتە ھۆی ئەوەی قوتابی لە توند و تیژی و شەڕانگێزی دوور بکەوێتەوە، چونکە کاتێ بەشداری لە ھەر شانۆگەرییەک دەکات لەرێگەی ئەم شانۆییەوە ھەموو ئەو وزەیە شەڕەنگێزییە لە ناوەوەی ھەیەتی بگۆرێت بۆ خۆشەویستی و رێزگرتن لە دەوربەرەکەی.
فەلسەفەی شانۆیی پەروەردەیی وەکو فاکتەرێکی پەروەردەیی و فێرکاری لایەنی جوانی، خۆشەویستی، کەلتووری، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لەنێو قوتابیان لەخۆدەگرێت. شانۆی قوتابخانە لەوانەیە توخمەکانی شانۆیی بەکار بھێنێت لە کاری پەروەردەییدا، ھەندێک جار کارگێری قوتابخانەکان و بەرپرسان دەستبەرداری شانۆیی پەروەردەیی دەبن یاخود فەرامۆشی دەکەن بە ھەندی وەرناگرن ، بەھۆی نەبوونی ھۆڵی شانۆ لە نێو قوتابخانەدا ، یان بەھۆی کەموکورتی پەروەردەکاران و سەرپەرشتیاران کە نەیان توانیوە باوەڕ بە بەرپرسان بکەن لە گرنگی شانۆیی پەروەردەیی بۆ قوتابیان ئەوەش دەبێتە ھۆی دابین نەکردنی سەرچاوەی پێویست بۆ پێشکەش کردنی شانۆ، وەک دیکۆر و ڕووناکی و جلوبەرگ و پێداویستییەکانی تر یان لەبەر ھۆکاری دارایی لەلایەکی تریش تاوەکو ئێستا لە نێو زۆرێک لە بەرێوەبەری قوتابخانەکان وانەی پەروەردەی ھونەر بە وانەیەکی لاوەکی سەیر دەکرێت بەرێوەبەر ئەوەندەی گرنگی بە وانەکانی بیرکاری ،ئینگلیزی ، عەرەبی ، کوردردی…دەدات ئەوەندە گرنگی بە وانەی شانۆ و ھونەر بەگشتی نادات ھەرچەندە لەم دووساڵەی دوایی بەرێوەبەرایەتی پرۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان توانی میتۆدێکی باشی پەروەردەی ھونەری لەلایەن چەند مامۆستایەکی پسپۆر بۆ بازنەری یەکەم و دووەم وسێیەم دابنێت کە ھەرسێ بەش (شانۆ، شێوەکار، موزیک) لەخۆدەگرێت ئەمەش ھاوکارێکی باشە بۆ مامۆستای وانەی پەروەردەی ھونەری و بۆ قوتابیانیش چونکە زۆرجار مامۆستایانی وانەی پەروەردەی ھونەری لە قوتابخانەکان گلەیی ئەوەیان دەکرد ھیچ میتۆدێک بۆ وانەکە نییە.
ھەر کارێکی شانۆیی کە لە قوتابخانە یان لە ھەر شوێنی نمایشکردن پێشکەش دەکرێت بابەتەکانی لە کەلەپوور، واقیع، ئایین، یان ھەر سەرچاوەیەکی کەلتووری وەردەگرێت، یان ناوەڕۆکی میتۆدی پەروەردەیی بەکار دەھێنێت بۆ نمایشکردن،ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی قوتابیان حەز وئارەزووەکانیان بێتە دی،لە ھەمان کاتدا دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی قوتابیان لە خوێندن بەردەوام بن.
*بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە لێکۆڵنەوەیەکی لێکۆڵەر خاتوو (فاتیمە ئەدیب عامر) وەرگرتووە.









































































Discussion about this post