سەدیق سەعید ڕواندزی
چیڕۆک، وەک ژانڕێکی ھونەری نوێ و ھاوچەرخ، مێژووێکی درێژی نییە و سەرەتاکانی دەرکەوتنی لە ئەدەبی جیھانی، بۆ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم دەگەرێتەوە و لە ئەدەبی کوردیشدا، ھێشتا تەمەنی دەرکەوتنی ئەو ژانڕە، لە ھەشتا ساڵێک تێپەڕی نەکردووە، ئەمەش پەیوەست بە چیڕۆکی لە خەومای جەمیل سائب، بەڵام چیڕۆکی فۆلکلۆری و میللی کە دەچنە خانەی ئەدەبی سەرزارەکییەوە، مێژووەکەی بۆ ھەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و ئەم ژانڕە، تایبەتمەندییەکی نەتەوەیی جیاوازی ھەیە و چیڕۆکی میللی و حیکایەتی کۆن، ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی نەتەوە جیاوازەکانە. لەو ڕوانگەیەوە، لە ئەدەبی کوردیش، چەندین داستانی کۆن و چیڕۆکی کۆنی کوردەواری ھەن، کە تێماکانیان لە ئەفسانە و پاڵەوانسازیی و ڕووداوی خەیاڵی پێکھاتووە و تاکو ئێستاش ماونەتەوە و لایەنێکی گرنگی ئەدەبی سەرە زارەکی و نەنووسراو پێکدەھێنن، کە ھاوتەریب لەگەڵ ڕەوتی مێژوویی نەتەوەیی ئێمە، لە ڕێگەی گێڕانەوە نەوەی دوا نەوە ماونەتەوە. لێرەوەش ئێمە لە بەردەم دوو جۆر ژانڕی جیاواز داین، کە ئەوانیش چیڕۆکی میللی و کۆن، لەگەڵ چیڕۆک بە مانا ھونەرییەکەیەتی واتا چیڕۆکی نوێ و ھاوچەرخ. لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا، بە تایبەتیش لە میانەی ئەو باس و توێژینەوانەی لە بارەی چیڕۆکی ھاوچەرخی کوردی دەنووسرێن، بەردەوام ھەڵەیەکی گەورە دەکرێت ئەویش ئەوەیە، کە مێژووی سەرھەڵدانی ھەردوو ژانڕەکە تێکەڵ دەکرێت و کاتێ لە بارەی چیڕۆکی نوێوە دەدوێن، باس لەوە دەکەن کە ھەزاران ساڵە ژانڕی چیڕۆک لە ئەدەبی کوردیدا ھەیە، کە لە ڕاستیدا و بە شێوەیەکی ڕەھا، ئەم بۆچوونە زۆر ھەڵەیە، چونکە ناکرێ ئەم دوو ژانڕە تێکەڵ بکرێن. مامۆستا فەرھاد شاکەلی، لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی (گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی) چیڕۆکی نوێی کوردی، بە گێڕانەوەی مۆدێرن ناساندووە، بەمەش جۆرە دابڕانێکی مێژوویی و فەرھەنگی و زمانی لە نێوان ئەم دوو ژانڕەدا کردووە، بەو مانایەی ھەموو ئەو چیڕۆکانەی بەرلە چیڕۆکی لە خەوما و ھەروەھا ئەوانەشی لە سەرەتای سەدەی بیست نووسراون، دەچنە خانەی چیڕۆکی ھونەری نوێی کوردی و بەرلەو قۆناغە، چیڕۆکی کۆنی کوردەواری ھەیە. تەنھا مامۆستا شاکەلی، ئەو ھەڵەیەی ڕاستکردۆتەوە و درکی بەوە کردووە، کە ئەم دوو ژانڕە نابێ تێکەڵ بکرێن، کەچی بەردەوام ئەو ھەڵەیە لەلایەن توێژەران و ئەکادیمیانی بواری چیڕۆک دووبارە سەد بارە دەکرێتەوە ، کە ئەمەش جۆرێک لە ناڕوونی وپۆلێنبەندی لە دیاریکردنی مێژووی ھەردوو جۆرەکەی چیڕۆک دروست دەکات و تێکەڵکردنیان لە ڕووی مێژووییەوە ھەڵەیە، چونکە ئەم دوو جۆرەی چیڕۆک، دوو ژانڕی سەربەخۆ و جیاوازن و لە ڕووی ناوەڕۆک و تەکنیک و فۆڕمی ھونەرییەوە پەیوەندییان بە یەکترییەوە نییە.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارەی ڕۆژی ١٢/٤/٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە.































































سەدیق سەعید ڕواندزی









Discussion about this post