سەدیق سەعید ڕواندزی
دادگاییکردنی ئەدەب، کتێبێکە باس لە پرۆسەی دادگاییکردنی سێ لە دیارترین نووسەری فەرەنسی و جیھانی، لە پەراوێزی نووسینی کتێبی جیاواز و تایبەت دەکات، کە ئەوانیش ( فلوبیر ) بە ھۆی ڕۆمانی ( مەدام بۆڤاری ) و شاعیری دیار ( بۆدلێر) بە ھۆی دیوانە شیعری ( گوڵەکانی خراپە ) و ھەروەھا نێوانی ( ڤێرلین و ڕامبۆ ) کە ئەمەیان کێشەیەکی تایبەتی و کەسی و کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە نووسینەوە نییە. ھەریەک لە شاکارەکانی مەدام بۆڤاری و گوڵەکانی خراپە، بە پاساویی تێکدانی ئادابی گشتی کۆمەڵگە، ڕەوایەتیدان بە سێکسی ئازاد، خیانەتی ھاوسەرگیریی و شکاندنی ئەو نەریتە ئایینی و کلتوورییە پیرۆزانەی لەو سەردەمەدا باوبوون، دادگایی دەکرێن. بێگومان ئەم بەرھەمانە، پێچەوانەی ئەقلیەت و بیرکردنەوەی باوی ئەو کات و گوتاری نووسنی ئەو سەردەم بوونە، بۆیە لە ئاستی جەماوەریی، میللی و کۆمەڵایەتی، ئایینی، وەرناگیرێن و وەک ھەڕەشە و مەترسی بۆ سەر خێزان، پەروەردە، تاک و کۆمەڵگە دەبینرێن و لەو نێوەندەشدا، نووسەرەکانیان و ئەو دەزگا و چاپەمەنیانەشی کە ڕێگەیان بە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرھەمانە داوە، دادگایی دەکرێن، کە لە ڕاستیدا دادگایی ئەدەب و وشە نییە، بەڵکو دادگایی ھزری ئازاد، سەربەستی نووسین و یاخیبوون و جیاوازکەوتنەوەیە، لە وڵاتێک و کیشوەرێکدا کە ھەمیشە وەک ئایکۆنی پێشکەوتن و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و داھێنانی ئەدەبی و ژیاری بینراوە. ڕۆمانی مەدام بۆڤاری، باسی ژنێک دەکات بە ناوی ئیما، ئەم ژنە، مێردێکی پزیشکی ھەیە و لە نێو ڕۆتینییەکی کوشندەی ژیان دەژیت، ھاوسەرەکەی بە ھۆی ئەوەی بە پیشە پزیشکە و پزیشکەکانیش ئەرک و کاریان وەھا دەخوازێت کە بەردەوام لە نێو نەخۆش و ژینگەیەکی دوور لە سۆز و خۆشەویستی بژین و کاتەکانی ژیانیان لە نەخۆشخانە و نۆرینەگەکان بە سەر بەرن، ئیدی ئەم واقیعە کۆمەڵایەتییە، ئەم ژینگە دەروونی و خێزانییە، کاریگەریەتییەکی ڕوحی گەورەی لێ دەکات و سەرەنجام وەک تۆڵە کردنەوەیەک لە ھاوسەرەکەی، کتێبی ڕۆمانسی دەخوێنێتەوە و دەست بە ناپاکی ھاوسەری دەکات و پەیوەندی یەک بەدوای یەک لەگەڵ سێ پیاوی جیاواز، لە کات و ساتی جیادا دەبەستێت. بەو ئومێدەی ئەوان لەو دۆخە دەروونییە ڕزگاری بکەن، کەچی سەرەنجام ئەوانیش دوای تێرکردنی ئارەزووە سێکسیەکانیان جێی دێڵن. بەمەش ئەوەندەی تر ئێما، ھەست بە نائومێدی و دابڕان و گۆشەگیری دەکات و داوای ھاوکاری لە ھەردوو خۆشەویستەکەی لیۆن و رۆدلۆف دەکات، بەڵام ئەوانیش گوێی پێ نادەن. ئێما، بەو ئامانجەی لەو ژیانە بێ مانا و ڕۆتینییەی ھاوسەرەکەی دەربچێت، پەنا وەبەر ناپاکی ھاوسەری دەبات و وا ھەست دەکات ئەزموونێکی دیکەی جیاواز تاقی دەکاتەوە، کەچی لەو ئەزموونەش بەرھەمان ڕۆتینی ژیان دەکەوێت تا سەرەنجام خۆی دەکوژێت. یەکێک لەو پیاوانەی پزیشکە و ھاوسەرێکی بچووکی ھەیە، فلۆبێر تۆمەتبار دەکات بەوەی کە مەبەست لەو ژن و مێردە ئەوانن، بۆیە سکاڵای لە سەر تۆمار دەکات. ھاوکات خەڵکەکەش فلۆبێر تۆمەتبار دەکەن بە نووسینی ڕۆمانێک کە ڕەوایەتی بە ناپاکی ھاوسەری و برە و بە سێکسی ئازاد دەدات و ئادابی گشتی و پیرۆزییەکانی کەنیسە دەشکێنێت. بەم تۆمەتە دادگایی دەکرێت، بەڵام ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە کارەکتەرەکان و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەش، خەیاڵیین و پەیوەندییان بە واقیعەوە نییە. دوای چەند دانیشتنێکی دادگا، سەرەنجام دادگا بڕیاری داخستنی ئەو کەیسە دەدات و ڕەتی دەکاتەوە ڕۆمانەکە دژ بە ئاکاری گشتی بێت. دادگاییکردنی دووەمیان، لە پەراوێزی بڵاوبوونەوەی گوڵەکانی خراپەی بۆدلێری شاعیرە. تۆمەتی ئەم شاعیرە بە ھەمان شێوە ئەوەیە، کە گوایا لە چەند کۆپڵە شیعرێکی قەسیدەکەیدا، بێ ڕتووش باس لە ئەندامانی جەستەی ژن دەکات و دیمەنی پۆڕنۆیی پیشان دەدات، کە ئەمەشیان دیسانەوە ڕەوایەتیدانە بە کردار و پەیوەندی سێکسی ناڕەوا لە دەرەوەی خێزان، کە مەترسیە بۆ سەر کۆمەڵگە و ئاکارە گشتی و کۆمەڵایەتییەکان دەشکێنێت. ئەم دادگایە، بە پێ بژاردنی سێ سەد فرانک، سزای بۆدلێر دەدات و قەدەغەی ئەو کۆپڵە و دێڕە شیعرییانەش دەکات کە پەیوەندییان بە وێنە و دیمەنی سێکسی و پۆڕنۆییەوە ھەیە. بێگومان بەشێکی سەرەکی لە تۆمەتبارکردن و سزا و دادگاییکردنی ئەم دوو شاکارە، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ئەقڵی باوی لاھووتی و ئایینییەوە ھەیە، چونکە ئەو کات کلێسا ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتی لە ژیانی کۆمەڵگەی ئەوروپی بە گشتی و فەڕەنساش بە تایبەتی دەبینی. بابەتی سێیەم، پەیوەندی بە کێشەی نێوان ھەردوو شاعیری دیاری فەرەنسی و جیھانی ( ڕامبۆ و ڤێرلین ) وە ھەیە. ئەم دوو شاعیرە، بە جۆرێک مووتووی یەکتری ببوون و بە یەکەوە دەژیان، تا ئەو ڕادەیەی گومانی خراپی ئەخڵاقیان لێ بکرێت و بە چاوێکی کەم سەیریان بکرێت. ڤیرلین، خێزان و منداڵێکی ھەیە، خێزانەکەی نیگەران دەبێت لەوەی کە ھاوسەرەکەی شەوان نایەتەوە و ئەو پەیوەندییە سۆزداریی و ڕوحیە قووڵەی لەگەڵ ڕامبۆ ھەیە، بۆی لە دادگا بە فەرمی داوای جیابوونەوە لە ھاوسەرەکەی دەکات. ھاوکات لەگەڵ ئەم کێشە خێزانییەدا، ڕامبۆش بڕیار دەدات بگەڕێتەوە پاریس و جێی بێڵێت، ئیدی لە ژێر فشاری دەروونی و دۆخی ئاڵۆزی ڕوحی و ھزریدا، ڤێرلین گوللەیەک لە ژوورەکەی بە ڕامبۆوە دەنێت، بەڵام تەنھا زامدار دەبێ و دواتریش کەیسەکەیان وەک کێشەیەک دەچێتە دادگا و ڕامبۆش دەست لە کەیسەکە ھەڵدەگریت و دەی بوورێت، بەمەش دادگاییەکە کۆتایی دێت. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە، ھەر تەنھا باسکردن نییە لە قەدەغەی نووسین و بەرھەمی ئەدەبی، بەڵکو دیوێکی شاراوەی ئەم کتێبە جوانە ئەوەمان پێ دەڵێت، کە سەدە و نیوێک لەمەو بەر، لە ئەوروپا و فەڕەنسای لانکەی ئەدەب و ھونەر و پێشکەوتن، خەڵکی چۆن بیری کردۆتەوە؟ چۆن ڕوانینێکی ئایینی و لاھووتی و دواکەوتوویان ھەبووە و بە پاساوی شکاندنی نەریت و پیرۆزییەکان دژی ھزری ئازاد و بوێری نووسین و نووسەران وەستاونەتەوە. ئەم کتێبە، گوزارشت لە سەردەمێکی دواکەوتووی ھزریی و پەروەردەیی و کولتووری فەڕەنسیییەکان دەکات، کە بە پاساوی دەستگرتن بە ئایین، نۆرم و ترادیسیۆنەکان، دژی ھزری ئازاد وەستاونەتەوە و نووسەرانیان دادگایی کردووە. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە لە ئەوروپاش سەردەمێکی زۆر نییە ھزری ئازاد و نووسین و کرانەوە و پێشکەوتن ھاتوونەتە ئاراوە. دواجار دەستخۆشانە لە وەرگێڕی کتێبەکە دکتۆر ( نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد ) دەکەم، کە بە زمانێک ئەو کتێبەی وەرگێڕاوە، ھەست ناکەی وەرگێڕان بێت، بەڵکو کورداندویەتی، ئەمە وێرای ئەوەی کە کتێبەکە خۆی ناوەڕۆکێکی پڕ بەھای ھەیەو شایەنی خوێندنەوەیە .
*پەراوێز: دادگاییکردنی ئەدەب، وەرگێڕان و ئامادەکردنی : نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، بڵاوکراوەی غەزەلنووس _٢٠١٩.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە (٤١٠٠) لە ١/ ٧ /٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.









































































Discussion about this post