سەدیق سەعید ڕواندزی
ھیچ شتێک ھێندەی ژنێتی، چێژ و جوانی و ھەستی ژنانە بە ژن نادات. ئەمە بەو مانایە نا، کە ژن ئەو ژنبوونەی خۆی لە سێبەری گەورەی پیاوێکدا ببینێتەوە و پێی وابێت بۆ ئەوەی گوزارشت لەو ژنێتیەی خۆی بکات ، دەبێ پیاوێک لە ژیانی ھەبێت، بەڵکو بەو مانایەی ژن ھەست بکات خۆیەتی و ناسنامەی خۆی وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ، بێ پاشکۆ ببینێت، کە تەنێ ڕەنگدانەوەی بوونی خۆیەتی ئیدی نێرێک ھەبێت یان نا، چونکە دواجار ئەو بەرلەوەی ژن بێت، مرۆڤە و پیاوێک ھەبێت یان نا، ئەو ھەر ژنە. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، پیاوی کورد بە گشتی زۆرینەیان نازانێت پەی بەو ژنێتییە بەرێت کە لە کەسایەتی و دنیابینی و ڕوحی ژن ھەیە، بۆیە ھەر لە سەرەتاوە ئەو بەرکەوتنە خێزانییە دروست دەبێت، تا سەر دەکێشێت بە جیابوونەوە، لەوەشدا بەشێکی زۆری ئەو کێشانە، پەیوەندییان بە ھەوڵدان بۆ بە (ئەوکردن) ھەیە لە ژیانی ھاوژینیدا، کە ژن دەیەوێت، پیاوەکە وەک خۆی لێ بکات و بە پێچەوانەوەش! بۆیە لە کێشەی بچووکەوە ئاریشەی خێزانی گەورە سەر ھەڵئەدەن و ماڵەکە دەبێتە دۆزەخ و منداڵیش باجەکەی دەدات. ژن بە سرووشت، ڕۆمانسی و جوانە، چێژ لە ھەموو ئەو شتە جوانانە وەردەگرێت، کە ڕەھەندێکی ئستاتیکیان ھەیە. ژن حەزی لە ڕێکخستن و خاوێنی و ئەتەکێت و کارکردنە بە ڕێکی و زۆربەی ھەرە زۆری پیاوانیش پێچەوانەی ئەو خەسڵەتە سایکۆلۆژیانەی ژنان دەجووڵێنەوە، لەکاتێکدا دەزانن ئەمە ئەوان نیگەران دەکات. پەی بردن بەو ھەستی ژنێتییە لە ژیانی ھاوژینیدا، زۆر گرنگە و دەتوانێت ببێتە بنەمای بەردەوامی خێزانێکی سەرکەوتوو، پەروەردەیی و تەندروست، ئەمیش لە رێگەی زمانی گفتوگۆ، لە یەک گەیشتن و چوونە نێو ئەو دنیایەی ژن، کە پیاو دەتوانێت لەو پەڕی تووڕەییەوە، بە لە ئامێزگرتن و ماچێک، ھێوری بکاتەوەو نیگەرانییەکەی بڕەوێنێتەوە، بەڵام پیاوان پێچەوانەی ئەو خەسڵەتانە دەجووڵێنەوە. بۆ نموونە: ژن کاتێ بازاڕ دەکات، وەک پیاو نییە، ڕاگوزەرانە سەیری شتێک بکات و دواجار بیکڕێت ، بەڵکو ژنان، قووڵتر، نیگایانەتر، دەڕواننە کەرستە و کەلوپەلەکان و ھەوڵدەدەن، لە ڕووی ھونەریی و جوانکارییەوە شتێک بکڕن، کە لەگەڵ ژینگەی خێزانی و ماڵ و ڕێکخستنی ئەندازەیی و ھونەرییانەی ماڵەکە یەک بگرێتەوە، ئەمە وێرای ئەوەی ڕوژدیشن لە مامەڵە کردن، چونکە کەمتر دەست بڵاون، کەچی ھیچ پیاوێکی کورد نییە، ڕقی لە بازارکڕدن لەگەڵ ھاوسەرەکەی نەبێت، بێ ئەوەی ئەوەی بە خەیاڵی دابێت، کە چ چێژ و ھەستێکی جوان و خۆشە بۆھاوسەرەکەی، قۆڵی لە قۆڵی ھەڵکێشی و بە یەکەوە بژاردەی ھاوبەشیان ھەبێت. بە دەگمەن پیاوێکم بینیوە ڕقی لە بازاڕکردن لەگەڵ ژنان نەبێت، کەچی ھەمان ئەو پیاوانە بەلایانەوە ئاساییە دەیان کاتژمێر لەگەڵ ھاوڕێکانیان لە سەر گەعدە، تاوڵە، کۆنکان، تەڵقە و دۆمینە دابنیشن، کە ئەمەش نیگەرانی لای ژنان دروست دەکات و مافی خۆشیانە !
کاتێ پیاوێک، بێ ھیچ بیرکردنەوە و ھەڵوەستەیەک، سووراوی ژنەکەی بە ھۆی لێک تێنەگەیشتنێکی بچووکەوە دەشکێنێت، دەبێ بزانێت ئەو لە ناخی ژنەکەی داوەو ڕوحی بریندار کردووە، چونکە لە ڕاستیدا ژنێتی بریندار کردووە. کەرستەکانی جوانکاری، کە بەشێکن لە سرووشتی ژنێتی و ژن چێژی لێ وەردەگرێت، پیاوان نەک دەبێ قووڵ ھەستی پێ بکەن، بەڵکو بە بڕوای من دەبێ ببنە ھاوبەشی ژنەکانیان و ئەوان ڕەنگی سوورا و مەکیاژ و جوانکاریەکانیان بۆ ھەڵبژێرن، تا ھەست بکەن ئەوان تەنھا شازادەی ھاوسەرەکانیانن، نەک بیانشکێنێت کە مایەی ئازار و خەم و نیگەرانییە بۆ ژن، کە لە وشەیەک زۆر زیاتر برینداری دەکات ! لە نێو خێزان و لە ژیانی ھاوسەریشدا، گەرچی ژیانێکی دوانەیی و ھاوبەشە، بەڵام ئەم ژیانە بەو مانایە نایەت کە ئیدی کاتێ ژنێک شوو دەکات و پیاوێک دێتە نێو ژیانی، ئیدی ژنێتی کۆتایی ھاتووە، بە پێچەوانەوە ژن و گوزارشتکردن لە ھەستی ژنێتی کە بەشێکە لە سرووشتی بایۆلۆژییانەی ژن، ھەر دەمێنن. من زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبم کە بۆچی ژنێک کە منداڵ و ھاوسەری ھەیە، کاتێ دەچێتە بازاڕ، خۆی جوان دەکات؟ بۆ نەخۆشی دەچێت میکیاژ و سووراو دەکات؟ لە ڕاستیدا ئەو پرسیارانەی پیاوان، زۆر دوورن لە دنیای ژن، ناشتوانن وەڵامێکی لۆژیکیان بۆ ھەبێت چونکە خۆیان ژن نین، ژن ئەگەر لە تەمەنی ھەشتا ساڵیش بێت، ھەر خۆی وەک ژن دەبینێت و چێژ لەو ژنێتییەی وەردەگرێت و ئارەزووی لە خۆڕازاندنەوە و جوانکردن و نماییشی ژنێتی ھەیە، چونکە ئەمە دواجار سرووشتی ژنە و بەشێکە لە سایکۆلۆژیا و جیھانی ژنانەی ئەو، کە وەک تاکێک ئازاد و سەربەستە، لە بایەخدان بە جەستە و ڕووخساری خۆی، چونکە لە تایبەتمەندی مرۆڤەکانە. گرنگە پیاوان، قووڵ درک بە ژیانی ھاوژینی و ژنێتی لە ژندا بکەن، نەک پەنا ببەنە بەرکردەوەیەکی منداڵانەی وەک سووراو شکاندن، کە ڕەفتارێکی ھەرزەکارانەیە. سووراوی ژنەکان ھی ژنەکانە و بەشێکە لە دنیای ئەوان، بۆیە نابێ پیاو بڕوای وابێت، گەر ژنێک بووە ھاوژینی، ئیدی ئەو دەبێ تا ھەتایە ماڵئاوایی لە ژنێتی بکات و ھەموو ژیانی لە نێو ناندین بباتە سەرو سووراو نەکات، وەک ئەوەی ئەمە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا باوە، کە ژن یەکسان دەکەن و بەناندین و ئەرکەکەی تەنھا لەخزمەت پیاو و خێزان دەبینن، وەک ئەوەی ژن کارەکەر بێت. کە ئەمە تێگەیشتنێکی یەکجار ھەڵەیە لە ژیانی ھاوژینیدا.
*سەرنج/ چەند ڕۆژێک لە مەوبەر، پیاوێک لەکەرکوک، سووراوی ژنەکەی بە ھۆی دەمەقاڵێیەکەوە شکاندو ھاوژینەکەشی، سکاڵای لە سەر تۆمار کرد.










































































Discussion about this post