رەزا شـوان
کچـۆڵەی روحـسـووکی ھـیـندی (ئابـیجـیـتا گـوپـتا) لە تەمـەنی حـەوت ساڵـیـدا، وەک بچووکترین نووسـەر جیھـان بە فەرمی سێ ریکۆردی پێوانەیی جیھانیی لە نووسینی سێ پەرتـووکـدا بەدەسـتھـێـنا. ئابـیجـیتا منـداڵـێکی بەھـرەمەنـدی پەرجـۆ و ناوازەیە. بۆ بیـرۆکەی نووسـینەکانی، ئـیـلھـام لە شـتە بچـووکەکانی دەوروبـەری وەردەگرێـت.
ئابیجـیتا دەڵـێت:”مـن زۆر گـرنگی بە دەوروبـەر دەدەم. لەوانـەیە لەو کاتـەدا وشـەی ورد بۆ گـوزارشتکـردن بـۆم نەیـەن. بەڵام کاتـێک کە دەسـت بە نووسـین دەکەم، لەو کاتەدا ھـەستەکانم وشەی جـوانیان لێـدەبارێـت، دەتـوانم ئەوە بڵـێـم کە دەوروبەرم بە شـێوەیەکی زۆر، کارگەریی لەسـەر نووسـینەکانـم ھـەیە”.
ئابیجـیتا لە ساڵی (٢٠١٢) لەدایکبووە. لەگەڵ باوک و دایکـیدا، لە شاری (گازی ئاباد) لە ھیندستان دەژین. تاقانەی دایک و باوکێتی. باوکی (ئاشیش گوپتا) ژمیریاری گشتییە. دایکی (ئەنـۆپـریا گوپـتا) ئەنـدازیارە، ژنـێکی خـاوەن کاری بازرگانییە. زۆر ھـانـدەر و پاڵـپـشی ئابـیجـیـتان.
ئابیجـیتا لە تەمەنی چـوار ساڵیدا، وەک ھەر منداڵـێکی دیکە، بە فـۆنۆلـۆژیا (زانستی دەنـگەکان) ئاشنا بـوو. لەم تەمـەنەدا، دایک و باوکی سەرسام کـرد، کاتێک کە داوای پێنووس و تیانووسی لێکردن. کە دایان پێی چیرۆکێکی نووسی. ئابیجیتا کە تازە فێری کۆمەڵیک وشەی سێ و چوار پیتی ببوو، کەچی بەبێ ھەڵەی رێنووسی چـیرۆکێکی لە کـۆمەڵـێک رسـتەی کورت نـووسی. دایـک و باوک و مامۆسـتاکانی باخچـەی منـداڵان شۆک بـوون. ئەمە سەرەتای دەرخـستنی توانـای زیـرەکی و ناوازەیی ئابـیجـیـتا بـوو.
دایکی ئابیجـیتا (ئەنـۆپـریا گوپتا) دەڵـێت:” ھەمـوو دایک و باوکێک، خەونی ئەوەیان ھـەیە کە منـداڵەکانیان بناسـرێـن. ئـەم خـەونە بـۆ ئێـمە زۆر زوو ھـاتـەدی”.
ئابیجـیتا لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە، دەستی بە نووسینی کورتەچـیرۆک و ھـۆنـراوە بۆ منداڵان کرد. ئەم حەزەی لە نووسیندا تا دەھـات زیاتر پەرەیـدەسەنـد. نووسین بوو بە خولیای رۆژانەی. رۆژانەش پەرتووکی دەخوێندەوە بە تایبەتیش چیرۆک و ھـۆنـراوە. کە لە باخچـەی منـداڵانیش بـوو، لە چەنـدین پێـشبڕکێی خوێنـدنەوەدا بەشـداری کرد و لە ھەمـوویانـدا خەڵاتی یەکەمی بەدەستھـێناوە. یەکەم چـیرۆکی بە ناوی (ئامـۆژگاریی فیلەکان) ەوەیە. یەکەم ھۆنراوەشی بە ناوی (رۆژێکی خۆرگیران) ەوەیە. ھەردووکیان لە پەرتووکی یەکەمیدا نووسراون. نووسینی چـیرۆک و ھـۆنراوە لە خوێنی ئەو دایە.
ئابیجیتا گوپتا، ئاواتەخـوازە کە درێـژە بە میراتی باپیرانی بـدات. ئەو نەوەی سێیەمی دوو نـووسەر و ھـۆزانڤـانی گەورە و زۆر بەناوبانگی ھـێندستانە (راشتراکاڤی شری مایتلیجان گوپت) و (سانتکاڤی شری سیامچـاران گوپـت).
ئابیجیتا لە تەمەنی حەوت ساڵـیدا، یەکەم پەرتووکی بە ناوی (بەخـتەوەری لە ھەمـوو شوێنێک) دا، چاپکرا و بڵاوکرایەوە. کە ئەنتـۆلـۆژیـای کورتە چیرۆک و ھـۆنراوەیە، ئامانجەکەشی منـداڵانن. ئەم پەرتـووکەی لە (١٠) ھـۆنـراوە و لە (٤) کورتەچـیرۆک پـێکھـاتـووە. ھـۆنـراوەکانی بـریتـین لە: خۆشـەویستیی دایکـێک، خـوێنـدن باشـتریـن ھـاوڕێمە، ھـاوڕێی بەنرخ، دایکە زەوی، لێمان بگەڕێن با بفـڕین، …ھـتد. بابەتەکانی چـیرۆکەکانی باس لە ھـاوڕێیـەتی و خـواردنی تەنـدروسـت و مـتـمانە بەخـۆبـوونێکی زۆر دەکـەن. ئابیجـیتا گوپتا، بە بـڵاوکـردنەوەی ئەم پەرتـووکەی، ناوبـانگـێکی زۆری بەدەستھـێنا. ھەر ئەم خۆشبەختییەی لە خوێندنەوەدا، والێکرد کە ناوی پەرتووکەکەی بنێت (بەختەوەری لە ھەموو شوێنێک) ھەر خۆشی دیزاینی بەرگ و ێنەکانی کێشاون.
ئابیجـیتا گـوپـتا، کە دەستـنووسی پەرتـووکی یەکـەمی لەگـەڵ دایـکـیدا، بـرد بـۆ چەنـد دەزگایەکی چـاپ و بڵاوکردنەوە، تا تێچـووی چاپکردنی بگرنە خۆیان. ھـیچ خانەیەکی بڵاوکردنەوە ئامـادە نەبـوو بـۆی چـاپ بکەن. چونکە پێیان سەیـر بـوو، دودڵ بـوون و بـڕوایـان نەدەکرد، کە منـداڵـێکی حـەوت ساڵان بتـوانێـت پەرتـووکـێک وا بنووسـێت و وێنەکانی بکـێشێت. بەڵام کاتـێک کە دایکی قـەناعـەتی پـێکـردن، کە جـارێک بە وردی دەستنووسەکەی بخـوێـننەوە.
خاوەنی دەزگایەکی چـاپ و بڵاوکردنەوە، بە زەردەخەنـەوە، واو..! ئەو کچـە بچـووکە جوانە ئەم بابەتە جوانانەی نووسیوە. بـڕوای پێی کرد و رێکەوتن کە ئەو پەرتووکە و سێ پەرتووکی تـری داھـاتـووشی بۆ چـاپ بکەن و بڵاویـان بکەنەوە. دەزگـای چـاپ و بڵاوکراوەکە وەک بانگەشەیەکیش، ئەوەیان لەسەر بەرگی پەرتـووکەکانی نووسـیون:
“نووسـراوەکە بەبێ دەسـتکاری ھـێڵـراوتەوە بۆ ئەوەی بێتاوانییەکەی کاڵ نەبێتەوە”.
ئابیجـیتا یەکەم منداڵی ھـێندییە، کە رێکەوتنی گرێبەستی چاپکـردنی چـوار پەرتـووکی لەگەڵ دەزگایەکی چاپ و بڵاوکـردنەوەدا واژۆ کـرد. لە پەرتـووکی یەکەمی وەک مافی نووسـەر (١٠٠٠٠) روپیـیەی (پـارەی ھـینـدی) وەرگـرت.
ئابیجیتا گوپتا لەلایەن تۆماری ریکـۆردە جیھـانییەکان، وەک (بچووکترین نووسـەر لە جیھـانـدا) ناسێـندرا و ناویـان تـۆمـار کرد و بـڕوانـامەی دانپـێـنانیـان پـێـشکەش کـرد.
ھەر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، بە ھۆی بەھـرە و لێھاتوویی لە نووسینی کورتەچیرۆک و ھـۆنراوەی جـوان بۆ منـداڵان، ناویان لە پەرتووکی ریکـۆردەکانی ئاسیادا تۆمارکرد و نازناوی (گـرانـدماستەری نووسین) واتە (مامۆستای گەورەی نووسین) یان پێبەخـشی.
ئابـیجـیتا دەڵـێت:”زۆر دڵخـۆشـم بە وەرگـرتنی ئەم نـازنـاوە. دەمەوێـت دایـک و باوکـم شانازی بە نووسینەکانمەوە بکەن. حەز بە نووسین دەکەم و ھەست بە دڵخۆشی دەکەم، کاتێک کە خوێنەران لە رێگەی پەرتووک و ھـۆنراوەکانمەوە چێژ و ئیلھام وەردەگرن”
لە کاتی بڵاوبـوونەوەی پەتای (کـۆڤـید ـ ١٩) دا، کە قوتابخانەکان داخران و منـداڵان لە ماڵەوە بوون. ئابیجیتا ئەم ھەلەی قـۆستەوە و پەرتووکی دووەمی دەربارەی ئەم پەتایە نووسی، بە ناوی (بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبین) باسی لە گاریگەرییەکانی (کۆڤیدـ ١٩) لەسەر ژیـانی منـداڵان لە جیھـانـدا کردووە،. کە چۆن منداڵان رووبەرووی ئەم قـۆناغـە بوونـەتەوە. بە چاپکـردن و بـڵاوکـردنەوەی پەرتـووکی دووەمی، ھـێـندەی تر ناوبـانگی دەرکرد و وەک بچووکترین نووسەری جیھـان، ریکۆردی دووەمی جیھـانی بەدەستھـێنا. ناویـان لە لە پەرتـووکی ریکـۆردە جیھـانییەکان لە بەریتانیا تـۆمـارکـرد.
ئابیجـیتا گوپتا، لە کاتی واژۆکـردنی ئەم پەرتووکەیـدا وتی:”دڵخـۆشـم بە خـستنەبازاڕی پەرتـووکە نوێیەکەم. بە ناوی ھەمـوو ئـەو منـداڵانەی لە کاتی پەتای (کۆڤـید ـ ١٩) دا، ھەموو شتێکیان لەدەست داوە، من خەونی ئەوەم ھەیە چەندین چیرۆک و ھـۆنراوە بۆ ھانـدانی ھەمووان بنووسـم”. کاتی (کۆڤـید ـ ١٩) بۆ ئابیجـیتا کاتێکی بەرھەمدار بـوو. بـۆی بە خـێر. بەو پێیەی کە زۆربـەی نـووسینەکانی لە کاتـی ئەم پەتـایەدا نووسـیون.
پەرتـووکی سێیەمی بە ناوی (دەستپێکـردن بە شتە بچـووکەکان) بـریتییە لە کۆمەڵـێک کورتەچـیرۆک و ھـۆنـراوە. کە لە لایـەن پەرتـووکخـانەی ئـۆکسفـۆردەوە بە دیجـیـتاڵ نمایشکرا. پەرتووکەکە لە لایەن دکتۆر خاتوو (چارو وەلی خانا)ی ئەندامی کۆمیسیۆنی نـیشـتمانی ژنـانی ھـیندسـتانەوە خـرایە بـازاڕاوە.
ئابیجـیتا گوپـتا دەڵـێت:”ژیـنگەی دەوروبـەرم و تەنـانەت شـتە بچـووکەکانیـش بـۆ مـن ئیلھامبەخـشن. مـن لەسەر شـتە ئەرێنییەکان دەنووسـم. ئەوەی کە دەیبینم یان ھەستی پێـدەکەم”.
ئابیجـیتا گوپتـا، بە نووسین و بڵاوکـردنەوەی ئـەم سێ پەرتـووکەی، وەک بچووکـترین نووسەر لە جیھانـدا، لە تۆمـاری ریکـۆردی جیھـانی و لە تۆمـاری ریکـۆردی ئاسیادا، ناسێـندرا و ناویان تـۆمـارکـردووە.
بابەتەکانی پەرتـووکەکانی ئابیجـیتا، کە بە ھـەنـدێ وانە و بە رەوشـت بەرزی کۆتاییان دێـت، پەیامـێکی جـوان پێشکەش بە منـداڵانی ھـاوتـەمەنی خـۆی دەکـەن.
ئابیجیتا منداڵێکی سۆزدار و میھربانە ئەو بڕە پارەیەی کە لە پەرتووکانی بەدەستیھـێنا، زیاتر لە (٤٠٠) ھـەزار روپییەی ھـیندییە. ھەمـووی بەخـشی بە ھـەژارانی وڵاتەکەی.
ئەبیجیتا گوپتا، یەکێکە لەو پینج منداڵە پەرجۆ و ناوازەی کە لەلایەن (ئینـدیاتایمز) ەوە ھـەڵـبژێـراون. کە ھـیندستان شانـازییان پێـوە دەکـات.
ئابیجیتا، تا ئێستا پـێنج ریکـۆردی پێـوانەیی جیھـانـیی بە دەسـتھـێناوە.
ئابیجـیتا گوپـتا، لە ئێستادا خوێنـدکارە، دەرچـوو پـۆلی شەشی بنەڕەتی، لە قـوتابخـانەی بنەڕتی (پـرێـسیدیـۆم ئیـندێـراپـورام) لە شاری گازی ئابـاد ـ لە ھـینـدسـتان.
بێجگە لە ئارەزووی دڵخوازی خوێندنەوە و نووسین، خولیای وێنەکێشانە، لەگەڵ دایکی و باوکیدا سەیری فـیلم دەکات. لەگەڵ بـووکە شووشەکەی و ھـاورێکانیـدا یاری دەکات. ھـۆنراوەیەکیشی ئاوازیان بۆ دانـاوە و کراوە بە گۆرانی، لەلایـەن کۆمەڵـێک منـداڵەوە. لە رۆژی جەژنی جیھانی منداڵان لە ساڵی (٢٠٢١) دا، پێشەکەشیان کرد و تۆمارکراوە. گۆرانییەکیشی لەسەر ژینگەپارێزی، بە بۆنەی (رۆژی زەوی) یەوە نووسیوە، لە ساڵی (٢٠٢١) دا پـێشکەش کرا و تۆمارکراوە. بەرەوامیش سەردانی لای پەرتووکفرۆشەکان دەکات. دەڵـێت:” گەر نەتـازانی لە کوێـم، لەلای پەرتـووکـفـرۆشەکان دەمـدۆزنەوە”.
تا ئێستا چەنـد خەڵاتێ ناوخۆیی و نێـودەوڵەتیان پـێشکەش کـردووە. لەوانەش خـەڵاتی (گـڵوباڵ پـرۆدیگی جیھـانی ساڵی ـ ٢٠٢١) وەرگرتووە. لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، براوەی (خەڵاتی جیھـانیی منـداڵان پەرجـۆ) بـوو.
ھـیوای داھاتووی ئابیجیتا گوپتا، دەیەوێت ببێت بە پزیشک و یارمەتیی ھەژاران بدات.
دایـکی دەڵـێـت:” کچـەکـەم وتی، پـارە لـە خـەڵکی ھـەژار وەرنـاگـرم، چـونـکە پـارەی پێویـستیان نیـیە”.
ئابیجـیتا دەڵێت:”لە داھاتـوودا پەرتـووکی زۆرتـر دەنووسـم. کاتـێک کە شـتێک دەبێـتە ئارەزووت، ناتـوانیـت واز لەو ئارەزووەت بھـێنیـت. بۆیە مـن بەردەوام دەبـم. تەنانەت کاتێک کە دەشـبـم بە پـزیـشک و کاتـم کەمـتر دەبـێـت”. دەشـڵـێـت:” سەرەتا کەسـێکی باش بە و دواتـر پـزیـشک بـە”.
نەرویـج: ٢٠٢٤
Discussion about this post