ئێمە وەک بزاڤی پێشەنگ کە گرووپێک لە ڕەوەندی کوردی تاراوگەین، بە تووندی نیگەرانی و تووڕەیی خۆمان ئەخەینە ڕوو، سەبارەت بە گرتن و زیندانی کردنی هاوسەرۆک و ئەندامانی باڵای هەدەپە، ئەندام پەرلەمان و سەرۆکی شارەوانییەکان، ڕۆژنامەنووس و پارێزەر و دادوەران، داخستنی دام و دەزگا میدیاییەکان تا بە ڕاگرتن و هێرش کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبوک و تویتەر و هتد لە باکوری کوردستان و تورکیا. ئەم بار و دۆخە نالەبارە نا سەقامگیرەی حکومەتی ئەکەپە وەک پارتێکی فاشیست و ئۆردوگان وەک دیکتاتۆرێک بە سەر تورکیا بە گشتی و باکوری کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەت دایانسەپاندووە، چاوەڕوانی کارەسات و ماڵوێرانی زۆرتر و زیاتری لێ دەکرێ، وەک دیاردەیەکی سیاسی و سەربازی ئەگەر چاوی لێ بکرێ هاوشێوەی پارتی نازی ئەڵمان و هیتلەر دەچی کە یەکجار مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی نێو دەوڵەتی ،ناوچەکە، تورکیا، باکوری کوردستان.
لێرەدا ڕووی دەممان دەکەینە دەوڵەتانی هاوپەیمانی ناتۆ کە ڕاستەوخۆ سەرچاوەی هێز و تەققەمەنی و پڕ چەککردنی حکومەتی تورکیان، ئەندامەتی تورکیا بووەستێنن و پرسی دەرکردنی تورکیا بخەنە ڕۆژەڤ چونکە ئەوان دەبنە هۆکاری سەرەکی ئەو هەموو پێشێلکاری و فاشیزمەی تورکیا بەڕێوەی دەبا لە دژی هاووڵاتی سڤیل و بێ چەک، تورکیا بە ئاشکرا پشتیوانی لە داعش و گرووپە تیرۆرستییە نێودەوڵەتیەکان و مافییای نێودەوڵەتی دەکا.
داواکارین لە هەموو ناوندە باڵا دەستەکانی نێودەوڵەتی بە زووترین کات هەوڵ و توانا بخەنە گەڕ بۆ ڕاگرتنی ئەو کارەسات و تراژیدیا مرۆییەی بەڕێوەیە لە ئاکامی ئەو سیاسەتە ڕاسیست و فاشیستەی حکومەتی داسەپاوی ئەکەپە. سیاسەتێک هەموومان لە بەرامبەر بەرپرسیارەتی مێژوویی ڕادەگرێ ئەگەر ئەمڕۆ پێشی پێنەگیرێ سبەی درەنگ دەبێت.
ئێستا تورکیا لە هەموو پێشێلکارییەک لە دژی پرنسیپەکانی چاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ پرۆتۆکۆلەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ناپرینگێتەوە، مافی هاووڵاتی بوون، مافی ئازادی بیروڕا، مافی کاری سیاسی، مافی چاپەمەنی و ڕاگەیاندن ئەوەندە پێشێل دەکا و هەندەی بەرتەسک کردۆتەوە بە ڕاددەیەکە ڕەشبگیرێکی کەم وێنە لە دژی هەموو دەنگیکی ڕەخنەگر ئۆپۆزیسیۆن پەیڕەو دەکرێ.
ئێستا گرتووخانەکان پڕاو پڕ بووە لە مرۆڤی ئازادیخواز و ڕەخنەگر و ناڕازی لە سیاسەتی شکستخواردوو و فاشیستانەی حکومەتی ئاکەپە و ئۆردوگانی دیکتاتۆر.
ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی، ئازادی بۆ دەنگ و ڕەنگی ئازادیخوازانەی ڕەخنەگر، ئازادی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی نووسراو بیسراو بینراو
دەستەی ڕاگەیاندنی بزاڤی پێشەنگ
٧ نۆڤێمبەری ٢٠١٦
وێنەیەک بۆ:
تەواوی دام و دەزگای میدیایی بینراو و بیسراو خوێندراو
ئۆفیسی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
پەرلەمانی ئەورووپی
ئۆفیسی گشتی ناتۆ
کۆنگرێسی ئەمریکا
پەرلەمانی سویدی
پەرلەمانی ڕووسیا
پەرلەمانی باشوور
پەرلەمانی ڕۆژئاوای کوردستان
وەزارەتی دەرەوەی سوید
هەموو پارت و ڕکخراوە سیاسی یەکانی بەرگریکار لە پرسی کورد لە هەر کوێی دنیا