كارۆخ مەلائەسعەد: پێی وایە ئەو جارەیان بە بەراورد لەگەڵ كارەكانی پێشوتری توانیویەتی هانگاوی باشتر بهاوێت و سەركەوتووتریش بێت.
گۆرانیبیژ بەڵێن خالید لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: ” ئێستا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەلبوومێك گۆرانیم و ئێستایش زیاتر لە نیوەی كارەكانی نێو ئەو ئەلبوومەم تەواو كردووە. هاوكات یەكێك لە تراكانی سیدییە نوێیەكەم كردووە بە كلیپ و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا بڵاوی دەكەمەوە.”
لە بارەی ئەو گۆرانییەی كردوویەتییە كلیپ، دەڵێت: “هەرچی بكەی، ناونیشانی گۆرانییەكەمە و لە ئاواز و هۆنراوەی مامۆستا جەبار حەبیبـە و دابەشكردنی میوزیكەكەیش لە لایەن دیدەنـەوە بۆم ئامادە كراوە. هەروەها لە وڵاتی نەرویژ بە شێوازیكی سەركەوتووانە و كوالێتییەكی باشەوە كلیپەكەم بە ئەنجام گەیاندووە.”
گوتیشی: “پێم وایە ئەوجارەیان بەبەراورد لەگەڵ كارەكانی پێشووم توانیوومە هانگاوی باشتر بهاوێم و سەركەوتووتریش بم، ڕەنگدانەوەی ئەو سەركەوتنەیشم سوودوەرگرتنە لە كارەكانی پێشووم و شارەزاییشم پەیدا كردووە لە ڕووی تەكنیكییەكانی بواری گۆرانیچڕینەوە.”