چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
بینەرێکی زۆر لەکوردستان شەوان چاوەڕێی ھاتنی (مانو)ـی ھیندی دەکەن، کە مانوش ھات دەنگەدەنگ و ھات و ھاوار لەماڵەکان نامێنن و ھەمووان بەدیارییەوە دادەنیشن، ئەمجارە مانو چی لەبەریتانییەکان دەکات. کەناڵی کوردسات مانوی ھیندی ناساندووە، بەڵام (سڤیل) وەکو یەکەم میدیا مانوی کوردی دەناسێنێت.
ھاژە غەفور، تەمەن ٢٧ ساڵ، لەدایکبووی شاری سلێمانییە، لەبەرئەوەی دەنگی مانوی دۆبلاژکردووە، دەکرێ نازناوی (مانوی کوردی) پێ ببەخشرێت، ھەرچەندە ھاژە غەفور حەز بەچاوپێکەوتن و دەرکەوتن ناکات، بۆیە بڕیاریداوە ھیچ وێنەیەکی خۆی بڵاونەکاتەوە، بەڵام ھەر چۆنێک بێت وەڵامی چەند پرسیارێکی (سڤیل)ـی دایەوەو دوای گفتوگۆیەکی زۆریش رازی بوو چەند وێنەیەکی خۆیشی بۆ (سڤیل) بنێرێت.
ھاژە غەفور، کە دەرچووی پەیمانگای تەکنیکییە، جگە لەدرامای مانو ئەو پێشتر لەدرامای (پاشا سیجۆنی مەزن) وەکو دۆبلێر بەشداری کردووە، کە ھەر لەکەناڵی کوردسات پەخشکرا، دەڵێت “بەڵام لەدرامای شاژنی جانسی یەکەم کارم بوو، کە وەکو کارەکتەری سەرەکی بەشداری لەدرامای دۆبلاژکراودا بکەم”.
شاژنی جانسی، یەکێکە لەدراما پڕ بینەرەکانی کەناڵی ئاسمانی کوردسات. ئەو درامایە پێشتر لەچەندین کەناڵی دیکەی عەرەبی بەزمانی عەرەبی پەخشکراوە، کە درامایەکی ھیندییەو باس لەمێژووی داگیرکردنی ھیندستان لەلایەن بەریتانییەکانەوە دەکات. لە ٤٨٠ ئەڵقە پێکھاتووە، بەڵام کەناڵی کوردسات چەند ئەڵقەیەک دەکاتە یەک ئەڵقە، کە ٢٢٠ ئەڵقەی لێ دەرچووە، لەدوا ئەڵقەشدا شاژنی جانسی لاکشمیبای، ژیان لەدەست دەدات و دەمرێت.
بەڵام لاکشمیباکەی کوردی پێشتر ئەم درامایەی نەبینیوە، ھەروەھا زانیارییەکی تەواوی لەسەر مێژووی ھیندستان نەبووە، ھاژە دەڵێت “لەم درامایەدا فێری زۆرشت بووم، وەکو دۆبلێر فێربووم چۆن دەنگم بەکاربێنم، ھەروەھا ئاشنابووم بەکەلتوور و ژیانی ھیندستان، وەکو بینەریش لەبەشێک لەمێژووی ھیندستان تێگەیشتم”. ھەروەھا گوتیشی “زانیاری کەمم ھەبوو لەسەر مێژووی ھیندستان، چونکە ھیندستان مێژوویەکی زۆر گەورەی ھەیە لەھەموو جیھاندا، ھەروەھا حەزارەتێکی بەناوبانگیان ھەیە، بۆ زانیاری خۆم زۆرکات حەزم کردووە لەسەریان بخوێنمەوە”.
ھاژە ھیلاکی زۆری لەگەڵ دەنگی مانو و شاژنی جانسی لاکشمیبای بینیوە، بۆئەوەی دەنگی خۆی لەگەڵ ھەردووکیان مانو بەبچووکی و شاژنی جانسی بگونجێنێت، ئەو رۆژانە زۆر ماندوو بووە، بەڵام کارەکە بەلایەوە قورس نەبووە “چونکە بەھۆی ھەستکردن و خۆشەویستی زۆرم بۆ کارەکەم ھیچکات بەلامەوە قورس نەبوو، چونکە ھەمووکات ھەوڵی ئەوەم داوە زۆر باش کارەکتەرەکە بەرجەستە بکەم و جێگەی رەزامەندی بینەران بێت، ھەوڵێکی زۆرم داوە تاوەکو گونجاندن ھەبێ لەھەردوو کەسایەتی، مانو بەبچووکی و شاژنی جانسی”.
ھاژە غەفور زۆر سەرسامە بەشاژن لاکشمیبای و کارما و گانگادار و گۆسخان و ساکوبای، بەتایبەت شاژنی جانسی، ھاژە رووداێکی خۆش بۆ (سڤیل) دەگێڕێتەوە، کە لەکاتی دۆبلاژکردنی دەنگی مانو روویداوەو دەڵێ رۆژێک لەدیمەنێکی دراماکەدا مانو داوای لەباوکی دەکرد باوەڕی پێ بکات، منیش بەشێوەیەکی زۆر جدی چوومە ناو کەسایەتییەکە بیرم چوو وەکو نوسراوە دۆبلاژکراوەکە قسە بکەم، من بەڕاستی لێی پاڕامەوەو پێم گوت “باوکە بڕوام پێ بکە وەڵڵا دایکم بوو، وەڵڵا دایکم بوو وەڵڵا باوکە خۆی بوو”. ئەوە یادگارییە خۆشەکانەو زۆر شتی وا روویداوە.
ھاژە ھەر پێنەکەنیوە، بەڵکو چەند جارێک ئەو لەناو ستۆدیۆ گریاویشە، “زۆر جار روویداوە کە بەڕاستی گریاوم، بەتایبەت لەکاتی مردنی شازادە دامۆدار، نەمتوانی خۆم بگرم بەڕاستی گریام”.
مانوی کوردی یەکێک لەو کەسانەیە حەز بەچاوپێکەوتنی رۆژنامەکان و بڵاوبوونەوەی وێنەکانی خۆی ناکات، پێی وایە جارێ زووە خۆی بەناوبانگ بکات و لەناوبانگی خراپیش دەترسێ، بەڵام ھەر چۆنێک بێت (سڤیل) ھاژەی رازیکرد دەرکەوێت و چەند وێنەیەکی خۆیشی لە(سڤیل) بڵاوبکاتەوە.
لەبارەی خۆشاردنەوەی لەمیدیاکان ھاژە دەڵێ “لەبەرئەوەی سەرەتای کاری ھونەریمەو لەو بوارەدا نەمخوێندووەو ھیچ پێشینەیەکم نییە لەبواری شانۆ و سینەمادا، لەو باوەڕەم کە دەبێ زیاتر باوەڕم بەخۆم ھەبێ، بتوانم ئەگەر دەرکەوتم وەکو ئەکتەرێکی سەرکەوتوو و باش دەرکەوم، چونکە دەرکەوتن بەشێوەیەکی کەموکوڕی پێشینەیەکی خراپم لەسەر جێدەھێڵێت، ئەگەر ھەستم کرد بەتەواوی ئامادەم ببم بەئەکتەر، ئەوکات پێم خۆشە دەرکەوم و ناوبانگ پەیدا بکەم”.
ھاوسەرەکەی ھاژە سینەماکارەو یەکێکە لەھاندەرەکانی ئەو بۆ کاری ھونەری، بەڵام ئەو جارێ ئەکتەریش ناکات جگە لەدۆبلێری نەبێ، وەکو خۆی دەڵێ “چەند جارێک داوام لێکراوە وەکو ئەکتەر لەدرامادا بەشداری بکەم، بەڵام من سەرەتای کاری ھونەریمەو پێم خۆشە برەو بەھونەری ئێستام بدەم، کە دۆبلێرییە، خۆشحاڵم کە بتوانم ببم بەدۆبلێرێکی زۆر بەتوانا، بەڵام وەکو سینەماکار لەئێستا بیرم لێ نەکردۆتەوە”.
ئایا مانوی کوردی وەکو مانوی ھیندی ئازا و جەنگاوەرە؟ مانوی کوردی بەپێکەنینەوە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوەو دەڵێت “من تاڕادەیەکی زۆر گونجاوم لەگەڵ کەسایەتی لاکشمیبای، چونکە من ھەموو کات چاونەترسم و زۆر حەز بەئازایەتی ژنان دەکەم، قەتیش سڵ لەشتێک ناکەمەوە کە ماقوڵ بێت، بەڵی منیش وەکو لاکشمیبای ئازا و چاونەترسم و ئەوەش وایکرد دەوری ئەکتەری سەرەکی ببینم”. ھەروەھا ھاژە دەڵێت، “ئەسپسواریم کردووە، بەڵام کولتوری ئێمە شمشێربازی تێدا نییە، ئەگەر لێرە ھەبوایە حەزم دەکرد فێری بم، دەمەوێت لەژیانمدا ھەموو شتێک تاقی بکەمەوە”.
ھاژە بەپێویستی دەزانێ سوپاسی بینەرانی دراماکە و کەناڵی کوردسات بکات، کە “ھەمووکات یارمەتیدەرم بوون، بەتایبەت ھاوسەرەکەم کە زۆر ھەوڵی لەگەڵم داوە، ھەروەھا ھەردوو سەرپەرشتی گشتی کارەکە کاک سورێن و دلێو، جوانی کارەکە بەشێکە لەماندووبوونی ئەوان”.