زانا دڵشاد دزەیی: مزەفەر خۆشناو، دەرھێنەر و ئامادەکار لەکوردستان تیڤی ئاشکرایکرد، لەبەر خۆشەویستی بۆ کاری راگەیاندن، قوتابخانەی جێھێشت و وازی لەخوێندن ھێناوە و دەڵێت “بەڵام لەئێستادا بەنیازم دەست بەخوێندن بکەمەوە و تاقیکردنەوەی شەشی ئامادەیی ئەنجام بدەم”.
مزەفەر مەجید خۆشناو، تەمەن ٢٨ ساڵ، ئێستا دەرھێنەر و ئامادەکاری پرۆگرامی (کەڤاڵ)، کە پرۆگرامێکی ھونەری رۆشنبیری گشتییە، لەلایەن ھێڤی ھیوا پێشکەش دەکرێ، کە ھەموو رۆژانی یەک شەممە لەکوردستان تیڤی پەخش دەکرێ، ئەوەی جێی سەرنجە ئەم پرۆگرامە دوای ئەوە دێت کە ماوەیەکی زۆر پرۆگرامە ھونەرییەکان لەم کەناڵەدا وەستا.
لەوبارەیەوە مزەفەر خۆشناو، بە(سڤیل)ـی راگەیاند “بۆئەوەی کوردستان تیڤی بکەم بەپردێکی نێوان ھونەرمەندان و کەسایەتییەکان و پەیوەندیەک لەگەڵ ئەوان درێژە پێ بدەین و کارەکانیان لەکوردستان تیڤی رەنگ بداتەوە، من بیرۆکەی ئەم بۆ دروستبوو پرۆگرامێکی نوێ لەچوارچێوەیەکی نوێ بەبینەران ئاشنا بکەین، ئەویش گرنگیدان بەدیوەکەی تری ھونەرمەندان و کەسایەتییەکان، باسکردنی ھەندێ نەھێنی ژیانیان و ئاشکراکردنی سیفەت و تایبەتمەندیەکانی ھونەرمەندان کە پێشتر بینەران نەیزانیووە، دەرئەنجام پرۆگرامی (کەڤاڵ)ـی لێ دروستبوو”. مزەفەر خۆشناو، کە دەرھێنەر و ئامادەکاری ھەر دوو پرۆگرامی (رۆژێک لەگوند) و (رۆژانێک)ـە. ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات، لەکارکردنی خۆیدا بچووکترین رێگری لێ نەکراوە و ھیچ ھونەرمەندێکیش لەکوردستان تیڤی سانسۆر نەکراوە و گوتیشی “زیاتر لەدوانزە ساڵە لەکوردستان تیڤی کار دەکەم تائێستا بچووکترین رێگریم نەبووە لەکارکردنم، بەپێچەوانەوە ھەموو ھاوکارییەکیان کردووم، ھەروەھا دەستخۆشیان لێکردووم. لە بەرنامەکانیشم سانسۆر لەسەر ھیچ ھونەرمەندێک نەبووە، من خۆم ھونەرمەندەکان دەستنیشان دەکەم قەت نەیانگوتووە بۆچی، ھەر گوتوویانە دەستخۆش کەسایەتییەکی باشە”.
لەناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان مزەفەر خۆشناو واز لەخوێندن دێنی و پیشەی سەرەکی دەبێتە راگەیاندن و لەچەند کەناڵێک کار دەکات، بەڵام ئێستا بەنیازە دەست بەخوێندن بکاتەوە و وەکو خۆی دەڵێت “واز ھێنانم لەقوتابخانە لەبەرخاتری راگەیاندن بوو، زۆر حەزم دەکرد لەم بوارەدا پێشکەوم و لێی دانەبڕێم”.