دوای نەخۆشیەکی درێژخایەن هونەرمەندی ناوداری عێراقی (فوئاد سالم) ئەمڕۆ لە دیمەشقی پایتەخەتی سوریا بۆ دواجار لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا چاوی لێکنا.
فوئاد سالم نیوەی تەمەنی لە هەندەران بە هۆی بارودۆخی سیاسی عێراق بردۆتە سەر، لەم چەند ساڵەی دوایی بە دەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند، نەخۆشییەکەی سالم بووە هۆی لەناوچوونی خانەکانی مێشکی و دواتریش لەدەستدانی جووڵە و قسەکردنی.
لە عێراق هونەرمەند (فوئاد سالم) لە گۆرانی وتن بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لێدەکرا و چەند جارێکیش بە هۆی گۆرانی و هەڵوێستەکانی پەلکێشی زیندان کراوە و ئازاریان داوە،
بۆ دواجار ساڵی ١٩٧٧ عێراق بەرەو کوەیت بەجێدەهێڵێت، دوای چەند ساڵێک بە هۆی فشاری حکومەتی عێراقی لە وڵاتانی کەنداویش جێگەی نابێتەوە بەرەو ئەمریکا کۆچ دەکات، لەوێشەوە دوای چەند ساڵێک لە نیشتەجێبوونی جارێکی تر سەر هەڵدەگرێت ئەمجارەیان بەرەو دیمەشق و تا دوا ساتەکانی ژیانی لە دیمەشق جێگیر دەبێت.
کەس و کاری هونەرمەند لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوەی تەرمەکەی بەرەو عێراق.