زانا دڵشاد دزەیی: زۆرجار لە نێو میدیای کوردیدا باسی ئەوە کراوە کە دەشنێ بە شەکیرا سەرسامە و تەقلیدی جولە و جلوبەرگ و تەنانەت مێکاپی ئەو دەکاتەوە، تائێرە کەس لاری نییە، چونکە ھەموو کەس مافی خۆیەتی سەرسامی خۆی بۆ کەسایەتییەک
نیشان بدات، ئەو دیاردەیە نزیکەی سەدەیەکە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەری ھەڵداوە، پێش ئەویش لە رۆژئاوا ھەر ھەبووە، بەڵام لاسایکردنەوەی ئیش و کارە ھونەرییەکان و پڕۆژە خێرخوازییەکانی کەسێکی وەکو شەکیرا کە ھونەرمەندێکی جیھانییە بە راستی ئاسان نییە. کە دوو ساڵە دەشنێ دەستی پێکردووە، لە ئەنجامدانی پرۆژەی خێرخوازی ھاوشێوەی ھونەرمەندە جیھانییەکانی دنیا.
شەکیرا کۆنسێرتێک لەناو وڵاتەکەی خۆی ئەنجام دەدات داھاتەکەی یەک ملیۆن دۆلار دەبێت، ئەگەر ھاتوو لە دوورترین وڵاتی خۆی کۆنسێرت ئەنجام بدات داھاتەکەی ئەوەندەی تر بەرز دەبێتەوە، کە ساڵانە ٦٠ بۆ ٧٠ ملیۆن دۆلار داھات بە کۆنسێرتەکان و پرفرۆشتنی ئەلبوومەکەی کۆدەکاتەوە، بەڵام ساڵی پار بەھۆی لەدایکبوونی منداڵەکەی کەمترین داھاتی کۆکردەوە ئەویش بریتی بوو لە ٤٠ ملیۆن دۆلار. بەھۆیەوە ساڵانە بە ھونەرەکەی خۆیەوە شەکیرا بە سەرکەوتنێکی گەورەوە چەندان پڕۆژەی خێرخوازی لە جیھان ئەنجام دەدات، کە یەک دیناری حکومەت و کۆمپانیای تێدا نییە، تەنانەت پێکی ھاوسەریشی یەک دیناری بۆ نەخستۆتە سەر، ئەوەش وایکردووە شەکیرا رۆژ دوای رۆژ جەماوەری لە فراوابووندا بێت و خۆشەویستی خۆی بڵاوبکاتەوە، بەراستی منیش خۆشمدەوێت. بەڵام شەکیراکەی لای خۆمان (دەشنێ) تائێستا سەرکەتوو نەبووە لە فرۆشتنی ئەلبوومەکانیدا، کە نەیتوانیووە بە فرۆشتنی ئەلبوومەکانی لە نێو بازاڕدا نیوەی تێچووی ئەلبوومەکەی خۆی کۆ بکاتەوە، کە بەداخەوە زەرەر ھەمیشە بەردەگای ھونەرمەندانی کوردی گرتووە. سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای دەستپێکردنی (دەشنێ) بەکاری ھونەرییەوە بە ئێستاشەوە ھیچ کۆنسێرتێکی ئەنجام نەداوە، بەھەموو “پێوەر و خاسیەتەکان” واتا بلیت بفرۆشرێت و موزیکی گۆرانی راستەوخۆ پێشکەش بکرێ، خەڵک ئامادەیی ئەوەیان ھەبێ پارە بدەن بۆ چوونەژوورەوەی کۆنسێرتەکەی، خۆ دەرکەوتنی ھونەرمەند لەو میھرەجان و فیسیڤاڵانەی کە لە کوردستان ئەنجام دەرێن و پێیان دەگوترێت (فیستیڤاڵی جەماوەری) بەھیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی کۆنسێرت، چونکە لەم جۆرە کارانەدا ھێز و جەماوەری راستەقینەی ھونەرمەند دەرناکەوێت. ئەو ھونەرمەندە راستەقینەیە بەبێ ترس بلیت بفرۆشێت و ھەزاران ھەوادار بلیتەکەی بکڕن و قەرەبالغترین کۆنسێرت بەڕێوەبچێت.
ئایا دەشنێ دەتوانێت بلیت بفرۆشێت و پارە کۆبکاتەوە، لانی کەم زەرەر نەکات؟. کەواتە دەشنێ نە بەڕێگەی ئەلبوومەکانی، نە بە بەرێگەی کۆنسێرت نەیتوانیووە پارە کۆبکاتەوە تاوەکو بتوانێت وەکو ھونەرمەندێکی جیھانی تەمسیل بکات. لەگەڵ ئەوەشدا دەشنێ وەکو شەکیرا دوو ساڵە پڕۆژەی خێرخوازی ئەنجام دەدات! بەڵام ئەو بە پێچەوانەی شەکیرا پارەی پرۆژە خێرخوازییەکانی کۆدەکاتەوە. ئەو پارەیەی کە دەشنێ بەکاری دەھێنێ پارەی ھونەرەکەی نییە، بەڵکو پارەی حکومەت بەرێگەی کۆمپانیا وەردەگرێ کتێب بۆ منداڵان دەکرێ، دەشنێ پارە لە حکومەت وەردەگرێ قوتابخانەیەک بۆیاغ دەکاتەوە، دەشنێ پارە لە حکومەت وەردەگرێ ژینگەپارێزی ئەنجام دەدات، دەشنێ پارە لە حکومەت وەردەگرێ دیاری بە دایک و باوکانی بەساڵاچوو دەدات. دەشنێ پارە لە پارە لە حکومەت وەردەگرێ ئەلبووم و کلیپەکانی پێ ئەنجام دەدات، بۆئەوەی بمێنێتەوە، کەواتە دەشنێ لە ئەساسدا خۆی خێری پێدەکرێ چۆن دەتوانێ پرۆژەی خێرخوازی ئەنجام بدات، بەڵگەم بۆ ئەم قسەیەم تەنیا پرسیارێکە: ئەوەش ئەوەیە دەشنێ ھەمیشە ئەلبووم و کلیپی نوێ ئەنجام دەدات، لەکاتێکدا ھونەرەکەی یەک دینار داھاتی نییە، ئەی باشە دەشنێ پارەی کلیپ و ئەلبووم و جلوبەرگە مارکەکانی، پارەی پڕۆژە خێرخوازییەکانی چۆن و لە کوێ دێنێت؟ ئایا ئەگەر ھاوکاری لە حکومەت وەرنەگرێ دەتوانێ لە کاری ھونەریدا بەردەوام بێت؟
ئەمە جیاوازی پڕۆژە خێرخوازییەکانی شەکیراکەی خۆمان و شەکیرا قژزەردەکەی جیھانە، بۆیە من دەستخۆشی و ئافرەین لە دەشنێ ناکەم، کە چۆن پارە بۆ پڕۆژەی خێرخوازی وەردەگرێ و چەند بۆ خۆیەتی و چەند بۆ پرۆژەکەیە، بەڵام شەرمە بۆ بەرپرسانی حکومەتی کوردستان چەندان ساڵە پارەی خەڵکی ئەم میللەتەیان بۆ خۆیان دابەشکردووە و لەلایەکی دیکەوە بەناوی پڕۆژەی خێرخوازی پارە بە ھونەرمەندان دەدەن بەخێر و سەدەقە بیبەخشنەوە. ئەم نووسینەم ھیچ پەیوەندیەکی بەلایەنە ھونەرییەکەی “دەشنێ”ـوە نییە، لە بۆچوونەکانی پێشووی خۆشم پەشمان نیم کە بەرگریم لە دەشنێ کردووە وەکو کچێک خەونی گەورەی ھەیە ئەگەر لە ھەوڵەکان بەردەوام بێت بەجیھانی بوون مەحال نییە، بەڵام ئەویش بەدەر نییە لە رەخنە، ھیوادارم لە دڵێکی فراوانەوە لێم قبوڵ بکات.