راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
ساڵی ٢٠١٤ بۆ ھەموومان ناخۆشترین ساڵ بوو، بۆ ھونەرمەندان دووجار ناخۆش بوو، کە ساڵێکی وشک و بێ بەرھەمی ھونەری بوو، ٢٠١٤ تەنیا چوار رۆژی تێدا ماوە و ھونەرمەندانیش لەم راپۆرتەی (سڤیل) باسی ناخۆشترین رۆژی خۆیان دەکەن لەمساڵدا.
کریستاڵ و کارینا دوو خوشکی ھونەرمەند، ھەردووکیان یەک رووداو بە ناخۆشترین رووداوی ٢٠١٤ی ژیانی خۆیانی دەگێڕنەوە و کاردینا بۆ (سڤیل) دەڵێت “لەمساڵ خاڵێکی زۆر ئازیزم، خاڵێکی زۆر گەنج و جوانم لەدەستدا بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، خەم و برینی ئەم رۆژە ھەرگیز ناتوانین لەبیر بکەین، چونکە ئەم خاڵە لەجێی باوک و برا و ھەموو کەسێکمان بوو، بەداخەوە مەرگ ئەو دیوارە رەشەیە کە ناتوانین بیرۆخێنین، ئەو رۆژە ناخۆشترین رۆژی ئێمە بوو لەمساڵدا”.
کانی ھەڵەبجەیی کە ھەموو رۆژێک کەشوھەوای پێشکەش دەکرین و ئامۆژگاری دەکرین لەسەرمای زستان و نەخۆشکەوتن خۆمان بپارێزین، کەچی ئێستا ئەو خۆی نەخۆشە و گەڕاوەتەوە بۆ ھۆڵەندا و بە(سڤیل)ـی راگەیاند “ناخۆشترین رۆژی من گەڕانەوەم بۆ ھۆڵەندا و جێھێشتنی کوردستانم بوو، لەبەرئەوەی باری تەندروستیم خراپ بوو و دەبێت تاوەکو کاتێکی نادیار لەھۆڵەندا بمێنمەوە، جارێ نازانم کەی ھەولێر دەبینمەوە، ئیشەکەم لەکوردستان بەجێھێشت کە زۆر عەشقی ئیشەکەی خۆم بووم، ئەوە ناخۆشترین رۆژی من بوو”.
خانمە ئەکتەر دڵسۆز ماوەتی دەڵێت “لە شەڕی داعش ناخۆشترین رۆژم ئەوە بوو کاتێک ھەواڵی ئەوەم پێگەیشت کە ھاوڕێیەکی خۆشەویستم زۆر نزیکم لەشەڕدا شەھید بووە، زۆر تێکچووم، پاشان کە چووم بۆ نەخۆشخانە سوپاس بۆ خوا بینیم بریندارە، ھەروەھا خۆشترین رۆژیشم ئەوە بوو کە توانیم کێشم دابەزێنم و بگەم بەو ئاواتە، چونکە ئەو قەڵەویەم رێگر بوو لەبەردەم زۆر شتم”.
خانمە گۆرانیبێژی رۆژئاوای کوردستان ئالین ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ھیچ شتێک لەدایک خۆشەویستر نییە و گریانی دایک وێرانت دەکات و گوتی “کاتێک زانیم دایکم نەخۆشە بە پەلە لە ئەڵمانیاوە چووم بۆ تورکیا بردم بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەو لەبەر ئازار دەگریا، ئەو دیمەنە ھەرگیر قەت لەبیر ناکەم و لەبەرچاومە، دوای چەند ھەفتەیەک کۆچی دوایی کرد، ئێستا بریندارم و زۆریش بە ئازارم بۆ دایکم، ئەوە زۆر رۆژێکی زۆر ناخۆشبوو لەژیانم لە کە ٢٠١٤ روویدا”.
ئیشی دڵبەر قەت تەواو نابێت، ھەمیشە پڕئیش و عەجولە، بە یەک رۆژ بڕیاریدا بگەڕێتەوە کوردستان کلیپ بکات رۆژی دووەم لەکوردستان بوو، گوتی “بەڵام کارەکە نەکرا و ھەموو شتێک ھەڵوەشایەوە، خەریک بوو شێت بم، ئێستاش نازانم بۆچی ھاتمەوە و بۆچی گەڕامەوە، ئەوە رۆژە ناخۆشترین رۆژم بوو لە ٢٠١٤ کە سواری تەیارە بووم گەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا”.
ھەروەھا ھونەرمەند ماھیر ئەمین دەڵێت “ساڵی ٢٠١٤ بەگشتی بۆ ھەموو کورد ساڵێکی بەخێر بەرەکەت نەبوو، بەڵام بەپێی تەجروبەی ژیانی خۆم و پێشنیی من ھەمیشە ساڵە چووتەکان رووداوی ناخۆشتری لەساڵە تاکەکان زۆرترە بەگشتی، بەشێوەیەکی تاکە کەسیش ئەگەر باسی خۆم بکەم مردنی باوکم لەساڵە چووتەکان بوو، زۆر رووداوی تریش، خۆشم لە ساڵە تاکەکان لەدایک بوویمە”.
ئەمساڵ چاڵاکیەکی گەورە لەژیانی ھونەری ھونەرمەند میدیا حوسێن کەم بوویەوە، کە ئەوەش ناخۆشترین رۆژی میدیا حوسێن بوو، وەکو خۆی دەڵێت “شەڕی داعش بۆ ھەموومان ناخۆشە و شەھیدبوونی برا پێشمەرگەکانمان برینداری کردووین، بەڵام وەکو شەخسی خۆم ئەو رۆژەی کە موسڵ لەلایەن داعشەوە داگیرکرا سەفەرەکەمان بۆ ئێرلندا ھەڵوەشایەوە و عێراق خرایەوە لیستی رەشەوە، دەبوو ئێمە بەشداری لە فیستیڤاڵێکی گەورەی ھونەری بکەین، بەداخەوە نەکرا ئەوەش چالاکییەکی گەورە لەمن کەم کرایەوە، ئەوە یەکێک لەناخۆشترین رۆژەکانی من بوو لەمساڵدا، رەنگە شتی ناخۆشتریش ھەبێت”.
لەسەرەتای ٢٠١٤ تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە پرۆژەی کەرکووکەوە خەریک بوو، دواجار ھەر بۆی نەکرا ئەوە ناخۆشترین شتی ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیرە “پرۆژەی کەرکووک کارێکی زۆر گەورەی نەتەوەییە، دەمەوێت ھەویەی کەرکووک ئیسپاد بکەم، من زۆر ھەوڵم بۆیدا و زۆر پێیەوە ماندوو بووم و کارم زۆرم لەسەر کرد، ئاوازەکە و شیعرەکەی ئامادە کرا، کە لە مانگی یەک لە ساڵی ٢٠١٤ خەریکی بووم، بەڵام ھەر نەکرا، بەھۆی برینی بودجەی کوردستان و پاشان دروست بوونی شەڕی داعش، نەھاتنەپێشەوەی کۆمپانیاکان بۆ سپونسەری، بەداخەوە ھەر چاوم لەم کارەیە بیکەم، ئیشناڵڵا لە ٢٠١٤ دەیکەم”. ھەروەھا گوتیشی “شەھیدبوونی سێ برا و سوتانی جەرگی ئەم دایکە بەتایبەنی دایکانی شەھید بەگشتی، مردنی چەند ھونەرمەندێکی عەرەب، بەتایبەت ھونەرمەندی گەورەی لوبنانی سەباحە، زۆر دڵگران بووم ناخۆشی رۆژەکانم بوو لە٢٠١٤ چونکە سەباحە ھاوڕێم بوو و پەیوەندی لەنێوانمان ھەبوو”.
ھونەرمەند شەھێن تاڵەبانی دەڵێت “ئاوارەبوون و گرتنی شەنگال لەلایەن داعشەوە ناخۆشترین رۆژ بووە لەژیانمدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەبوو بێمەوە کوردستان کۆنسێرت بکەم بەبۆنەی ئەم شەڕەوە کارەکانمان دواخست، ئەوە دووەم ناخۆشترین رۆژم بوو کە کۆنسێرتەکەم لە ٢٠١٤ دوخرا”.