چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
دارین زانیار کوڕە کوردەکە بووەتە کوردە بەناوبانگەکەی جیھان، رۆژ دوای رۆژ ئاستی جەماوەری و کارە ھونەرییەکانی زیاتر پەرە دەسەنێت، ئەو لەوڵاتی سوید لەپێشبڕکێی پرۆگرامی (ئایدۆل) دەرکەوت و بووە جێی بایەخی بەرھەمھێنەرانی جیھانی کاتێک بینیان خاوەن توانایەکی زۆرە لەگوتنەوەی گۆرانی ئینگلیزی، ھەروەھا شیکپۆشی و روخساری گونجاوە.
دارین وەڵامی چەند پرسیارێکی (سڤیل) دەداتەوە و رایگەیاند، ئەو حەزدەکات لەراگەیاندنی کوردی چاوپێکەوتن بکرێت و ھەواڵەکانی بڵاوبکرێنەوە، چونکە وەکو خۆی دەڵێت
“بیستوومە من کوردم و گرنگی بەبابەت و مەسەلەی کوردی نادەم، ئەوە پەیوەندی بەوە ھەیە کە من لەوڵاتی سوید لەدایک بوومە و تەنیا یەکجار کوردستانم بینیووە، گۆرانییەکانم بەزمانی سویدی و ئینگلیزین، لەگەڵ ئەوەشدا دایک و باوکم پەیوەندییەکن لەنێوان من و کوردستان، چونکە ئەوان زۆرتر لەمن دەگەڕێنەوە کوردستان و لەوانەوە ھەموو شتێک دەزانم”.
ھەروەھا دارین ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بەنیازە ئامادەکاری بکات لەکوردستان کۆنسێرتی گەورەی جەماوەری ساز بکات و گوتی “ئەگەر ھەموو کارەکان بە باشی جێبەجێ بکرێت من بیرم لەوە کردۆتەوە لەکوردستانی دایک و لە ھەڵەبجە کۆنسێرتی خۆم ساز بکەم و لەنزیکەوە چاوم بە جەماوەری خۆم بکەوێت، کاتێک حەزم کرد ئەم کۆنسێرتە بکەم کە لەرێگەی دایک و باوکمەوە ئەوەم زانی کە لەکوردستان ھەواداری زۆرم ھەیە و زۆر کورد لەرێگەی تویتەر و فەیسبووک پەیوەندیم پێوە دەکەن خۆشەویستی خۆیان بۆم دەردەبڕن و ھەندێکیشیان داوا دەکەن بێمە کوردستان و لێیان نزیک بکەومەوە، ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەکات کە دەبینم وێنەی من لەپرۆفایلی خۆیان داناوە ئەوەش لەخۆشەویستیانە بۆمن”. ئەو گوتیشی “حەزدەکەم باسی ئەوەش بکەم کە لەکۆنسێرتەکانی ئەوروپام کوردێکی زۆر ئامادەی دەبن و لەنزیکەوە دەیانبینم، ھەموو ئەوانە وایان لەمن کرد بیر لەوە بکەمەوە بۆ کوردستان کۆنسێرت بکەم و یانیش کلیپێک لەوێ بکەم”.
دارین نەک خۆشەویستی کوردانە، بەڵکو ئەو لە سوید وەکو ئەستێرەیەکی خۆیان سەیری دەکەن و لەبەر ئەم خۆشەویستییەش زۆربەی دایک و باوکان منداڵەکانیان ناو دەنێن دارین، وەکو ئەو گوتی “ناوی منداڵانی ئەو وڵاتە بەناوی دارین زیادی کردووە و ساڵی ٢٠١٣ زۆرترین منداڵ نوایان لێنرا دارین، ئەوەش زۆر ھاندەرێکی گەورە بوو بۆمن کە زیاتر خۆم ماندوو بکەم و سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستبێنم و پێشکەشی ئەوانی بکەم”.
ھەروەھا دارین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە منداڵیەوە حەزی لەگۆرانی ئینگلیزی بووە، بەتایبەت سەرسامی مایکڵ جاکسن و ویستنی ھیستۆن، ھەوڵیش دەدات تادەگاتە ھەمان ئاست و زۆر گەشبینە بەداھاتووی، چونکە ئەو دەڵێت “بەشێکی زۆری گۆرانییەکانی لەلایەن بەرھەمھێنەرە بەناوبانگەکانی جیھانی دانراوە، لەگەڵ زۆرێک لەگۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی سوید و ئەمەریکی بەھاوبەشی گۆرانیم گوتووە و گۆرانییەکانم لەلایەن گۆرانیبێژانی دیکەشەوە گوتراوەتەوە، لەئەڵمانیا، روسیا، چین، کە لەمیانەی کاری ھونەریمدا چەندەھا خەڵاتی بەرزم بەدەستھێناوە، چەند جارێکیش بەشداری ڤیستیڤاڵی ھاوکاری بۆ منداڵانی ھەژارم کردووە، ھیودارم لەرێگەی ھونەرەکەمەوە بتوانم زیاتر ھاوکاری ھەموو منداڵە ھەژارەکانی کوردستان بکەم، بەتایبەت منداڵانی شەنگاڵ و کۆبانێ و ھەموو منداڵەکانی قوربانی ئەم شەڕەی کوردستان”.
دارین کوڕە کوردێکی وڵاتی سویدە، ساڵی ١٩٨٧ لەستۆکھۆلم لەدایکبووە و دایک و باوکی خەڵکی ھەڵەبجەن، دارین لەساڵی ٢٠٠٤ بەچەند گۆرانییەکی ئینگلیزی بەشداری لەپڕۆگرامی پێشبڕکێی (ldol) کرد، لەوێوە ناوبانگی دەرکرد و لەلایەن بەرمھێنەرە جیھانییەکانەوە چەندین گۆرانی بۆ ئامادەکرا، کە ئێستا خاوەن پێنج ئەلبووم و ١٤ کلیپە.
پرۆژەیەکی خۆیشی بۆ (سڤیل) ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کە گۆرانی و کلیپێک لەسەر کوردستان ئامادە دەکات و وەکو نامەیەک بۆ وڵاتی خۆرئاوا کە زیاتر پشتگیری لەکوردستان و خەڵکەکەی بکەن، بەڵام ئەو ئاماژەی بەوادەی بڵاوبوونەوەی کلیپەکەی نەکرد و تەنیا وتی “لەئێستادا کاری لەسەر دەکەین و بیرۆکە و گۆرانییەکە دەنووسینەوە”.
ئەو بۆ یەکەمجار لەدەنگی سمکۆ عەزیزەوە گوێی لەگۆرانی کوردی شێوازی ھۆرە بووە و زۆریش حەز بەموزیکی کوردی دەکات، بەڵام ئەو پێی وایە، دەتوانێ لەناو گۆرانی ئینگلیزیدا توانای ھونەری خۆی نیشاندا، کە تێیدا ئاستێکی زۆر باشی بڕیووە.
گوتیشی “دەنگ و کاری من لەگەڵ مۆسیقا و ئاوازەکانمدا زیاتر لەگەڵ موزیکی سویدی و ئینگلیزیدا رێکدەکەوێت”. کە ئەو لەسوید بووەتە دیاردەیەکی نوێ لەناو گۆرانی و موزیکی ئینگلیزیدا و زۆربەی بەرھەمھێنەرە جیھانییەکانی بواری گۆرانی کاری بۆ دەکەن.