زانا دڵشاد دزەیى : ترێ، کچە بێژەرى کەناڵى کوردسات بە (سڤیل)ـى راگەیاند، جگە لە کارى راگەیاندن حەز دەکات ئەکتەرێکى باشى سینەماش بێت، بەڵام ترێ رقى لە میوەى ترێیە و دەڵێت “ئەوەى لە ترێش دروست بکرێت نایخۆم”. ترێ بەختیار، ساڵى 1991 لە سلێمانى لە دایکبووە و خوێندکارە لەقۆناغى پێنجەمى پەیمانگاى وەرزشی، ترێ تەنیا هەشت مانگە لە کەناڵى کوردسات بە پێشکەشکردنى هەواڵە وەرزشییەکان دەستی بە کارى بێژەرى کردووە، دەڵێت “جارێ بیرم لەوە نەکردۆتەوە بەرنامە پێشکەش بکەم، چونکە لە راگەیاندن ئەزموونم زۆر نییە و کارى پێشکەشکاریش سەختە، ئەگەر بشمەوێت بەرنامە پێشکەش بکەم دەبێت بەرنامەیەکى زۆر مۆدێرن بێت”.
ترێ کە خۆى حەزى لە یارى گۆڕەپانە و دەڵێت “کچانى ئێستا حەزیان زۆر لەوەرزشکردنە، بەڵام رێگریان هەیە، من خۆم چەند کچێک دەناسم حەزیان لە وەرزشە و ماڵەوەیان رێگەیان نادەن، یان خەڵکى دەورووبەریان بوونەتە هۆکارى ئەوەى نەتوانن وەرزش بکەن”. ئەو کچە بێژەرە حەز دەکات سینەماى کوردى پێشبکەوێت، چونکە ئەو لە پەناى کارى راگەیاندنەوە زۆریش حەز دەکات کەسایەتییەکى ئەکتەرى لێ دەرچێت، “بەڵام وابزانم ئەوەش بۆ من زۆرى ماوە، چونکە هێشتا کارى ئەکتەریم تاقى نەکردۆتەوە، ئایا دەتوانم ببم بە ئەکتەر یان نا؟ بەڵام هیوایەتى منە”.
ئەو خۆى ناوى ترێیە، بەڵام بە شێوەیەک رقى لە میوەى ترێ دەبێتەوە، تەنانەت حەزى لێ نییە ناوى ترێیە، دەڵێت “زۆر زۆریش رقم لە میوەى ترێیە، شەربەتى ترێش ناخۆمەوە، حەزیشم لێ نییە ناوم ترێیە، بەڵام بۆ خەڵک پێم خۆشە ناویان ترێ بێت”.