کچە بێژەر شیفا گەردى تەمەن 23 ساڵ، رایگەیاند پرۆژەى دوو بەرنامەى ئامادە کردووە لە کەناڵى زاگرۆس پێشکەشى بکات. شیفا گەردى، یەکێک لە کچە بێژەرەکانى کەناڵى زاگرۆسە و خۆى کرمانجییە و هەندێ جاریش بە شێوەزارى سۆرانى هەواڵەکان پێشکەش دەکات، بە (سڤیل)ـى راگەیاند، ئەو ماوەیەک شیعرى دەنووسى، بەڵام ئیشى تەلەفزیۆنى وایلێکرد لەشیعر نووسین دووربکەوێتەوە، چونکە دەڵێت “دوو شتى جیاوازن”.
شیفا بەشى کۆمپیوتەرى لە پەیمانگاى تەکنیکى خوێندووە و لە کۆتایى ساڵى 2005 لە رادیۆى زاگرۆس دەستى بە کارى بێژەرى کردووە، لە لێدوانێکى بۆ (سڤیل) ئاماژە بەوە دەدات، حەزى کردووە لەمەودوا بەرنامە پێشکەش بکات و دەڵێت “پرۆژەی پێشکەشکردنى دوو بەرنامەم ئامادە کردووە، خۆشم زیاتر حەزم لە بەرنامەى کۆمەڵایەتییە، یەکێک لەوانە دامناوە چاوپێکەوتنى هەموو وەزیرەکانى حکومەتى کوردستان بکەم، ئەگەر وەزیرەکان ئامادە بن، سەبارەت بە پرۆژەکانى ئەوان و گلەیى هاوڵاتیان، کە لە ماڵپەرە تایبەتییەکەى خۆشم لە فەیسبووک بڵاومکردۆتەوە، هەر کەسێک پرسیارى هەیە لە هەر وەزیرێک دەتواننن بۆم بنێرن، بۆئەوەى راى خەڵک بگەیەنم”. هەورەها شیفا راشیگەیاند، جگە لەوە نیازى بەرنامەیەکى ئافرەتانى هەیە، کە باس لەو کێشە و توندوتیژیانە دەکات، تووشى ئافرەتانى کورد دەبنەوە، “بەڵام لەوانەیە ئەو بەرنامەیە چەند ئەڵقەیەک بێت، بەشێوەى دیکۆمێنتار، بەڵام مانگى رەمەزان زۆر ئیشى منى دواخست، چونکە بەڕۆژوو دەبووم و نەمدەتوانى ئیش بکەم”.